تاریخ: ۱۳۹۹/۳/۱۳
لە ئانكاڕا گەنجێکی كورد بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانیی كوردی کوژرا

لە ئانكاڕا گەنجێكی كورد بەهۆی ئەوەی لە یەكێك لە پاركەكانی ئەو شارە گوێی لە گۆرانی و میوزیكی كوردی گرتووە، لەلایەن چەند كەسێكەوە دەدرێتە بەر چەقۆ و دەمودەست گیان لەدەست داوە.

گەنجێكی كورد بەناوی (باريش چاكان) كە تەمەنی٢٠ ساڵانە، بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی و میوزیكی كوردی گرتووە كوشتوویانە.

باريش شەوی ٣١ی ٦ی ٢٠٢٠ لە ماڵەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی چووەتە دەرەوە و لە یەكێك لە پاركەكان دانیشتووە گوێی لە گۆرانی و میوزیكی كوردی گرتووە، بەڵام لەلایەن ٣ كەسەوە پەلامار دەدرێت و بە چەقۆ دەیكوژن.

تاكوو ئێستا نازانرێت ئەو سێ كەسەی "باريش"یان كوشتووە ناویان چییە، بەڵام شوێنی نیشتەجێبوونیان ئاشكرا كراوە.

لەمبارەوە عەلی نەسین مامۆستای زانكۆ لە توركیا، دەڵێت لەم وڵاتەدا جارێك بەهۆی ئەرمەنیبوون دەتكوژن و جارێك بەهۆی كوردبوون.

ئەو نیگەرانی خۆی لە كوشتنی بارش دەربڕیوە و دەڵێت چی ویژدانێكە بەهۆی گوێگرتن لە میوزیكی كوردی بەر چەقۆ بدرێت و دەمودەست گیان لە دەست بدات.