تاریخ: ۱۳۹۸/۱۱/۲۱
کورته یادداشتێک له‌سه‌ر شەشەمین فێستیڤاڵی دێهاتەکانی لایەنگری کتێب
ئارام ھیدایەت نیا(شاروێران)
 ڕۆژی شەممە ؛ ١٩ ڕێبەندان ٢٧١٩ لە ڕێورەسمێکدا کە لە ھۆڵی کۆنگرەکانی نێونەتەوەیی کتێبخانەی میللی ئێران‌ بەڕێوەچوو، دوو پەرتوکخانەی ژیار ئاوایی لەج و کامیاب ٣ سەیدئاوا مەھاباد لە نێوان ١٤١٩ دێھات لە سەراسەری ئێران‌دا توانیان دە ڕیزی ١٠ کتێبخانەی باش و کتێب‌دۆستی ئێران دابن و براوەی ڕێ‌ورەسمەکە بێنەوە.
 فێستیڤالی میللی پایتەختی کتێب ھەموو ساڵێ لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ کە بەداخەوە شاری مەھاباد ئەمساڵ بە نیشانەی دەربڕینی بەرھەڵستی خۆی لەم ڕێورەسمەدا بەشداری نەبوو و بەم شێوە ناڕەزایی خۆی دەربڕی.
 شاری مەھاباد لە بەشی دێھاتەکانی لایەنگری کتێب و کتێب‌دۆستی ئێران‌دا بەشدارێکی پڕبایەخی ھەبوو. بەجۆرێک کە كتێبخانەی ژیار لەج و کامیاب ٣ سەیدئاوای مەھاباد (و ھەروەھا کتێبخانەی ناچیت سەر بە شاری بۆکان) لە ڕیزی دە دێھاتی ھەوەڵ و گوندەکانی ھەڵبژاردەی کتێب دۆستی ئێران دابوون.
 لە شەشەمین فێستیڤاڵی دێهاتەکانی لایەنگری کتێب لە کتێبخانەی نەتەوەیی تاران، کتێبخانەی ھەموو ئاوایێکان، گەڵاڵەکانی بەڵگەفیلم و کۆمەڵە نووسراوەی سەر بە بواری کتێب و پەرەپێدان بە کلتوری کتێب‌خوێندنەوەی خۆیان بە شێوەی ڕوونکراوە و ڕاگەیاندن دایەدەست سکرتاریای گشتی کە دە ئاکامدا گەڵاڵەکانی دوو کتێبخانەی ناوبراو بەھۆی ئەندیشەی نوێی کۆمەڵی و کلتوری وەکوو ھەڵبژاردە ناساندران.
شایانی باسە کە دە دانە کتێبخانەی شکۆمەند و شایانی ڕێزی ئەم ڕێورەسمە؛ ئاوایێکانی لەج، دەشت، باڵۆ، مەربەچێ، ئەکبەرئاباد، شەھرەک غەدیر، ناچیت، بەھار، کۆلاگەر مەحەللێ و داقداق ئاباد بوون کە خەڵاتی خۆیان لە دەست بەڕێوەبەرانی فێستیڤالەکە وەرگرت و ڕێزیان لێ گیرا.
 دە کۆتایی‌دا جێی خۆیەتی کە سپاسی ھەموو ھۆگرانی کتێب، شوڕا و دێھیاری ئاوایی لەج و سەیدئاوا و چالاکانی بەشی لێژنەی فەرھەنگی مەھاباد بەڕێزان کاک دوکتوور خالەق جەلیل‌نیژاد، کاک سەید ڕەسووڵ نەبەوی، خاتوو شەویار گولابی‌ئازەر، کاک ھەمزە کاکەخزری(کتێبداری لەج)، خاتوو ئامینە سونبولی، کاک چالاک کوردە، کاک ئیدریس مێھرپەروەر، ھونەرمەندی گەنج خاتوو تریفە مەحموودکاکی(بەڕێوەبەری کتێبخانەی لەج) و ھەموو لایەنگرانی کتێب بکەم کە بۆ بەدەست ھێنانی ئەم پلە و مەقامە حەولیان دا و زەحمەتیان کێشا.