هەنبانە بۆرینە وشەدانێکی "کوردی-کوردی-فارسی"یە کە تا ئێستا پتر لە دەجار چاپو بڵاوکراوەتەوەو بە چەشنێکی بەربڵاو لەلایەن جمبوورەی جەماوەریخەلک پێشوازی لێ کراوە. ئەم پێشوازییە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ناوو ناوبانگی دانەرەکەی. هۆکارگەلێکیتریش بۆ ئەم پێشوازییە پان و بەرین و هەمەلایەنەیە بوونی هەیه کە لەم وتارەدا بەکورتی دێتە بەرباس و لێدوان و تاوتوێی دەکرێ . یەکەم هۆی ئەم پێشوازییە بەربڵاوە _جیا لە ناو و ناوبانگی دانەرەکەی_ ڕادەی ڕێک و پێکی و گونجاوی هەمبەری واتایی سەروشەکان و پێکانی ڕاست و ڕێک و شیاوی مانای سەروشەکانە کە لە چەشنی هاوتای مانایی پڕبەپێستی سەروشەکاندا تۆمار کراوە. ئۆتۆریتەی زمانزانیی مامۆستا هەژار وەک زمانزانێکی بلیمەت و بێ هاوتا، هۆکارێکی تری ئەم پێشوازییە لەڕادەبەدەریە کە هەرچەند لە بنەڕەت ڕا وەک تایبەتمەندییەکی زمانناسانەی کەسایەتیی مامۆستا هەژار وێنا دەکرێ ، بەڵام بۆ بەردەنگ و خوێنەری فەرهەنگ جیا لەو لایەن و بار و بوارە زمانناسانەیە، هەروەها هێما و هەوێنی متمانەپێکراوییەکی دەروونناسانەش لە ئەژمار دێت، ئەوەی کە ناسراوترین و ئاگادارترین و لێهاتووترین کوردیزانی سەردەم ئەو وشەدانەی نووسیوە خۆی لە خۆی دا متمانەو دڵئەرخەیانییەکی لەڕادەبەر و بێمیناکو بێجێگرەوە دەدا بە خوێنەر و بەردەنگ بۆ کەڵکلێ وەرگرتنی دڵئەرخەیانانە لەم وشەدانە و لە هاوتای سەروشەکان.یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئەم پێشوازییە بێوێنەیە دەگەڕێتەوە سەر بەشی فارسی ئەم وشەدانە کە بۆ هەر سەروشەیەی لانیکەم یەک و لانی زۆر پێنج هاوتای مانایی وەک هەمبەری وشەیی سەروشە سەرەکییەکە بە فارسی تۆمار کردووە و ئەم بەشە کەڵک و بەهره و سوودێکی زۆر بە "وەرگێڕان" دەگەیەنێ وەک کەرەسە وئامێرێکی ڕێنوێنیکەر له بواری وەرگێڕانی فارسی - کوردی و کوردی-فارسی دا .
چاپی جوان و شیاوی ئەم فەرهەنگە لە لایەن وەشانخانەیەکی ناسراو و بەئەزموون و کارامە وەک "سروش" خۆی لە خۆی دا دەکرێ وەک هۆکارێک لەپەنا هۆکارە سەرەکییەکانی تر کە بوونەتە هۆی پێشوازی لەڕادەبەری بەردەنگان و خوێنەران لەم وشەدانە ، سەیر بکرێ و ئاوڕی لێ بدرێتەوە.
بەڵام ئەم وشەدانە هەڵگری تاقمێک کەم و کووڕیشە کە دەکرێ بەپەلە و بە چەشنێکی سەرپێیی و تێپەڕ ئاوا ئاوڕیان لێ بدەینەوە:
1. کەم و کووڕی لە باری ڕادەی تۆمارکردنی تێکڕا یان زۆربەی هەرە زۆری سەروشەکان ، کە تەنیا نزیک بە 60000سەروشەی تۆمار کردووە ، تا ئەو جێیەی کە تا ئێستا 3 وشەنامەی سەربەخۆ لە قەبارەی پەڕتووکی 150 و 250 و 700 لاپەڕەیی چاپ و بڵاوبوونەتەوە کە هەڵگر و لەخۆگری ئەم وشانەن کە لە هەنبانەبۆرینەدا تۆمار نەکراوەن یان جیا لەو مانایانەی تۆمارکراون ، مانای دیکەشیان هەیە یا ماناکەیان بە هەڵە لێدراوەتەوە(کە ڕادەی ئەم وشانەی بەشی دوایی زۆر کەمن) ؛
2.تۆمارکردنی ناوەتایبەتییەکان واتە "عَلَم "ـەکان ، وەک سەروشە ،کە لە ڕادە و ڕێژەش دا زۆرن و بەرچاون ؛ ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە فەرهەنگە"ئینسایکلۆپدیک" ـە کان دا و لە "زانستنامە"کان دایە کە دەکرێ و دەلوێ و دەگونجێ کە ناوەتایبەتییەکان وەک سەروشە تۆمارکەین نەک لە فەرهەنگ و وشەنامە "فیلۆلۆژیک"ـە کانی لەچەشنی هەنبانە بۆرینەدا ؛
3.ڕادەیەکی ئێجگار زۆر لەو وشانەی کە لە ئاسەواری پەخشانی مامۆستا هەژاردا هاتوون ، هەنبانە بۆرینە وەک سەروشە تۆماری نەکردوون و نەیگرتوون(جیا لەو وشانەی کە لە 3 وشەدانە ئاماژەپێکراوەکانی "حەسەن زادە" و "گەردیگلانی" و "ناهید" دا هاتوون) ؛ هەروەها وشەگەلێکی زۆر هەن کە لە ئاسەواری مامۆستا هێمن دا دەیانبینی بەڵام لە هەنبانە بۆرینەدا وەک سەروشە نەیگرتوون و نەیهێناون، هەربەوچەشنەش لە ئاسەواری زۆرێک لە شاعیرانی کلاسیک وناسراودا ؛ تەنانەت گەلێک لە وشەکانی پێشەکییەکەی هەنبانە بۆرینە ، لە ناو سەروشەکانی ئەم کتێبەدا نەهاتوون و مانا نەکراونەوە! ؛
4.تایبەتمەندیی"cross refrence" لە هەنبانە بۆرینەدا نابێندری و بوونی نییە ؛ کە بریتییە لەوە کە سەرجەم ئەو تاکوشانەی وەک هەمبەری واتایی لە بەرانبەر سەروشەکان دا داندراون وتۆمار کراون دەبێ خۆیشیان بە چەشنی سەربەخۆ لە جێی شیاو و گونجاو وەک سەروشە تۆمارکرین و مانا لێ درێنەوە ؛
5.هەنبانەبۆرینە پێداچوونەوە و ویراستی دووهەمی نییە و هەر بەو چەشنەی کە له چاپی هەوەڵ دا چاپبووە، هەر ئاوا چاپ دەکرێتەوە و چ زانیارییەکی لێ کەم و زیاد نەکراوە ؛
6.وشە بیانییەکانی وا لە زمانەکانی تر ڕا هاتوونەتە ناو زمانی کوردییەوە و ئێستا موڵکی زمانی کوردین _بەتایبەت ئەو وشە بە ڕەچەلەک عەڕەبییانە_ لە هەنبانە بۆرینەدا نەهاتوون.
7.نەبوونی جەستەی زمانی (=پیکرەی زبانی/Linguistic corpus) وەک کۆئەندامێکی زمانی گشتگیر و بەربڵاو کە پێکهاتووە لە سەرجەم دەقە زمانی و وێژەییەکانی کلاسیکی بەرهەمهاتوو لە درێژایی مێژووی ئەدەبیی ئەم زمانە و هەروەها دەقە زمانی و وێژەیی و ڕۆژنامەوانییە تۆکمە و هەڵبژاردەکانی کە وا لە مێژوویی ئەدەبی و کەلتووریی سەردەمی ئەم نەتەوەیە بەرهەم هاتووە؛ کە دەبێ لە ئیشی هەستیاری فەرهەنگنووسی دا وەک سەرینچاوە و ژێدەرێکی جێمتمانە و باوەڕپێکراوی زمانی هەم زانیاری بواری وشەنووسی و وشەناسی لێ هەڵێنجێندرێ و هەم یەکەم سەرچاوە بۆ دۆزینەوە و تۆمارکردنی ڕادە و ڕێژەی سەروشەکان لە ئەژمار بێت بۆ لێهەڵێنجانی بارستایی وشەکان و سەروشەکان. بەڵام بۆ نووسینی هەنبانە بۆرینە لەم سەرچاوە زمانییە بەربڵاو و پێویستە کەڵک وەرنەگیراوە، هەربۆیە دەکرێ جیا لەو 3 وشەنامەیەی "گەردیگلانی" و "ناهید" و "حەسەنزادە" کە پێشتر ئاماژەیان پێدرا ، سێ ئەوەندەی تر پەڕتووک و کتێبی لەخۆگری وشە و سەروشەتۆمارنەکراوەکانی ناو هەنبانەبۆرینە بنووسرێت.
8."زاراوە-لە-فرمانوەرگیڕاوەکان" و تەنانەت "زاراوە-لە-ناووەرگیراوەکان" و"زاراوە-لە-ئاوەڵناووەرگیراوەکان" و"زاراوە -لە-چاوگوەرگیراوەکان"، هەر هەموویان دەبوو وەک "ژێر-سەروشە"(=زیرمدخل/sub entry) لە وشەدانێکی ئاوادا هاتبایەن و تۆمارکرابایەن کە نەنووسراوان و وازیان لێهێندراوە.
9."فرمانە لێکدراوەکان"(=compound verb)و"فرمانە فرێزییەکان"(=phrasal verb) دەبوو وەک "ژێر-سەروشە" تۆمار کرابایەن و نووسرابایەن کە نەنووسراون و وازیان ڵێهێندراوە.
10. کاتی خۆی تایبەتمەندیی دەنگناسییسەروشەکان بە هێماکانی نێونەتەوەیی فۆنەتیک (=International Phonetic Alphbet) بۆ سەرجەم سەروشەکانی هەنبانەبۆرینە لە لایەن خاتوونێکی سنەیی ئاگادار لە زانستی زمانناسی بە ناوی خاتوو "ڕێزوان متوسسیل" وەک ئەرکێکی خۆبەخشانە و دڵسۆزانە چێ کراوە ، بەڵام لە دوا ساتەکانی چوونە ژێرچاپی هەنبانە بۆرینە، بەهۆکارێکی نەناسراو و نەنووسراو ، وازی لێ هێنراوە و سڕدراوەتەوە و بەم جۆرە هەنبانە بۆرینە بێبەش بووە لەو تایبەتمەندییە ئەرێنییە زۆر پێوێست و بەکەڵکە.
دیارە هەنبانە بۆرینە ، لەو وتارەدا ، لە بنەڕەت ڕا وەک "وشەنامە"(=Thesaurus) سەیر کراوە ، نەک وەک "فەرهەنگ"(=Dictionary) ، هەر بۆیە گەلێک توخم و بەش و تایبەتمەندی کە دەبێ "وشەدانێک هەیبێ تا وەک فەرهەنگ بناسرێ (و سروشتی یە کە هەنبانەبۆرینە وەک "وشەنامە"یەک ئەو تایبەتمەندییانەی نییە) ، لێرەدا نەهاتوونەتە باس و لێدوان.
بەڵام! تایبەتمەندییەکی تری بەهێز و ئەرێنی هەنبانەبۆرینە کە دەمهەوێ لێرەدا ئاماژی پێ بدەم و بە ئانقەست ڕامگرت بۆ کۆتایی وتاردانەکەم و دەرەنجام و ئاکامی باس و لێدوانەکەم ، تایبەتمەندیی "ڕەسەنایەتی" هەنبانەبۆرینەیه. کاتی وشەدانەکان لە پۆلێنبەندی و دابەشکارییەکی گشتی دا بە دوو چەشنی "ڕەسەن" و "ناڕەسەن" دابەشدەکرێن کە بە پێی مۆرکەکان و تایبەتمەندییە بناخەییەکانی وا لە هەنبانەبۆرینەدا وەبەرچاو دەکەون ، بەبێشک و گومان هەنبانەبۆرینە بە وشەنامەیەکی "ڕەسەن" وێنا و پێناسە دەکرێ.
"ڕەسەنایەتی" واتە ئەو چەمکەی وا لە ئینگلیسی دا پێی دەگوترێ :"originality" ، و وەک تایبەتمەندیی پێکهاتەیی و بناخەیی ئەم وشەدانانە باسی لێدەکرێ کە بۆ تۆمارکردنی وشەکان و سەروشەکان و ژێر-سەروشەکان و هەمبەرە واتاییەکانیان بە پێی ئەم "ڕەسەنایەتی"ـیە لە مێکانیزمی هاوکاتی "بەرهەمهێنان ، توێژینەوە ، دۆزینەوە و ڕۆنان" کەڵک وەرگیراوە.
مامۆستا هەژار بۆ نووسینی هەنبانەبۆرینە لەم گەنجینە و خەزێنە بیرگەیی و زمانییە کە لە زانستی زمانناسی دا پێی دەکوترێ" توانستی حاشاردراوی زمانی"یان(linguistic competence) یان "توانش زبانی" کەڵکی وەرگرتووە و بە پێی ئەم جەستە زمانییە(=linguistic corpus ) بەربڵاوەی کە له چێشکەیەکی زمانزانانەی بێهاوتا و بێوێنەوە سەرچاوە دەگرێ و لە مێشک و زەین و بیرگەی دا وەک زەریایەکی بێبن لە درێژایی ژیانی دا کوێ کردووەتەوە و پیتاندوویەتی و قاڵی کردووە ، زۆر وردبینانە و وشیارانە و بەرپرسیارانە کەڵک و بەهرە و سوودی پێویست و شیاو و گونجاوی لێوەرگرتووە . دیارە لە نەبوون و غیابی جەستەی زمانی واتە linguistic corpus وەک دیارترین و زانستیترین و بەربڵاوترین و جێمتمانەترین ژێدەر و سەرچاوە بۆ ئیشی فەرهەنگنووسی و وشەنامەنووسی ،توانستی حاشاردراوی زمانی یان "توانش زبانی" یان (linguistic competence)ـی هۆنەر و نووسەر و وێژەر و زمانزانێکی ئاوا بلیمەت و هەڵکەوتە و بێهاوتای وەک مامۆستا هەژار ، جێمتمانەترین و شیاوترین ژێدەر و سەرچاوە لە ئەژمار دێت بۆ "بەرهەمهێنان ، توێژینەوە ، دۆزینەوە و ڕۆنان"یسەروشەکان و هەمبەرەواتاییەکانی ئاوا وشەدانێک.
بەڵام ڕێک بە پێچەوانەی "هەنبانەبۆرینە"_و هەروەها "کورستان"ـی گیوی موکریانی و چوار وشەنامەکەی تری گیو و فەرهەنگی خاڵ" و فەرهەنگی زارەکی موکریان" و "فەرهەنگی ئایەتوڵڵا مەردۆخ" و "قامووسی زەبیحی " و "فەرهەنگی مێدیا"ـی پڕۆفسۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف و دوو فەڕهەنگە کوردی _ڕوسییەکەی پڕۆفسۆر قەناتی کۆردۆ (ڕووسی _سۆرانی و ڕووسی _کۆرمانجی) و فەرهەنگی ئینگلیسی _کوردی دوکتۆر حەمە ڕەشیدقەرەداخی و فەرهەنگی کوردی_ئینگلیسی دوکتۆر شەفیق قەزاز و فەرهەنگی کۆرمانجی_ئینگلیسی پڕۆفسۆر مایکڵ چایت و فەرهەنگی فەڕانسە_کوردی ئێلێکساندر ژابا و فەرهەنگی هەرمان و پێنج شەش فەرهەنگی تری گشتی کوردی ، بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری فەرهەنگەکان و وشەنامە کوردییە گشتییەکانیوا لەم سی ساڵەی دوایی چاپ وبڵاو بوونەتەوە ، لە سەرچەشنی فەرهەنگ و وشەنامەی "ناڕەسەن" لەئەژمار دێن؛ لەبەراورد لەگەڵ هەنبانە بۆرینە و ئەم وشەنامە و فەرهەنگە گشتییانەی وا ناوم هێنان. بە پێی شێوازناسی و مێتۆدۆلۆژی هەڵسەنگاندن و نرخاندنی ئەم چەشنە بەرهەمانە و لەڕووی پێوانەکان و پێوەرەکانی زانستی لێکسیکۆلۆژی و لێکسیکۆگڕافی کە دوو لقن لە لقەکانی زانستی زمانناسی کردەیی ، فەرهەنگ و وشەنامەی "ناڕەسەن" تەنیا و تەنیا بە پێی ڕەوت و مێکانیزمگەلی " لەڕوونووسینەوە و کۆپیکردن و هەڵێنجان وەرگێڕان لە ڕووی فەرهەنگەکانی تری پێشوو" بەبێ ناوهێنانی سەرچاوە/سەرچاوە سەرەکییەکان و بەبێ هیچ چەشنە "بەرهەمهێان ، توێژینەوە ، دۆزینەوە و ڕۆنان"ـێکی کە لە ڕاستی دا پێویستی بە کەڵک وەرگرتن لە جەستەی زمانیی بەربڵاو(=linguistic corpus) و کەڵکوەرگرتن لە توانستی حاشاردراوی زمانی دانەرەکەیەتی(=linguistic competence) کە قاڵبوو و ئاوێتەکراوی چێشکەی زمانزانانەی زمانزانێکی پسپۆڕ و شارەزا ولێزانە وەک مامۆستا هەژار. بەدەستەوەدان و چاپ و بڵاوکردنەوەی وشەنامە و فەرهەنگە "ناڕەسەن"ـەکان دەبێتە هۆی خوڵقاندنی بارودۆخێکی چەواشە و قێزەونی کەلتووری وا کە بە زاراوەی " پەڕتووکسازی بە هۆی ڕێگری/کتابسازی انتحالی"نێودێرکراوە و ئاماژەی پێدراوە و پەتایەکی زۆر حەستەمی ڕووخێنەر و تێکدەر و بشێوێنەرە کە دەبێتە هۆی ڕووخاندن و ڕماندن و کاوڵ و کڵێسکردنی کۆشکی بەشکۆی فەرهەنگ و کەلتوور و زمان و بە تایبەتی تێکڕووخاندی بناغەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی توێژینەوە و ئەخلاقی فەرهەنگی و بەگشتی تێکڕای بەها و پڕینسیپ و بایەخە ئەخلاقی و مۆڕاڵی و مڕۆڤییەکان.
بەوهیوایەی کە بۆ لەقاودان و لەهەڵڵادان و بنەبڕکردن و خاشەبڕکردنی پەتا و ڕەوتی چەواشە و قێزەونی "ڕێگریی ئەدەبی/انتحال"(=plagiarism) و بەرگری لە مافی نووسەران و توێژەرانی و وێژەرانی خاوەنشکۆی گەلەکەمان تێکڕای هەڵسووڕاوانی بەمشوور و پەیجۆر و خاوەن هەڵوێستی بواری کەلتوور و وێژە و لێکۆڵینەوە و زمانەوانی ، بەچاونەترسییەوە و بە هەست و نەستێکی بەرپرسیارانە و ڕاسپێردراوانەوە تێبکۆشەن و نەسرەون و نەوەستن . بەهیوای ئەو ڕۆژە.