نووسین، لێکۆلینەوە، کاری چاک، دەبێتە هۆی هەرمانی ئەم کەسە. هیچ شتێک؛ بێ هەوڵدان نابێ. دەبێ هەوڵ بدەی؛ جا بەرهەمەکەو دەستکەوتەکەی دەبینێوە.
خوالێخۆشبوو، دکتور مستەفا خوڕڕەم دڵ، بەهۆی تەمەنی زۆر، درەنگ، لە قوتابخانە وەرگیرا؛ بەڵام ماندوونەناسانە هەوڵی بێ وچانی دا، بۆ خاوەن ئەزموون. دکتور خۆڕڕەم دڵ فرە ڕەهەند بوو. وەرگێڕێکی باش، نوسەرێکی کەم وێنە، خێرخوازێکی نەناسراو بوو، عارفێکی بێ ناو نیشان بوو. هیچکات خۆی بە زل نەزانی خۆی لە کۆمەڵەکەی جیانەکردەوە...
تەفسیری نوور
من لە ساڵی ۱۳۷۰ وە، دکتور خوڕڕەم دڵ دەناسم. بەڕاستی پیاوێکی ماندوو نەناس بوو. ئەوکاتەی لە مەهاباد، لە حوجرە، فەقێ بووم، بەڕێزیان، لە شاری سنە بوو. جار جار، دەهاتەوە زێدی و مەڵبەندی خۆی؛ واتە: مەهاباد، لە حوجرەی فەقێکان و یا لە مزگەوت بە خزمەتی دەگەیشتین. باسی لە نووسینی تەفسیرەکەی دەکرد. جارێک بەشێک لە تەفسیرەکەی کە کوپی لێ هەڵگرتبوو، نیشانی دایین، باسی لەوە کرد، کە بەم شێوەیە نوسیومەتەوە. زۆر بە ئاوات بووین، ئەم تەفسیرە چاپ بکرێ و بێتە کتێب فرۆشەکان. بۆ ئەوەی بتوانێ، ئەم کەلێنە پڕکاتەوە، چونکە ئەوکاتە، هیچ تەفسیرێک، بە زبانی فارسی بۆ ئەهلی سوننەت لە ئێران دا نەبوو؛ جگە لە تەفسیری حوسەینی، کە ئەویش هەم فارسییەکەی بۆ زۆرێک لە خۆێنەران قابیلی دەرک نەبوو، هەم چاپی پاکستان بوو و جوانیش نەدەخوێنراوە.
یەکەم چاپی (تەفسیری نوور)، ساڵی ۱۳۷۱ هاتەبازار، لە بیرمە بەر لە چاپ و بڵاو بوونەوەی تەفسیری نوور، له لایان نەشری ئیحسانەوە، لە زۆربەی کتێب فرۆشەکان پێش فرۆش کرا. زۆر باش پێشوازی لێکرا، هەم لە ئێران، هەم لە ئەفغانستان و وڵاتانی فارسی زبان، دیارە سەرەتا هێندێک هەڵەی تیکنیکی تێدابوو، بەڵام بۆ چاپەکانی تر پێیدا هاتەوە. تاکوو ئێستاکە زیاتر لە بیست کەڕەت چاپ کراوەتەوە.
تایبەتمەندێکانی تەفسیری نوور
ئەم تەفسیرە سێ بەشان دەبەرە خۆ دەگرێت:
۱ـ وەرگێرانی دەقێ قوڕئان
۲ـ تەفسیر و ڕاڤەی دەقەکە، بەشێوەیەکی زانستیانە.
۳ـ پاوەرەقی
ئهم تەفسیرە چەند بەش له خۆ دەگرێ:
ـ بەشێک ڕاڤەی ئایە بە ئایە (تفسیر بالروایە)
ـ ئاماژە بە وردەکاری ڕێزمانی (صرف و نحو)
ـ ڕاڤەی وشەی نامۆ (معنی واژگان)
ـ بۆ چوونی زانایان، سەبارەت بە هێندەک لە ئایەتەکان و هێندێک جار هۆی هاتنەخواروەی (سبب نزول) ئایەتەکە، باس دەکا.
ـ بۆ بەهێزکردنی تەفسیرەکە، لە زانستەکانی سەردەمیش کەڵکی وەرگرتووە.
دوکتور خوڕڕەم دڵ هەوڵی داوە کام ڕاڤە و تەفسیر لە لای زانایان پەسەند کراوە، داینێ.
خوالێخۆشبووی دوکتور! تەفسیری قوڕئانی بە سێ زمان، نوسیوە: ۱ـ المقتطف به زمانی عەڕەبی، لەوڵاتانی عەڕەبی زۆر بەباشی پێشوازی لێکراوە.۲ـ تەفسیر نوور بە زمانی فارسی. ۳ـ شنەی ڕەحمەت بە زمانی کوردی. دوساڵ بە شنەی ڕەحمەت وەبوو تا تەواوی کرد.
ئەم بەڕێزە، بۆ پاراستنی زمانی دایک، ساڵی ۱۳٤۷ ڕێزمان کوردی نوسیوە. بۆ دەستەواژەکان هاوتای کوردی بۆ داناوە. کە لێرە ناگونجێ باس لەو بابەتەی دوکتور بکرێ. هەر لەو ساڵەشدا کتێبی موکالەمەی کوردی نووسیوە. هەروەها سەرفی کوردی. کە ئەمە نیشانەیە لە هۆگری، بەڕێزیان بە زێد و نیشتمان و زبانەکەی.
کەسایەتی دوکتور
خوالێخۆشبوو، بەڕاستی ئەوینداری ڕێبازەکەی بوو، هیچ کات نەسرەوت. بێ وچان هەوڵی دا. هێندێک تایەتمەندی دوکتور:
۱ـ لە ژیانی دا زۆری گرینگی بە کات دەدا، هەمیشە، بۆ کاتی وانە گوتنەوەی، کاتژمێرەکی لە لای خۆ دادەنا. ئێمە کە ماوەیەک قوتابی ئەم بەڕێزە بووین. کاتژمێر دەی بەیانی دەستی دەکرد بەوانە گوتنەوە. ئەم دوو ساڵە نەم دیت ۱۰:٠٥ بێتە سەر کلاس، حەتمەن، چەند خولەک، بەر لە کاتژمێر ۱۰ دەهاتە سەر کلاسی وانە گوتنەوە.
۲ـ کۆتا بەرهەمی، وەرگێڕانی کتێبی دوازدە بەرگی (المفصل)، لە زانست فیقه دابوو کە پێش کرۆنا تەواوی کرد، دەیفەرموو ئاواتم ئەوەیە، بتوانم کتێبی (وصایاالرسول) وەرگێڕم. هەروەها پێداچوونەوەیەکیشم هەبێ بەسەر کتێبی (نماز فرمان خدا). بەداخەوه وێڕانەگەیشت.
۳ـ گەورە و چکۆلە باسیان لە تەوازووع و خۆ بە کەم گریی ئەو بەڕێزەیان دەکرد. هەر خۆی کەوشی بۆ میوانان جووت دەکرد. کاتێ دەهاتە مزگەوتێ کەوشی خەڵکی جووت دەکرد.
٤ـ پوڵ لە گیفانی ویدا خۆی ڕانەدەگرت، دەیدا بە هەژاران و فەقیران. دۆستێک دەیگێڕاوە. شەو دەرنگانێک دیتم بەشە قوربانێکەی، لە نێوان ئەو بەلەدیانەی کە شەوانە خەریکی پاک و خاوێن کردنەوەی ناوشار بوون، خۆی دابەشی دەکرد. شەقام، بەشەقام دەگەڕا و بەدزی دەیدانێ. من خۆم شاهیدم هەموو سەری مانگێ دەهاتە مزگەوتی"هەباس ئاغای" لای "حاج مەولوود برادری" میلیونێک و دوسەدی تمەنی، دەدایە، کە بیدا بە خانەی ساڵمەندان و مناڵانی بێ سەرپەرەست. هەتا ئەو چەن ڕۆژەی لە خەستەخانە، گوتبووی یەک میلیون و دوسەدم بۆ بدەن بە "حاج مەولوود" ئی ئەومانگەی بوو.
هەر دەیفەرموو هیوام وایە خوای گەورە "خانەباغێکم" لە بەهەشت داتێ. هەر کات تاریفیان کردبا، زوو قسەکەی دەگۆڕی. پێی ناخۆش بوو.
یاڕەببی خوای مێهرەبان بەبەهشتی بەرین شادی کا.