تاریخ: ۱۳۹۸/۹/۲۹
ئێوارە کۆڕێک بۆ شاعیری نوێترخوازی سەقزی لە مەهاباد
لە درێژەی کۆڕ و چالاکییەکانی بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریان، ئەو بنکەیە ڕۆژی پێنج شەممۆ ڕێکەوتی 28ی سەرماوەزی 2719 بە هاوکاری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد، ئێوارە کۆڕێکی بۆ شاعیری نوێترخواز حەمەساڵە سووزەنی ڕێکخست.
کۆڕەکە سەرەتا بە خوێندنەوەی چەند شێعر لە لایەن حەمەساڵەی سووزەنییەوە دەستی پێکرد و دواتر پەنێلی زانستی بە بەشداری حەمەساڵەی سووزەنی(شاعیر و ڕەخنەگر)، قادر نیازی(شاعیر، ڕۆژنامەوان و ڕەخنەگر)، جەلال پوور حەسەن(ڕەخنەگر)و ڕەسووڵ ئامادەپوور(شاعیر و ڕەخنەگر)بەڕێوەچوو.
قادر نیازی وەک ئەندامی لێژنەی زانستی بە ئاراستەکردنی هەندێ لایەنی تێئۆریک و نەزەری،  شێعری نوێترخوازی هێنایە بەرباس. ئەو هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی ڕەخنەی فڕانکفۆڕتی، هەندێ لایەنی زمانی و فۆڕمیی شێعری نوێتر خوازی هێنایە بەرباس و لە بواری جوانی ناسی و دێکستڕاکشێن(واسازی و شالودەشکنی)، پەنێلی خۆی ئاراستەکرد.قادر نیازی دەکۆتایی باسەکەی دا، هەندێ جیاوازی لە نێوان شێعری نوێترخواز و فەراسپی دا باس کرد و ئاماژەی بە هەندێ کێشەی واتایی دە ڕێکەوەندی نوێترخوازدا کرد. هەروەها شێعری نوێترخوازی لە  ڕەهەندی جوانی ناسییەوە بە (جوانی ناسی نەفی)کە لە بنەماسەرەکییەکانی شێعری مالارمەیە شوبهاند و هەروەها لە بواری فۆڕمیشەوە شێعری نوێترخوازی بە تێکەڵاوێک لە شێعری حەجم و حەڕەکەت لەقەڵەم دا.
بەشی دووهەمی پەنێلی زانستی ئەو کۆڕە لەلایەن جەلال پوورحەسەن بەڕێوە چوو کە بەکەڵک وەرگرتن لە تێئۆرییەکانی ژاک درێدا و ڕەهەندی گڕاماتۆلۆژی و تکنیکەکانی زەربدەر لێدان،  لە گیومە گرتن، دالی دال یا دالی قەبە، تەوسیع یا ئینتشار بە یارمەتی فلێش لە چوار لاوەی جوغرافیایی، و هەروەها لە قاب گرتن خوێندنەوەی خۆی لەسەر نوێترخوازی ئاراستە کرد. جەلال پوورحەسەن بە ئاراستەکردنی وتارێکی پوخت لەسەر شێعری نوێتر خواز، لایەنی گراماتۆلۆژی و نیشانەشناسی نمایە ئاوایی و گڕامێرییەکانی شێعرەسات و هەروەها تەحلیلی گوفتمان، شێعری نوێترخوازی هێنایە ژێر باس و تاوتوێ.
بەشی سێهەمی پەنێلی زانستییەکە بە خـوێندنەوەی وتارێکی پوخت و پاراوی ڕەسووڵ ئامادەپوور،شاعیر و ڕەخنەگری مەهابادی(هێما) درێژەی پێدرا. هێما دە وتارەکەی دا بە سەرنج دان بە ڕەوتی نوێخوازی شێعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سوارەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستاش چەندین شاخەی پڕبایەخ و گەشەداری لێ کەوتۆتەوە، حەولی دا خوێندنەوەیەکی زانستی لە شێعری نوێتر خواز ئاراستە بکا.
بەشی چوارومی پەنێلەکە درایە دەست شاعیر و ڕەخنەگر، حەمەساڵەی سووزەنی.  سووزەنی بە پێداچوونەوە بە هەر سێ بەشی پێشووی پەنێلەکە حەولی دا لایەنە شاراوەکانی ڕەوتی نوێترخوازی دەربخا و بە باسێکی تێر وتەسەل لەسەر شێعری نوێترخوازی کوردی و فەراسپی فارسی بدوێ. سووزەنی هەروەها شێعری فەراسپی کە لە لایەن کەیوان ئیسلاح پەزیر و فەرزاد میرئەحمەدییەوە جێگای خۆی لەنێو فارسەکان دا کردۆتەوە، تەواو بە خاوەن فۆنداسیۆن و پێکهاتەیەکی کوردی لەقەڵەم دا و جەخت و پێداگریشی هەر لەسەر ئەوە بوو کە ئاخێزگەی شێعری فەراسپی هەمان شێعری نوێترخوازییە کە بەر لە هەموو نەتەوەیێک، دە نێو کوردان دا سەری هەڵداوە و ڕەگاژۆشی کردووە و دواتر لە لایەن فارسەکانەوە وەک ڕەوتێکی بەرچاوی شێعری لێی ڕواندراوە.
کۆتایی ئێوارە کۆڕی دوێنێ تەرخان کرا بە وەرگرتنی پرسیاری ئامادەبووان و ڕێز گرتن لە حەمەساڵەی سووزەنی... شایانی باسە کە پرسیارەکان هەر لە لایەن حەمەساڵەی سووزەنییەوە وڵامیان دراوە.