تاریخ: ۱۳۹۸/۱۱/۵
دیاردەی کوشتن و ئازاردانی ئاژەڵان لە ناوچەی شامات و شاروێران روو لە زیادبوونە
ئارام ھیدایەت نیا(شاروێران)
دیاردەی کوشتن و ئازاردانی ئاژەڵان بووەتە دیاردەیەکی باو کە رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەری دەبین و لە هەواڵەکان‌دا بە زۆری وەبەر چاومان دەکەوێ. ڕێکخراوەی پارێزگاری و پاراستنی مافی ئاژەڵان لە سەرتاسەری جیهان هەوڵی ئەوەی دەدەن کە رێگری لەو کارە توندوتیژانە کە بەرامبەر بە ئاژەڵان ئەنجام دەدرێ، بکەن.
 دیارە ڕۆژانە بابەت و وێنەی کوشتن و برینداربوونی باڵندە و ئەو کەسانەی ئازاری ئاژەڵان(بە تایبەتی سەگ و پشیلە و گوێدرێژ) دەدن زۆر بۆ دێ. یەکێک لە خاڵ و بابەتە ھەڵەکان کە ژینی ئاژەڵەکان دەخاتە مەترسێوە، ڕاوە. جا چ ڕاوە ئاژەڵ بێ چ ڕاوە باڵندە. ڕاوی بە چەک، کە بۆ چەکەکەشیان بەڵگە و جەوازیان ھەیە یا نا، کەس نازانێ. چۆن ڕاوێ دەکەن ئێستە کە ڕاو بە گشتی لەم شوێنانە قەدەغەیە.
لە کەروێشت و بەراز و قاز و... را بگرە تاکوو دەگاتە ڕێوی و گیانلەبەرەکانێک کە تۆرەمەیان لە ئاستی لەناوچوون دایە.
ھەڵبەت زۆربەی ڕاوەکان دیارە لە ناوچەی خۆمان و لە قۆپێ قازان، گەرووس، تاڵاوی نێونەتەوەیی کانێ بەرازان، شامێ و قۆرغی قۆپێ باباڵی دەکردرێن.
 خاڵ و بابەتێکی دیکە کە بەڕاستی دیاردەیەکی زۆر قێزەون و ناشیرینە، تێک‌بەردانی دوو ئاژەڵە. تۆ دەبینی تاقمێک لە گۆڕەپانێک کۆدەبنەوە یاخود لە شوێنێک دەوری دوو ئاژەڵ دەدەن کە ئاژەڵەکان خۆیان نازانن بۆچی شەڕ دەکەن بەڵکو ئەو کەسانەی لەوێن هانیان دەدەن کە پێکەوە بەشەر بێن. ئەم ئاژەڵانەش بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە تا ئەو جێگەیە پەلاماری یەک دەدن کە دە کۆتایی‌دا ھەموو جەستەیان بە خوێن دێ.
زۆر جار شتەکە وای لێ دێ کە ئەو ئاژەڵانەی بەشەڕ هێنراون باری تەندروستیان بە جۆرێک خراپ دەبێ کە خاوەنەکەشی چارەسەری بۆ ناکا و بەرگری لێ دەکا و فرێی دەدا تاکوو دە ئەنجامدا گیانی لە دەست دەدا و دەتۆپێ.
 بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردە قێزەونە پێویستە حکوومەت لێژنەیەک پێک بێنێ، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکا و گەر پێویست بوو سزایان بدا لەسەر ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن. دیارە بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان لە مەھاباد و ناوچە، ڕێکخراوەکانی ناحکوومی خۆبەخشی قازانج‌نەویست(وەکوو ڕێکخراوەی خێرخوازی ژین مەھاباد، سەوزبیرانی لاوی مەھاباد و..) پێکھاتوون کە لە پێناو مافی ئاژەڵان کار دەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش لە نێوان نەوەی نوێ و ئاژەڵەکان، درووست بکەن. بە تایبەتی لە نێو کۆمەڵگای ئێستادا، چونکە لە ساڵانی ڕابردوو بە هۆی شەڕ و کوشتار پەیوەندییەکی زۆر خراپ لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵەکان دروست بووە.
 کوشتن و ئازاردانی ھەر گیانلەبەرێک بە ھەر شێوە و بەھەر ھۆیەک کە بێ، نارەوا و ناخۆشە. ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین و خەڵک تێبگەیێنین کە ئەو ئاژەڵانەش وەکوو ئێمەی مرۆڤ مافی ژیانیان هەیە و بە هەموو شێوەیەک ناڕەوایە ئازار بدرێن. بەم ھیوایە.