تاریخ: ۱۳۹۸/۱۱/۱۹
چریکەیەک بە شینایی ساناو لە هەڵانی تا داڵانی
فەرەیدوون هەورامی
 
بست بەبستی خاکی نیشتمانی لاواندەوە ،بە دەنگێکی ئەهوورایی و بە حوزنێکی قووڵ و ورەیەک لە جنسی شینی شاهۆ ، دەنگێ بەزوڵاڵی هەوای هەورامان و وزەیەکی جوانڕۆیی لەسەر ماپریسێک لە بیرەوەری.
ئەوە دەنگی پیاوێک بوو لە جنسی درەختێ بەهاری کە ریشەی لە کۆنەهەوارانی جافدا دواندمو رێگەی شاخی هەورامانی بڕی ، دەنگێ کە بڕستی رەنگەکانی ژیانی کرد و نەخشی خۆشەویستی نەحشاند و شان بە شانی غەمگینییەکان و پێ بە پێی شایی نیشتمانەکەی چریکەی بەرزکردوە .
سەیری شاهۆ ئەکەی ، شاهۆ مەگرەوۆ لە گوێتادەزرینگێتەوە و سەرێک لە سەیدی ئەدی هاڕەسەختەنی ئەخاتە یادت ، بیری مەولەویت ئەخاتەوە و ئەتباتە باڵاخانەی چەم ، هۆشت بێهۆش ئەکا و ئەتکاتەی رەفیقی حوزن و شادییەکان .
شیعری شاعیرانی گەورە نەما بەبەزم و ریتمی شیاوەوە لای لێنەکاتەوە ، دیوان نەما نەیگەینێتە گوێ دڵی ئێمە ، بەهەزاران بەزمی نەرم و نیانی فلکلۆر و زیاتر لە دووسەد بەزمی داهێنەرانە .
هونەرمەندی هەورامان نەما نەیلاوێنێ و دەست نەما نەیگرێ.
شانۆ نەما نەچێتە بان و دەنگی رەسەنی هەورامان نەناسێنێ .
چ بەزمگەلێ ، بە هەڵبژاردنی چ شیعرگەلێ لە سەیدییەوە تا خانای خان قوبادی جوانڕۆیی لەگەروویا فڕین وەک بڵێی لە گەروویاهەزار باڵندە هێلانەی کردبێ،
باڵندەی خۆشەویستیی خاک و هونەر ، بەهەزار رەنگی جیاوازەوە...
گوڵ نەما نەیپشکوێنێ و کەو نەما نەیقاسپێنێ، 
بێ هیچ دیعایەیەک ،بێ هیچ لووت بەرزییەک ، خوێندی و چریکاندی کە ژیان سەرلە نوێ مانا کاتەوە .
لە هەڵانی مێژووییەوە تا داڵانی سەربەرز باڵی بە سەر نیشتمانا کێشا و دەنگی خۆی ئاوێتەی رەنگی دار و دەوەن و شاخ و دەشتی نیشتمان کرد.
گەرچی ئێستا بێدەنگە بەڵام هێندە بە وردی و بە جوانی هاتە بازاڕی هونەرەوە کە پێگەی بەرزی هەتاییە، بۆیە دەبێ بڵێین تەنیا دەنگە کە دەمێنێتەوە .
مامۆستای وردە بەزم ، مامۆستای خۆشەویستی ، مامۆستا فەتحوڵا ئەمینی ،داهێنەری زیاتر لە دووسەد بەزمی جوان 
مامۆستایەک کە سەر و ماڵی هەمیشە لە خزمەتی هونەرمەندان وهونەری کوردی دا بووە تا ئێستاکەش ، دەستی زۆر کەسی گرت و ئەیگرێ ، دیسان بێ هیچ ئیدعایەک.
کێیە ئێستا بپرسێ کوا نازکێشی ماپریس و هەڵانی ؟ کەس نییە پرسیار بکات لە جوانڕۆ ، بۆ بێدەنگە کەڵە هونەرمەندەکەت؟ مەگەر ساناو و داڵانی بێنە دەنگ و‌بە بەرامەی چنوور و لۆ هەواڵی پیاوێک بگرن کە لە جنسی خۆشەویستییە ولێی بپرسن : رەفیق بەرزاییەکانمان و هاو رەنگی تەنیاییەکانمان! بۆ بێدەنگی؟
من ئارۆ ڕام کەوتەن کۆنە هەواران ...