یەکێ لەزانایان دەڵێ: ئەگەر لەگەڵ مرۆڤ بەو زمانەی کە تێیدەگا بدوێی، دەچێتە دەمێشکێوە، بەڵام ئەگەر بە زبانی دایکی لە گەڵیا بدوێی دەچێتە دەدڵێوه.
کورد خاوەنی فەرهەنگێکی یەکجار دەوڵەمەند و پاراوە و وەک دەریایەکی بێبن وایە کە هەرچەند لێیهەڵێنجی بنەی نایە، هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە لە ڕووباری بێبوار، بەمەلەوانێکی باش بناسرێ و لە دەریای شڵەژاوا بەرەنگاری شەپۆلە سامناکەکان بێ و بگاتە بەستێن و لەژێر خێوەتی ئەسمەرپێچی فەرهەنگیدا بحەسێتەوە، کڵاو بەتیلاگی سەرێوەنێ، بەتایبەت لە جیهانی ئەوڕۆدا پێویستە، وێڕای ئەوە کە زمانی ڕەسەن و دایکیمان دەپارێزین، بۆ پاراوی تێکۆشین و حەول بدەین دواکەوتووی جیهان نەبین.
زمان بکەین بە پەیژەی چنینی ئەستێرەکانی عیلم و زانست، زمان بکەین بە هەوێنی خەمڕەوێنی عیلمەکان، هەر بە هەراوی ئەو زمانەش جیهانی بیربکەینەوە و بەرەو جیهانی بوونیش هەنگاو بنێین، بزانین کە لادان لە ڕێوشوێنی باپیرانمان تووشی کوێرەڕێیەکانی ئەنگوستەچاوی پڕ لە چەتەمان دەکا کە بۆسەیان بۆ نەمانی دژبەمانمان داناوەتەوە.
پاراستنی زوبان شامەرجی هەموو مەرجانە، هەموو بە بوونی زمانی پاراو و ڕەسەن دڵخۆشن و مەزرای دڵیان پاراوە، زمانمان زمانێکی کۆن، پوخت و لەمێژینەیە و دەتوانێ قەرە لە قەرەی کەڵە زمانانی دیکە بدا و سەرتۆپ خۆبنوێنێ و دلێر و سەربەرز هەنگاو بنێتەوە.
بۆ ئەوەی تاڤگەی زمانی کوردی هەروا لەپڕ بەگوڕ بگوڕێنێ، غللوور کەف بخڕێنێ، دەبێ بەرپرسانە بنووسین و پێنووسمان کول نەبی و تیژ بگەڕێ، بەرپرسانە چاوەدێری نووسراوەکان بین و ببینە کەللای مزدار و قورس لەجێمان بچەقێین.
بەو هیوایە بەهۆی دڵسۆزی و کامەڕاییمان، خەلەوخەرمانی زمانی کوردی پڕ پیت و بەرەکەت و بەڕێژە و بێ و شەنەی تێنەچێ و بەرەی داهاتوومان شاگەشکە و خەنی بن، هەرێم و پێدەشتی ئەو زمانەی کە فرچکمان پێگرتووە، ڕاهاتووین، خاراوین، لەکڵ دەرهاتووین، دارەدارەمان کردووە، هەر بەو زمانە لاترەمان بەستووە، سەرەنگرێ بووین، شەکەت نەکەوتووین، برکووژان دایگرتووین، بەکانیاوی هەڵتۆقاوی، بەجێماوی ڕابردوومان تەسەل تێر ئاوکەین و بۆپاراستنی بەبڕشتەوە بێ هەناسەبڕکە هەنگاو بنێین.