تاریخ: ۱۳۹۹/۱/۱۱
ئەم جیهانە دۆزەخ نییە!
سەعد قازی
 
هەر کەس ئەولەوییەتێکی لە ژیانیدا هەیە و جۆرێک مانا بە ژیانی خۆی ئەبەخشێ. هەیە ژیانی خۆی تەرخانی کۆ کردنەوەی سەروەت و سامان دەکا. ڕەنگە زیاتر لە نەوەد لە سەدی کۆمەڵگە لەم جۆرە کەسانە بن. هەیە خەریکی جێبەجێ کردنی دەستووری ئایینی دەبێ، هەیە خولیای زانست و زانیارییە و بەو شێوەیە مانا بە ژیانی خۆی دەبەخشێ. هەشە ڕیوایەتی هاوکاری کردنی هاونەوعی خۆیەتی. تا رادەیەک کە ئامادە دەبێ لە پێناو ئەویتردا، نەک هەر ماڵ، بەڵکوو گیانیشی ببەخشێ.
سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ دابەشی ئەم گرووپانە دەبێ، بەڵام، کەم و زۆر، بە گشتی هەستی هاوکاری لە دەروونی مرۆڤدا هەر هەیە و مرۆڤ بەو ئاگرە دەناسرێتەوە. ئەو ئاگرە ڕەنگە لاواز بێ، بەڵام کەمتر وایە بە تەواوی لە دەرۆنی مرۆڤدا خامۆش بووبێ.
ئێستا بە هۆی کەمبوونی بینایەی نەخۆشخانە و دەرمان و کەرەستەی پێڕاگەیشتن بە نەخۆش، ئێستا بە هۆی بێکاری و فەقیری و هەژاری، کاتی ورووژاندنی ئەم هەستەیە. گرنگیش نییە ڕادەی ئەم سەخاوەتە چەندە بێ، گرنگ ئەوەیە پەرە بەو فەرهەنگ و پەروەردەیە بدرێ و هەر کەس بە توانای خۆی ببێت بە بەشێک لەو کەلتوورە و هەوڵ بدا بەشێک لە تواناییەکانی بۆ ئەم جۆرە بەها بەخشین بە ژیانە تەرخان بکا.
گەیاندنی یارمەتی بە ئەویتر باشترین شێوەیەی مانا بەخشین بە ژیانە. ئەم تایبەتمەندییە، جگە لە دەستگیرۆیی، لایەنی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و پەروەردەییشی هەیە. کاتێ تۆ لە دەمی خۆت و ماڵ و مناڵت دەگێڕییەوە و بە ئەویتری دەبەخشی، جا بە هەر ڕادەیەک بێ، ئەوە مناڵان فێری فەرهەنگی یارمەتیدان و لێبوردەیی دەبن. نەک هەر مناڵ، بەڵکوو دەوروبەریشمان لێی ڕادێن. هەموومان لە قەدەر من و توانایی خۆمان پێمان دەکرێ، دەست بخەینە گیرفانمان و هاوکاری نەخۆشخانەیەک یا فەقیر و هەژارێک بکەین. ڕادەکەی گرنگ نییە، گرنگ پەرە پێدان بە کەلتووری هاوکارییە. کەلتوورێک کە لە ئاکامدا مرۆڤ ئەکا بە فریشتە، جیهان قابیلی تەحەمولتر دەکا و دەیسەلمێنێ کە ئێمە شەیتان نین و ئەم جیهانەی کە تێیدا دەژین دۆزەخ نییە.