مرۆڤ کە "ئافرا" (خوڵقا) خودای گەورە فەرمانی بە فریشتەکان دا کڕنۆشی بۆ بەرن... بەڵام یەکێک لە فریشتەکان بە نێوی "ئیبلیس"(شەیتان) نەک هەر کڕنۆشی بۆ نەبرد بەڵکوو بوو بە دژمن و دژبەری ئادەم و نەوەکانی، بەپێی ئایەتەکانی قورئان و دەقەکانی پەڕتووکەکانی ئایینەکانی دیکەش شەیتان وەک "خوو و خدە" و "بیر" و "هزر"ێکی ناحەز دە مێشک و دڵ و خوێن و دەمارەکانی مرۆڤ خزاو مرۆڤی بەرەو لاڕێیی و لادان لە ڕێگەی خودا "دنە"و "هان" دا...
وزەو توانای مێشک و لەش و ئاوەزی مرۆڤەکان وەک یەک و بە یەک ڕادە نیە هەر بۆیە شەیتان توانای بە هێندێکان ناشکێ و زۆرانیش وەها دەڕووخێنێ بە تەواوی دەبنە پەیڕەو و گوێ لە مستی شەیتان... لە یەکەم چینی نەوەی ئادەم دا دوو برا بە نێوی "هابیل و "قابیل" کەوتنە کێشە... قابیل هابیلی کووشت و لەو سەردەمەوە دوژمنایەتی بەرەی ئادەم سەری هەڵدا و هەتا ئێستاش نەوەکانی قابیل باب و کوڕ و کوڕ و باب و خوشک و برا و خزم و کەس و هۆزەکان و گەلەکان و وەڵاتەکان، دووبەرەکیان دەنێو دایە و دەگژ یەک ڕادەچن و شەرەگەڕەک و شەڕەگوند و شەڕە شار و شەڕە هۆز و شەڕە وڵات لە سەر زەوی و لە دەریاکان و لە بن میچی ئاسمان هەر تاوەی لە شوێنێک سەر هەڵ دەدا و ماڵ و باغ و مووچە و زەوی و گوند و شاران دەڕووخێندرێن و ئاگر دەدرێن و کاول دەکرێن و داگیر دەکرێن و خوێن دار و بەرد و کێو و دەشت و دۆڵی سوور کردووە و مرۆڤەکان هۆز و گەلەکانی دیکە قڕ و کۆمەڵکووژ و زیندە بە چاڵ دەکەن و لە دوای ماوەیەک دوژمنایەتی و گرژی و ئاڵۆزی بنەماڵەکان ئاشت دەبنەوە و مڵک و زەوی و باغ و دارایی و کچ وەک خوێنبەها و سزای تاوان بە لایەنی دیکە دەدەن و گوند و شارەکان ئاشت دەبنەوە و لەوەڕگا و دەشت کێو و پاوانەکان بەش دەکەن و وەڵاتەکان ئاشت دەبنەوە و نیشتمانی گەلانی بن دەست بە سەر یەکتردا دابەش دەکەن و سنوورو کەوشەن دیاری دەکەن و لە دژبەری ڕا دەبنە هاوپەیمان و هاو مەبەست و هاوبەرژەوەند...! هەمیشە وابووەکە دوای ئەو هەموو خوێن ڕشتن و سووتان و تاڵانە ئارامی و هێمنی و ئاسایش یا بۆ درێژخایەن یا کەم خایەن بۆتە نسێی سەر سەری بنەماڵەو ئاوەدانی و وەڵاتان.
زۆر جاران کەسێک لەلایەن کەسێکی دیکە بە ئەنقەست یا بەبێ مەبەست و لە ڕووداوێکی نەخوازراودا گیانی لە دەست داوە... یا بکووژ زوو توڵەی لێکراوەتەوە یا زوو بەخشراوە و ئازاد کراوە یا دەربەدەر بووە یا ئاژاوەکە زۆرتر پەرەی سەندووە یا دەستەڵاتێکی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی بە پێی بڕیاری "داد" سزای تاوانی وەک زیندان و دانی خوێنبەها و تەنانەت سێدارەی بۆ دیاری کردووە...
بەڵام لە کۆمەڵگادا کەسانی خاوەن بیری مرۆڤ دۆست هەمیشە لە بنەماڵەی خاوەن کووژراوەکە و گوند و شار و هۆزەکان دا هەبوون و دەبن کە قۆڵی ئاشتیخوازیان هەڵماڵیوە بە هەر شێوەیەک بوونە هۆکاری ئاشتی و بکووژەکەیان لە مەرگ ڕزگار کردووە و ژیانێکی تازەیان بە تاوانبارەکە داوەتەوە... لێرەش لە گوندی "قووڵە سوێروو" لە مەڵبەندی سەردەشت بە تێکۆشان و چالاکی چەند ساڵە و ماندوویی نەناسانەی کۆمەڵێک مرۆڤی دادپەروەر و ئاشتیخواز و بەرپرسان و کارمەندانی دادگوستەری سەردەشت لە ڕۆژی ۱٨ی بەفرانباری ساڵی ۱۳۹٨ی هەتاویدا بنەماڵەی خودا لێیخۆشبێ "ڕێبوار محمدزادە" و خزمانی دێی "قووڵە سوێروێ" دوای پێنج ساڵ گیان لە دەست دانی کوڕەکەیان لە ڕێ و ڕەسمێکی نموونەییدا دەستی بەزەی یان درێژکردو پەتی سێدارەیان تووڕ هەڵداو بە لەخۆبووردوویی و ئەوپەڕی سۆزی مرۆڤ دۆستانە کەسێکیان بە ناوی "ع. محمدپور" ئامۆزای کوژراوەکە کە بە تاوانی مەرگی ڕۆڵەکەیان دەستگای "دادپەروەری" حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاندبوو، دەبوو ڕۆژی ۲۰ی بەفرانبار دوو ڕۆژ دوای ئەو بەخشینە بە تۆڵەی ڕێبوار لەسێدارە درابا " بەخشــــــــــــرا"و بەو کارە هەم فەرمانی خودایان بە جێ هێنا کە فەرموویە "بەخشین لە تۆڵە باشترە" و هەم بنەماڵەیەکیان بۆ هەمیشە کردە سوپاسگوزاری خۆیان و هەم مەڵبەندی سەردەشتیان پێ سەرفیرازکرد.
بەخشین یەکێکە لە سیفەتەکانی پەروەردگار...
بەخشین گەورەیی ئەخلاقی و ئیمانی بێ پەڵەی دەوێ...بەخشین بەزەیی دەوێ...
بنەماڵەی خودا لێ خۆشبوو بە ئەوپەڕی مەردایەتی و ئەخلاق بەرزی ... تکاو ڕەجای مرۆڤە کارچاک و نیاز پاکەکانیان وەرگرت و هەوری بەزەییان بارانی لێخۆشبوونی ڕژاندە سەر شان و ملی خەڵکی مەڵبەندی سەردەشت، ئەو بەخشینە لە مێژووی مەردایەتی و ئەخلاق و ڕەوشت بەرزی دا تۆمارکرا...
هەر بۆیە دەبێ وەک ئەمەگ و وەفا و پێزانین بۆ ئەو هەنگاوە خێرخوازانە کڕنۆش بەرین و ئەو هەڵوێستە لەسەر لاپەڕەی دڵمان بنووسین و هیوادارین خانەوادەی دیکەش ئەو بنەماڵەی بکەنە بە سونبول و نموونە و بە دەستە پڕ لە ڕەحم و بەزەی یەکانیان پەتی سێدارەکان شل کەنەوە...