تاریخ: ۱۳۹۹/۱/۱
دیاردەی فڕێ نەدانی زبڵ و پیس‌کردنی ژینگە لە ناوچەی شامات و شاروێران روو لە زیادبوونە
ئارام ھیدایەت نیا(شاروێران)
 ناشارستانیترین دیاردە، فڕێ‌ دانی زبڵ و خاشاك لەسەر ڕێگەوبانەكانه. ھەڵبەت فڕێ نەدانی بەجێی زبڵ و پیس‌کردنی ژینگە بووەتە دیاردەیەکی باو و ئاسایی کە ھەموومان رۆژانە بە وردی لەپێش چاومان دەیبینین و یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەری دەبین بەڵام بە ئەسپایی لێی تێپەڕ دەبین.
 بێ گومان فڕێ دانی زبڵ و ڕژتنی پیسایی لە ناوچەمان نە تەنیا دیمەنێکی ناحەز بە سرووشت و ژینگەمان دەبەخشێ بەڵکوو ژینی زۆربەی بوونەوەر و ئاژەڵانی ئەم ناوچەیەش دەخاتە ژێر مەترسێوە. فڕێ‌ دانی لایلۆن و قودولکە و ئەم چەشنە بەرھەمانە ڕەنگە ھەر چەند چرکەیەک بگرێ بەڵام شی‌بوونەوەی لەژێر زەوی و فەوتاندنیان‌ ماوه‌یه‌كی زۆر زۆری پێ‌ ‌دەچێ‌ و ڕەنگە نزیک بە‌ ٣٠٠ ساڵ بخایێنێ.
 گڵکۆی فەقرەقا، قۆرغی نێوان ڕەسووڵاباد-قزقەڵا، داوێنی کێوە ڕەشی قەرەداغ، نێو گوند و سەرقەبران ئاوایی تاڵاو، داوێنی کێو و زەوی‌وزارەکانی قۆپی باباڵی، سەوزەپۆشی حاجی خۆش، کەڵکی بەگزادان، ئاوی تاڵاوی نێونەتەوەیی کانێ بەرازان، قۆرغی کۆسەکەرێز و سەرجەم قەراغ ڕێگەی سێ‌ڕای ترشەکان بۆ سێ‌ڕای دارەلەک بەداخەوە ھەمووی لایلۆن و وردەواڵە و زبڵ‌وزاڵە.
زیادکردنی ھێزە ئەمنێکان و پۆلیسی تایبه‌ت به‌ ژینگه‌ و دارستان، سزادانی تاوانکاران به ‌بڕێکی زۆر له‌ دارایی به‌ بێ‌ جیاوازی و نابەرامبەری، ڕاھێنان و پەروەردەی مناڵان، زیادکردنی پەروەردەی ژینگە لە سیستەمی پەروەردەدا و ھەروەھا سازکردنی کلتورێکی جیاواز بۆ بەرەی نوێ و بۆ خڕکردنەوە و چارەسازی زبڵەکان، دەتوانێ کارساز و کاریگەر بێ بەرلەوەیکە ئەم دیاردەیە وەکوو نەخۆشی شێرپەنجە، تەواوی ژینگەی موکریان و بەتایبەت دیمەنی ناوچەمان بگرێتەوە.
ھەڵبەت لە نێو شاری مەهاباد چەندین ڕێکخراوەی خۆبەخشی خەڵک‌ھێمی ناحکومی(NGO) و ژینگەپارێز ھەن کە ئەرکی سەرەکی خاوێنکردنە و سڕینەوەی زبڵی قەراغ شاریان، وەکوو ئەرکێکی خۆبەخش، وەستۆی خۆیان گرتووە بەڵام بەداخەوە بەھۆی نەبوونی ھیچ ناوەندێکی تایبەت لە ناوچەی شاروێران و شامات و ھەروەھا بەھۆی گرینگی‌نەدان و دانەبەزینی کلتوری ژینگەپارێزی خەڵکی ناوچەمان ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژێ بەرەنگاربوونەوەمان دەگەڵ ئەم پیسایییانە زۆرتر و چارەسەریمان کەمتر دەبێ.
پاراستنی ژینگە، ئەرک و ئەخلاقە. دیارە چارەسەرنەکردنی ئەم دیاردەیە جگە لەوەیکە دەئاکامدا دیمەنێکی یەکجار ناحەز دەنوێنێە و دەبێتە هۆی پیس‌بوونی ژینگەمان، بۆن و بەرامی زبڵ و زاڵەکەش دەبێتە کێشە. بەتایبەتی لەم ڕۆژانەدا کە لە ڕۆژی سرووشت واتا سێزدەبەدەر نزیک دەبینەوە. خڕنەکردنەوەی زبڵەکان و جێبەجێ کردنی ئەم بەرھەمانە بەھۆی ھاتنی با کێشەیەکی دیکەیە.
هەموو ئامارەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن كە بەهۆی پیس‌بوونی ژینگە، رێژەی نەخۆشییەكانیش ڕوو لە بەرزی دەچن. بە تایبەتی ڕێژەی تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە و دیکەی نەخۆشییەكانی ھەناسە. ھەڵبەت چونكە لە شارەكان فاكتەرەكانی پیس‌بوونی ژینگە گەلێك زۆرن لەوانە فڕێ دانی زبڵ و خاشاک بەم ڕادەیەی دێھاتەکان و لادێ وەبەر چاو نەیە بۆیە لە زۆربەی شوێنەکانی دیكە و ناوچەمان بە هەمان شێوە دەبێ ڕێگری لەو فاكتەرانە بكرێ تا ڕێژەی نەخۆشییەكان كەم ببنەوە و سرووشتێکی پاک و خاوێن بۆخۆمان بەدی بێنین. بەم ھیوایە.