تاریخ: ۱۳۹۹/۱/۸
مێتافۆڕی کۆرۆنا و چەند وتەی نا دێمۆکڕاتیک و تەواو خێڵەکی بۆ ئەو ڕۆژانە!
عەبدولقادر نیازی
 
1) سەرهەڵدانی کۆرۆنا چ وەک نەخۆشییەکی ئەمپێریالیست و ڕووخێنەر و تاڵان کەر بێتە ئاراوە چ وەک پەتایەکی دێمۆکڕاتیک و پلۆڕاڵ،  ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵی پێویستی بە هەڵمەتێکی عەقڵانی و فەرهەنگی هەنگی هەیە. بەدەر لەو هەست و نەستەی کە ئێمە و جیهانیان لە سەر تاریف و ئێپیستمە و شوناسی جیهانی سێهەم هەمانە، هەمیشە و بەردەوام زەبری غیابێکی عەقڵانیمان خواردووە کە پتر لە هەموو کەس و نەتەوەیێک داوێن و بەرۆکی خۆمانی گرتۆتەوە. بە بێ فەرهەنگی نێو دێر بکرێ یا نا، کۆرۆنا لە بنەڕەتەوە دیاردەیەکی فەرهەنگییە و ڕێک پێوەندی بە عەقڵانییەتەوە هەیە. بەدەر لەو دۆخە کۆمەڵایەتییە نالەبارەی کە مرۆڤ لە چوار قوڕنەی جیهانەوە تێیدا دەژی، کۆرۆنا و ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئێپیدیمییەکی وەها پاندمیک، ساحەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی عەقڵانی و فەرهەنگییە و بەر و پتر لەوەی وەک سۆبژەیەکی داگیر کەرانە سەیری بکرێ، دەبێ وەک بوارێک بۆجێگۆڕکێی هێژمۆنییەکی فەرهەنگی لێی بڕواندرێ. بەو واتایە کە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ کۆرۆنا، ئەو فەرهەنگ و نەتەوانە سەرکەوتوون کە خاوەنی هێژمۆنییەکی ئیجابی و عەقڵانی و پۆزەتیڤی فەرهەنگین. کاتی سەر هەڵدانی قەیران و ئارێشە پاندمیکەکان ئەوەی گرینگە نەک دەکارهێنانی ئیدئۆلۆژی کە دەکارهێنانی فەرهەنگ و فەرهەنگی دەکار هێنانی عەقڵانییەت و شارستانییەتە. ئەوەی دەو نێوەدا دەبێ سەرنج و بایەخی پێ بدرێ ئەوەیە کە کۆرۆنا بە هیچ شێوەیەک بەرساختەی جوانی ناسی فەرهەنگ و وەهمێکی ستاتیکی و خیاڵاوی نییە. کۆرۆنا ڕێک مەیدانی تەڕاتێنی سۆبژە و هێژمۆنی و هێزە کە بە هەڵکەوت یەکانگیری و ئەم ئەویدییەکی تەواو سەلبیشی لە گەڵ بواری عەقڵانی و فەرهەنگی مرۆڤی سەردەم هەیە.ئەوەیکە لە لایەن هەندێکەوە کۆرۆنا پرسێکی داڕووشاوی ژوورنالیستییە یا دابەش کردنێکی سەر لە نوێی جیهانە بە دوو جەمسەری خێر و شەڕ،  ڕێک ئەو وێرانییەی ئاگاهی و عەقڵانییەتە کە هاوشانی ڕووخانی هەموو بایەخەکان، ڕەگاژۆی کردۆتە ناو بواری فەرهەنگی کۆمەڵایەتیشەوە.
 2): لە بەرامبەر ئەوەش دا، سەرەڕای ئەوە ئەوەندەی کۆرۆنا پاندمیک و جیهانی بوو، ئەوەندەش لە لایەن هەندێ کەسەوە ڕووبەڕووی ئۆستوورە سازی بێهوودە و ڕەفتاری ئیدئۆلۆژیکی بۆوە..مەبەست لە ڕەفتاری ئیدئۆلۆژیکی ڕێک ئەو ڕەفتار گەلەیە کە لە ناو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک دا دەبیندرێ بێ ئەوەی بکرێ شڕۆڤەیەکی زانستی و عەقڵانی بۆ بکرێ. هیچ پێوەندییەکیشی بە ئایین و زانست و نەتەوە و فەرهەنگ نییە کە ڕێک هەڵ دەگەڕێتەوە سەر زەینییەتی بە عوڕفی کردنی عەقڵ. ئەو جۆرەی کە کووش باسی لێ دەکا و دەڵێ: کەسانێک هەن کە لە دۆخی تایبەت دا بۆ بەرگری کردن لە ئەندێشەی خۆیان و سەقامگیر کردنی بیر و هزر و زەینییەتی خۆیان، ڕوو دەکەنە هەندێ تاکتیک و دژەتاکتیک کە تەنیا خۆیانی پێ بە قەناعەت دەگەیەنن. زێهنییەتی ئەوانە زێهنییەتێکی دژە ئەوی دییە(anti others). کە پتر لە هەر مەبەستێک تێکەڵاوی بیری عەشیرەگەرایی و بیرۆکه‌ی ئاڕکائیکییە.بۆ ئەوانە نۆڕمەکۆمەڵایەتییەکان هیچ مانا و بایەخێکی نییە و ئەوەی بۆیان گرینگە تەنیا ئەو زەینییەت و هزرە نەزۆکەیە کە خۆیان پێناسە و سەقامگیری دەکەن...
3)کاتی خۆی حەزرەتی مووسا تووشی نەخۆشی بوو و فەرمووی تەوەکول بە خوا دەکەم.یک و دوو وەحی بۆ هات و کوتی:خوای گەورە فەرموویەتی تا دەرمان نەخوا شفای نابێ. پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) لەو حەوت منداڵەی کە هەیبوو(سێ کوڕ و چوار کچ) سێ کوڕەکەی هەر بە منداڵی فەوتیان کرد.بەڵام هیچکات ئیدعای ئەوەی نەبوو کە بە تەوەکول بە خوای گەورە دەتوانێ پێش بە فەوتی منداڵەکانی بگرێ. هیچکاتیش دوعای نەکرد کە خوای گەورە پێش بە شەهیدبوونی حەزرەتی حوسێن بگرێ. خانمێک منداڵەکەی هێنایە خزمەتی و کوتی:منداڵەکەم گوڕوو دەگرێ.پێغەمبەر(د.خ) نەیفەرموو ئەوە دوعای بۆ دەکەم چاک بێتەوە فەرمووی: قەدەرێک خورما مەدە بە منداڵەکەت شفای دەبێ. حەزرەتی فاتیمەی(س)کچی چەند جار پێی کوت:  هیچمان نییە دە ماڵێ دا بۆ خواردن. پێغەمبەر(د.خ) نەیفەرموو بچوو تەوەکول بکە یا وەرە لە بەیتولماڵ خواردەمەنیتان بدەمێ فەرمووی: بە عەلی بڵێ کار بکا. ڕۆژێک کە بە نێوشاری مەدینەدا دەڕۆیشت دیتی کە جەماعەتێک خەریکن داری خورما لێک پەیوەند دەکەن.لێی پرسین کە خەریکی چین؟وڵامیان داوە کە ئەگەر ئەو دوو جۆرە خورمایە لێک پەیوەند نەکەین باغی خورماکەمان بەر ناهێنێ.پێغەمبەر(د.خ) نەهات بڵێ: تەوەکول بکەن با باغەکەتان بەر بێنێ.بەڵکوو فەرمووی: بۆ کار و باری دونیاتان، دڵنیام خۆتان لە هەموو کەس ئاگادارتر و شارەزا ترن.چونکە هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە بوو کە سنوورەکانی عەقڵ و ئیختیار و ئیرادەی مرۆڤ و سنووری تەوەکول و دوعا و پاڕانەوە تەواو لێک جودان.
 3): ئێستا و لەو سەردەمەدا کە پتر لە هەموو چاخەکان کۆمەڵگا پێویستی بە ڕۆشنگەری و ڕێنێسانس هەیە لە هەموو بوارەکان دا، تەنانەت لەسەر دەمی کۆرۆناش دا جەماعەتێک هەن کە هەموو شتێک ڕادەستی خوا دەکەن. و هەر ئەو ڕوانگە ئیدئۆلۆژیکییەشیان بۆتە هۆی ئەوەیکە ڕەفتاری ئیدئۆلۆژیکییان لێ ڕوو بدا و هەرچی بێ مشووریی خۆیانە لە سەر خودا و ئایینی دەکەنە ماڵ. بێ ئەوەی دەستوور و ڕێنماییە پزیشکییەکان، حزوور و ڕۆڵێکی ئەوتۆی هەبێ دە قامووسی عەقڵانییەتی بژار نەکراوی ئەوانەدا. پێوەندی نێوان مەترسییەکانی کۆرۆنا بۆ کۆمەڵگا و ئابووری و بە قەناعەت گەیاندنی ئەوانە لە سەر مەترسییەکانی لێک کۆبوونەوەی بێ جێ و سەفەر و بازاڕ و مێشێن و گۆرت وحەپوول و...  وەک ئەوە وایە منی نووسەری ئەو یادداشتە دەستوور بە ڕەئیسی کومیتەی ئیمداد بدەم و بڵێم: دەستوور بە ڕەئیسی بانکی مەرکەزی بدە بۆ پێش گیری کردن لە تەوەڕوم و گرانی، پووڵی 70 تمەنی چاپ کە یا تۆی خوێنەر لە سەر ئەحمەدی نژادی بکەیە ئەرک کە درێژەدانی پڕۆژەی مەسکەنی سۆسیالیستی تەنیا لە جەنابی دەوەشێتەوە چونکە جەنابی وەختی خۆی دەستڕەسی بە عەوالمی غەیب و خەرمانەی مانگ و شتی وا هەبوو..!!!!!
 4) : وێڕای ڕێز و حورمەتێکی زۆر بۆ تەواوی خەدەمە و کادری دەرمانی و پزیشکانی نەخۆشخانەی مەهاباد، دەو هەل و مەرجە کۆرۆناوییەدا، وابزانم باشترین کار ئەوەیە مێژووی نەخۆشخانەی مەهاباد بە سێ دەورەی  پێش کۆرۆنایی و کۆرۆنایی و پاش کۆرۆنایی(پساکورونا)دابەش کرێ.
ئەلف: تا بەر لە هاتنی کۆرۆنا بۆ شاری مەهاباد بە دەگمەن هەڵ دەکەوت کە کەسێک ددانی خێر بە سەر نەخۆشخانە و کادری دەرمانی و ئۆرژانسی مەهاباد دا بێنێ.پێش کۆرۆنا خودی دەوڵەتی قفڵ و کلیل و تەنانەت تەواوی خەڵک لە ڕاکردنی ماڵیاتی پزیشک و دوکتۆرەکان عاجز ببوون و تەنانەت زۆر کەسیش پزیشک و دوکتۆرەکانی پتر بە بازرگان و تەلار ساز ناو دەبرد. ئەوە نموونەیەک لە هەڵس و کەوتی خەڵک و دەوڵەت بوو لە دەورەی پێش کۆرۆنایی دا.واش هەبووە کابرا نەخۆشی زۆر مەترسی داری بووە بەڵام لە نەخۆشخانەی مەهاباد خۆی بەستەری نەکردووە.چونکە یا پێی وابووە ئەخلاقی نەخۆش داری لەوێ نزمە یا لێرە و لەوێ بیستوویەتی و نەشچووە و یا پێی وابووە پارەی زۆر و ناحەقی زۆر لێ دەستێنن لە نەخۆشخانە و پێ ڕاگەیشتنیش دە ئاستێکی زۆر نزم دایە و....هتد
بێ :ئێستا لە سەر دەمی کۆرۆنادا کە کادری دەرمانی و پەرەستاری و خەدەمەی نەخۆشخانەی مەهاباد، بە هەرەوەز و بە تەواوی هێز و وزەوە دە خزمەت خەڵک دان و خۆیان و لەش و ڕووحی خۆیان کردۆتە قەڵغان بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ کۆرۆنا، هەر ئەو خەڵکە، خەریکن ئۆستوورە سازی و ئۆستوورە پەردازی دەکەن. یکێک بە پێشمەرگەیان ناو دەبا یکێک بە پەڕەسێلکەی بەهەشت و یکێک بە پێغەمبەری سڵامەتی و ئی واش هەیە کادری دەرمانی نەخۆشخانەی مەهابادی پێ لە بۆقڕات و بووعەلی سینا و...گەورەترە و پێی وایە هەرچی لە زانکۆی پزیشکی تەواو بوو دەبێ لە بری سوێندنامەی بۆقڕات، سوێند بەسەری کادری دەرمانی و پزیشکی مەهاباد بخوا ئەینا بەڵگەنامەپزیشکییەکەی لەبنەڕەت ڕا باتڵە و ئەوەی دەو هەشت ساڵەدا خوێندوویەتی بە قەد دەرکردنی بەرەکارێک نۆک و نیسک هەڵقەندنەوە بایەخی نییە.
پێ : بۆ دەورانی پاش کۆرۆنا(پساکورونا)ش دەبێ ڕاوەستین بزانین خەڵک چۆناوچۆن لە گەڵ خۆیان ساغ و یەکلا دەبنەوە و لە بارەی نەخۆشخانەی مەهاباد و کادری دەرمانی ئەو شارە دا دەڵێن چی و ناڵێن چی؟ دیارە سیستمی پزیشکی ئێران کێشە و گرفتی زۆرە و ئەو کێشەوگرفتە زۆر جار داوێنی نەخۆشخانەی مەهاباد و تەواوی شارەکانی گرتۆتەوە.ئەوە زۆر ئاساییە کە جار و بار کەمکاری و هەڵە و قسووری پزیشکی ببیندرێ و لە تەواوی دونیاش دا کەم و زۆر هەیە(هەڵبەت ئەوە هیچکات بە مانای تەئیدی ئەو پرسە نییە بە لای منەوە). بۆ نزم بوونی پێگەکانی ئەخلاقی و سەر و ڕۆخۆش نەبوونی هەندێ لە کادری دەرمانی نەخۆشخانەی مەهابادیش و تەواوی نەخۆشخانەکان و تەنانەت چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تریش، دەبێ بڵێین کە حەتمەن هەیە و کەس نەیتوانیوە حاشای لێ بکا.نزم بوونەوەی پێگەکانی ئەخلاقی ئابووری و فەرهەنگی و پیشەیی و ....کاتێک خۆ دەردەخا کە کۆمەڵگای ئێمە لە گەڵ پەتایەکی کوشەندەی وەک کۆرۆنا ڕووبەڕوو بێتەوە. لە ڕاستی دا گرفتی سەرەکی خودی کۆرۆنا نییە بەڵکوو ئەو تاڵان و تاراجە ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانەیە کە لەو دۆخەدا پەرە دەستێنن و هیچ هێمنایەتییەکی ڕووحی و ئابووری و پیشەیی بۆ چینی ژێردەست و هەژار و ماف خوراو و بێ دەسەڵات بەدی ناکرێ. دە وەها هەل و مەرجێک دایە کە دەبێ تەنیا بەرۆکی مرۆڤەیاتی بگیرێ و واز لە دروشم و شانتاژی ئینسانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بهێندرێ.
کێشەی ئەسڵی لەو هەل و مەرجەدا ئەوەیە کە خەڵکێک تەکلیفی لە گەڵ خۆی ساغ نەبووبێتەوە و هەر جارێ هەڵوێستێ دەگرێ. خەڵکێک کە ئەوڕۆ چینێکی خزمەتکار و جەنگاوەر و فداکار بە پێشمەرگە و پێغەمبەر و پەڕەسێلکە دەزانێ کە تا دوێنێ بە جۆرێکی تری ناو دەبرد. خەڵکێک کە لە لایەک زانستی پزیشکی تەئید دەکا بەڵام بە هیچ شێوەیەک حازر نییە لە کۆبوونەوە و گەڕان دەست هەڵگرێ بۆ ئەوەی هاوشاری و بنەماڵەی لە کۆرۆنا بە دوور بێ.
 5): کۆرۆنای ئەسڵی بە لای منەوە نە لە نەخۆشخانە دایە نە لە شەقام و کۆبوونەوە و گەڕان و بازاڕ و سەفەر دا. کۆرۆنای ئەسڵی و ڕووخێنەر ئەوەیە خەڵکێک بزانێ چی ناوێ وەلی نەزانێ چی دەوێ؟لە خوا  لە ژیان لە شار و شارستانییەت و ژیار، لە سیستم و دەوڵەت، لە شەقام و بازاڕ، لە نەخۆشخانە و پزیشک، لە کۆرۆنا و لە خۆی.....
 6) : ان اللە لایغیر بقوم حتی یغیر ما بانفسهم(ڕەعد11)