ناسر ئاغابرا لە وارگەی سەرەتای شاعیرێتی دا شاعیری سروشت و بەهار و "کانی" و گوڵزار و دیمەنی ڕازاوەی کوردستان بوو و وەک شاعیرێکی سروشتخواز (naturalist) خۆی دەرخست و دەکرا بە هەڵبەستوانێکی سەر بە قوتابخانەی ڕۆمانتیسسم لە ئەژمار هاتبایە و پێناسە کرابایە. هەست و نەست و سۆز و عاتیفەیەکی گڕگرتوو و تژی لە جوانیناسی و جوانوێژی ، هاوڕێ لەگەڵ وشە و زاراوەی دڵبزوێن و بیرخەمڵێن و دلئەنگێو و بیرهەژێنی هەڵقوڵاو لە بیرگەیەکی سروشتخوازانەی ڕەسەن ، هاریکاری بوون بۆ ئافراندن و بەرهەمهێنان و خوڵقاندنی تاقمێک شێعری ڕۆمانتیک کە جێی خۆیەتی لە ژێر تیشک و شەبەقی پێوانە و پێوەرەکانی قوتابخانەی ڕۆمانتیسیسم ، دواتر و لەکاتی شیاو دا ، وەبەر نرخاندن و هەڵسەنگاندن بکەون و بەپێی تەوەرەکانی ئەدەبی بەراوردکارانە لەگەڵ هاوشێوەکانی هاوچاخی خۆی هەڵسەنگێندرێ و بەراورد بکرێ.
بەڵام "ژاکاو" لە دوا قۆناغ و وارگەی شاعیرێتی دا ، وێڕای مکوڕ بوون و شێلگێر بوونی ڕێژەیی و بەردەوامبوونی لە چالاکی لە گۆڕەپانی ئافراندنی شێعری سروشتخوازانەدا ، بەڵام لە ڕوانگەی پێوەرەکانی زانستی شێوازناسیدا ، تا ڕادەیەکی بەرهەست و نکۆڵلێنەکراو ، چەشنێک "شیفتی وێژەیی"(literary shift) و خاڵی هەڵگەڕان بە شێعرەکانییەوە دیار و بەرچاوە و پتر و پتر خۆی وەک شاعیرێکی بەرگریخوازی سەربە "وێژە و ئەدەبی بەرگری"(opposing literature) وێناکرد ، خۆی وەک هەڵبەستوانێک دەرخست و شێعرەکانی بە شێوەیەک ڕۆنان و ڕاینان کە پتر و پتر نوێنەری شاعیرێک بوون کە گڕی گەرای شێعری بەرگری لە دەروونیدا و لەبیرۆکە و بیرگەی دا لە جۆش و خرۆش دایە.
بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و هەڵوێستەیە ئەەیە کە بۆ ئەو ئاژوانە نوێیەی و بۆ ئەو ڕسکان و هەڵگەڕانەی ، هەر لە هەمان هێما و ماکە و هیمی سروشتخوازانە کەڵک وەردگرێ واتە لە سروشتی کوردستان ، هەم وەک هێمای سروشتی ڕەسەن و هەم وەک هێمای بەرگری ڕەسەن ،؛ لە "قەندیل" ، لە "شاهۆ" ، لە"نەکەرۆز" لە "هەڵگورد" و هتد، وەک هێما و "دال"ـێکی فرەڕەهەند و فرەدەلالت کەڵک وەردەگرێ ؛ کەوابوو ئاو و گڵی هێمایینی هەردوو چەشنە شێعری ، پتر و پتر، هەر سروشتی کوردستان بوون.
کەوابوو ناسر ئاغابرا(ژاکاو) ، بەهۆی تێکچندراوی هێماکانی لەدوو شێوازە جیاجیاکانی و تێکچندراوی شێوازەکانی داهێنانی ئەدەبی ، هاوکات لەگەڵ سەربەخۆیی شێوازەکانی داهێنانی شێعریی ئەو شاعیرە ، شاعیرێکی "سروشت_بەرگریخواز"ـە و هۆنەرێکی دووشێوازە( synchro-style poet )ـیەو جێی تێڕامانە .
"ژاکـاو"ی خاوەن هەڵوێست بوو
دژقــــــاڵاوی هەلپــەرســـت بوو
گەیشتنە لووتکە، خواز و ویستی
هەڵـــۆبوون خۆی و هەڵبەستـــی
هەڵـــفڕینە دوندی هـــــەرمــــان
ڕووەو قــــەندیل بەرەو ئاسمان