تاریخ: ۱۳۹۹/۱/۲۸
شێعری مامۆستا هاوار(عەلی حەسەنیانی) بۆ مامۆستا هێمن
 
ساقییا! ئاوڕ دەوە ئاوڕ دەوە
کۆی بزووتی هەست و بیرم گڕ دەوە
با بەرەو دەریای شیعری ڕوون بچم
جا بسوتێم و بەرەو هەر بوون بچم
گڕ لە گیانم بەردە بمکە ژیلەمۆ
تا بزانم چارەنووس بۆ وایە بۆ؟
هەر دەبێ دیلی شەوی شەوگار بم
نابێ یەک دەم من لە خەم ڕزگار بم
وا بزانم خەم لەگەڵ من هاتە دی
بۆیە تا ئەمڕۆ دەمێ خۆشیم نەدی
خەم وەها ئۆگر بە گیانی من بووە
ڕایەڵ و پۆی بوون و مانی من بووە
وەک جلە و مالۆچە خەم هاڵاوە لێم
ڕێی بزە و شادی ئەوین بەسراوە لێم
بڕکە مردووی سیس و ژاکاوم ئەمن
دڕکی ویشک و بەردەسوتاوم ئەمن
ژینی وەک من سۆزی زریانە خەمە
مەرگە، مەرگێکی درێژ و کەم کەمە
ڕێم نیە تاوێکی ڕەگ ئاژۆ بکەم
هەر لە دەوری خۆم دەبێ خەم کۆ بکەم

ساقیا بێچارە خۆم بێچارە خۆم
چاو لە دەست و چاوەڕێی ئیحسانی تۆم
تێکە بۆم ، بڕوانە کار و باری دڵ
سا بە گوێی دڵ بژنەوە هاواری دڵ
دڵ مەلێکە باڵ شکاوی دەردەدار
بێ پەڕوپۆی، بێ هومێدی بێ قەرار
چۆن بکەم باسی دڵ و هاواری دڵ؟
کوانێ کێ دێت و دەبێتە یاری دڵ؟
کوانێ یاری دڵ؟ ئەوەی دیم هەو نەبوو
چاری شێوانی دڵی من بەو نەبوو
" هر کسی از ظن خود شد یار من"
وز درون من نجست اسرار من"
هەر کەسێ دێ بەندی دڵ دەپسێنێ لێم
خوێن دەنۆشێ و جامی دڵ دەشکێنێ لێم
نایە تا باسی دڵی خەمبار کا
تێدەکۆشێ تا لە دڵ خەم بار کا

کەس نییە گوێ داتە هاواری دڵم
کەس نییە کەم کاتەوە باری دڵم
چوومە لای نەی دیم کە ئەو خۆی بێدڵە
گەرچی بنچینەی دڵ و نەی هەر گڵە
بێدڵە نەی، بێدڵ و هاواری دڵ؟
بێدڵ و دەردی دڵ و ئەسراری دڵ؟
" مشنو از نی ناله اش از بی دلی ست
ناله ی بی دل یقین بی حاصلی ست
مشنو از نی، نی نوای بی نواست
بشنو از دل ، دل حریمِ کبریاست"
هەر دڵەو ئاگای لە حاڵی دڵ هەیە
هەر دڵەو رێگای بە ماڵی دڵ هەیە

ساقییا! نازدارەکەم، دڵدارەکەم!
ئاشنای ڕۆژی ڕەش و شەوگارەکەم!
ئاسکی دڵ ناسکی خۆش ڕەوتی من!
گوێ بدە دەردی دڵی نەسرەوتی من
تۆ بە دەردم ئاشنای دڵ ناسەکەم
ئاشنای ئاوات و هیوا و تاسەکەم
" آشنا داند صدای آشنا
آری آری جان فدای آشنا"
سەردەمێکی ئەو دڵەم پڕ تین بوو
جێی پەرەستین و ئەوین و ژین بوو
ئێستا بۆتە دیلی شەمزان و کەسەر
چۆن دەتوانێ خاوەنی ژین باتە سەر
کوێرە ئەستێرەم لە بەر تیشکی هەتاو
وێشکەسوێمە، سوێم نەما بۆ چۆڕێ ئاو
خێر خوایەک کوا بە جامێ ئاوی ڕوون
ئەم هەلەش بمداتەوە مەودای بوون
تا بخوڵقێنم دوایین شینی دڵ
وێکی نێم ئەمجا کتێبی ژینی دڵ

ساقییا ڕووم تێکەوە، ڕووم تێکەوە
با بگێڕین گەرمەشینێ پێکەوە
با وەفاکانم کوان؟ ئێستا لە کوێن؟
تا بکەین سۆرانی شین و مل بە کوێن
تا بەسەرداکەین خەم و خۆ نێینە هەش
چونکە ئاوا بوو لە ئێمە ڕۆژی گەش
تێک درا، خاپوور کرا ڕووگەی ئەوین
شادی ئاوا بوو لە بستووگەی ئەوین

ساقییا بۆم تێکە بادەی ئاگرین
سەیرە دار و بەرد لەگەڵ من ناگرین
من لە ژێر دارێکی ڕووتی بێ گەڵام
بێ هومێدم، ئێستێ ئامانجی بەڵام
کوانێ" هێمن " تا بە شێعری ئاگرین
تین بدا ئاور گی کووژراوەی ئەوین
داخەکەم " هێمن" نەما " هێمن " نەما
شووشەی ئاواتم شکا پشتم چەما
شاعیری ئۆگر بە هەڵدێر و کەلان
هاودەمی لێڕ و کەژ و دوند و تەلان
ئاشقی شەوبا و شەو، بۆ شەو گەڕی
ژینی پێوا تا گەیشتە ئەوپەڕی
کۆچی کرد و رۆژی ڕەش بۆ ئێمە ما
ئەو نەما، هیوا نەما، خۆشی نەما
چۆل بڕی دەشتی ڕەقەن خۆی ڕاشەکاند
تۆزی ماندوویی بە یەکجاری تەکاند
ئاخۆ ئێستا هەڵز و بیزا و کەما
چۆن دەگێڕن شین لە بستوو و ئەستەما؟
ئێستا مەندۆک و گیاخاو و کەنێر
سوێسن و بەیبوون و شەوبۆ و شلێر
سیس و ژاکاون کە خاڵی بوو هەوار
تێک شکا ئەستۆندەکی تاوڵ و دەوار
تازە کوا ئێوارە پاییز لێڕ و کێو
زەردەیان بۆ زەردەیەکی دێتە لێو؟
یا لە دارستان کە مانگ هەڵدێ لە سوێ
کوا لە مەل " ناڵەی جودایی" دێتە گوێ؟
" سووڕی دەوران"ە کە ئێمەی تێکشکاند
داخی یارانە کە جەرگی مەی چزاند
رەمزی بوونم "سروە "یەکە جاروبار
دێت و بۆم دێنێ بەرام و بۆنی یار

خاکی ڕەش میوانی تۆیە 'هێمن"م
ئەو کەسەی نوزەی بە ئاستەم دێ منم
وا خەریکم شین دەگێڕم رۆژ و شەو
لێم حەرامە پاشی " هێمن " خورد و خەو
قەدری بگرە، توند لە ئامێزی گرە
" هێمن"ە و پاشی نەمانیش دڵگرە
کۆچی دوایی کرد شکاندی پشتمان
مات و ڕەشپۆشین ئەوێستێ گشتمان
ئارەزوومە گیان لە لەش ئازاد کەم
بێمە لای و خزمەتی ئوستاد کەم
باوەفام و سپڵە نیم ئوستادمە
بۆیە دایم هەر لە بیر و یادمە
تا بزانێ هەر وەفادارم ئەمن
لێرە بێ و لێرە نەبێ یارم ئەمن
بۆ منیش جێیەکی ڕابگرە لە لای
دێمە لای و دێمە لای و دێمە لای