تاریخ: ۱۳۹۹/۱/۳
په‌یامی نه‌ورۆزی مامۆستایه‌کی قوتابخانه
سولەیمان سەید نەجاری
سڵاو و رێز بۆ خزمەت هاووڵاتیانی خۆشەویست ، هاتنی ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەواری بە هەموو لایەکتان پیرۆزبایی پێ دەڵێم و هیوادارم ساڵی نوێ بۆ هەموومان ببێتە دەستپێکی ژیانێکی خۆش و لێورێژ لە شادی و کامەرانی ، هاووڵاتیانی بەرێز هەروەک هەموومان ئاگادارین بە هۆی پەتا و ڤایرۆسی دزێوی کرۆنا نەورۆزی ئەوساڵمان لێ شێواوە و دڵمان ئێستاش بە هاتنی ساڵی نۆی نەکراوەتەوە و داخ و کەسەر بۆتە جێژنانەی سەری ساڵمان، لە کاتێکا سرووشت خەمڵیوە کەژ و کێو بە گوڵ و سوێسنە ڕەنگاوە و کانیاوەکانی کوێستان بەرەو نشێو بە ھاڕە و لرفە وەرێ کەوتوون و مزگێنی بەهارێکی دڵبزوێن دەدەن ، بەڵام مەخابن و سەد مەخابن دەو کات و ساتە خۆشانە دا کەسانێک دەستەو یەخەن دەگەڵ دێوەزمەی کرۆنا و زۆر بنە ماڵە هەن کە لە دلە راوکە و نیگەرانی دا بەسەر دەبەن ، زۆر بەداخەوە بێ دەستەڵاتی و بێ پەناییمان دەو پەری خۆی دایە و تەنیا پابەند بوون بە دەستورات و ڕێنوێنی کانی تەندروستییە کە دەمانپارێزێ . بە بروای من جێژنی گەورەی ئێمە کاتێکە کە دڵەکانی خۆمان و بنەماڵە و خۆشەویستانمان لە ئارامش دابن و ترس و دڵەراوکەی پەتامان لەنێو دا نەمابێ ، ئەو ئارامشە ش تەنیا بە خۆمان دەکرێ ،وەرن جێژنی خۆشی و سەری ساڵمان هەڵگرین بۆ کاتێک کە بەسەر ئەو بەڵایە دا زاڵ بین ، ئەویش بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان سەر دەگرێ ، تەواوی وڵاتانی دونیا باشترین و سەرەکی ترین رێکاریان بە لە ماڵەوە بوون دیتۆتەوە ، خۆ ئێمە نە لەوان پێشکەوتووترین لە لەوان تێرو تەسەل ترین ، ئەی بۆ ئێمەی زەعیف و بێ دەرەتان پابەند نەبین بەو دەستووراتە؟ وەرن با قۆڵ هەڵماڵین و بۆ خاتری سڵامەتی خۆشەویستەکانمان ، بۆخاتری خۆمان ، تاک بە تاک و بنە ماڵە بە بنە ماڵە و گەرەک بە گەرەک و شار بەشار بەڵێن بدەین تا ئەو کارەساتە لەسەرمانە ، زیاتر ئاگاداری خۆمان بین . لە هەر ماڵەی تەنیا کەسێک بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ناوماڵ بچێتە دەرێ و لە هات و چۆی بێ هۆ و هەر بۆ خاتری وەرەزی شکاندن خۆ بپارێزین ، ئەگەر لاپەرەی مێژوی خۆمان هەڵدەینەوە ئێمە زۆر کارەساتی دڵتەزێن و سەختی دیکەمان بەسەر هاتووە و بە سەرفرازی لێی قوتار بووین ، ئەوەش دەروات و تەواوی دێ ئەگەر بمانەوێ . بەهار و نەورۆزی کوردەواری میژووی دەگەرێتەوە سەر سەرکەوتنی کاوەی ئاسنگەر بەسەر زوحاکی زاڵم، وەرن با ئێمەش ئەوساڵ هەموومان ببین بە کاوە و دەگەڵ دوژمنی سڵامەتیمان واتا کرۆنا بەشەڕێن ، بەڵام شەڕی ئێمە دەستەویەخە نیە ، بە لەماڵەوە مانەوە و خۆپاراستن دەتوانین شکستی بدەین . لێرە دا جێگای خۆیەتی دەستی کەسانێک ماچ کەین کە لە سەفی هەوەڵی ئەو شەرە دا وەستاون و بە پۆشینی بەرگی سپی ناهێڵن ئێمە رەشپۆش بین ، پەرەستارەکان و کادری نەخۆشخانەکان لە هەموومان ماندووتر و نەوەستاوترن ، زۆربەی هەرە زۆریان خزم و کەس و کار و دۆست و کچ و کور و هاوسێی خۆمانن ، وەرن با لەوەی زیاتر ماندوویان نەکەین و ئازاریان نەدەین وزنجیرەی کرۆنا بە نەچوونەدەر بپچرێنین .
ماوەی مانگێک دەبێ قوتابخانەکان داخراون ، لێرەدا بۆ زۆربەمان دەرکەوت کە بێ مامۆستایانی قوتابخانە منداڵەکانمان چەند وەدوا کەوتوون ، راستە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و تی وی دا زۆر بەرنامەی فێرکاری و وانە گوتنەوە داندراون بەڵام بە گوتەی زۆربەی دایکان و بابان هیچکامیان نەیانتوانیوە جێی کاتژمێرێک وانە گوتنەوە ی مامۆستا لە پۆل دا بگرنەوە . کرۆنا دوژمنی سڵامەتیمانە بەڵام هەر ئەو دوژمنە زۆر دەرسی با ئەرزشی فێر کردین ، ڕۆژ نیە لێرە و لەوێ نەبیسین کەسانێک بێ بەرامبەر بە بێ پەیوەندی بە هیچ ئیدارە و دەزگایەکی دەوڵەتی ، هەڵدەستن بە پاکژ کردنەوە و دژەگەن کردنی شوێنە گشتێکان ، هەموو ڕۆژێ دەبیسین کەسانێک کرێ خانوو و دوکان دەبەخشن ، کەسانێک هەن ماسک و دەستەوانە بێ بەرامبەر دەدەن بە خەڵک ، کەسانێک هەن کە ئاگایان لە بنەماڵە دەست کورتەکانە ، ئەوەیە هێزی ئینسانییەت ئەوەیە مرۆڤایەتی ، ئێمە نیشانمان داوە کە لە کاتی لێقەومان مەردین و مەردیش دەمێنین و مەردانەش لە بەرامبەری ئەو کارەساتە رادەوەستین. ئێمە ڕوحم بە خۆمان بکەین خوداش ڕوحممان پێ دەکە. لە کۆتایی دا دیسان پر بەدڵ ساڵی نوێتان لێ پیرۆز دەکەم و هیوادارم ئەوساڵ ساڵی وەدی هاتنی هەموو ئاوات و خۆزگەکانمان بێ بە تێکرایی. جێژنی ئێمە کاتێکە کە سەرکەوین بەسەر ئەو بەڵایە.