ئەرسەلان بورنا (شرۆڤەکاری سیاسی)
دەوڵەتی '' تەدبیر و ئومید " بە سەرۆکایەتی حەسەن ڕووحانی لە دوایین مانگەکانی خولی یەکەمی ڕێوەبەرایەتی نزیک دەبێتەوە. زۆربەی ڕەخنەگران و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی لە سەر ئەم باوەڕەن کە ئەم دەوڵەتە دوابەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی لە جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی سەرکەوتوو نەبووە. ئەگەرچی سەرکۆماری یاساناس لەسەر دەنگی ڕیفۆرمخوازەکان و کەسانی سەربەخۆ کلیلی بەڕێوەبردنی وڵاتی بە دەستەوە گرت بەڵام ئەمڕۆکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو شوێنکەوتووی جێگرەوەیەکی بەهێزتر و دەستڕۆیشتووتر بۆ وەدی هێنانی خاڵە ڕەواکانی یاسای بنچینەیینە. گرێدراو بەم پرسە چەند خاڵێکی دیکە دەرکەوتوونە کە جێی ڕەزامەندی کۆمەڵگا نییە.
سیاسەتە نێوخۆیییەکانی دەوڵەتی ڕووحانی وێڕای سەرنجدان بە ئاستی گۆڕانکاری و بەڵگە بەردەستەکان نەک تەنیا وەڵامدەری داواکارییەکانی خەڵک و کۆمەڵگا نەبووە بەڵکوو بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردنیشی بە تەواوی پشت گوێ خستووە و هیچ ڕەنگدانەوەیەکی جێی هیوای نەبووە. وێدەچێ، ڕێچکەیەک کە لە دەوڵەتەکانی پێشوودا خۆی سەقامگیر و داسەپاندووە لەم دەوڵەتەش بە شێوەیەکی جیاواز و نەرمتر خۆنوواندن دەکات. لانیکەم دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد ڕاشکاوانە لە ئاستی نێوخۆیی لەهەمبەر سنووردارکردنی ڕەخنەگران و دەنگی ناڕازی کردەوەخوازانە هەڵسوکەوتی دەکرد و ئێستاکەش دەرکەوتووە کە دەوڵەتی ڕووحانی شتێکی جیاوازتری بۆ وتن نییە.
ئەم دەوڵەتە لە تێکدان و گۆڕانی دۆخی یەک جەمسەری لایەنی بنەماخواز (اصولگرا) لەسەر کۆمەڵگا هەنگاوی ئەرێنی و بەرچاوی هەڵگرتووە بەڵام یاساکان لە ژێرناوی هێڵە سوور و قەدەغەکراوەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە. بەدڵنیایی، دەنگی ناڕازی و ڕەخنەگر کۆڵەکەی کۆمەڵگایەکی بزۆز، زیندوو و کراوەیە کە ئەم بابەتە لە لایەن دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدەوە وەک مەترسییەک نزیکایەتی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە. هەربۆیە، پێشنیار و ڕەخنەکان لە چوارچێوەی دژایەتی لەگەڵ دەوڵەت لێکدانەوەیان بۆ دەکرێ و زۆربەی جار ڕووبەڕووی سنووردارکردن هاتوونەوە.
بارودۆخی نێوخۆیی وڵات پێداویستی بە کەشێکی کراوەتر هەیە بەڵام بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ڕووحانی نەک تەنیا ئەم دۆخە بەرەو باشتر بوون نەڕۆیشتووە بەڵکوو ڕەهەندێکی جیاوازتر و توندتریشی بە خۆوە گرتووە.
کۆمەڵگا ئێستاکە زێدەتر چاوی لەسەر گەشەسەندنی ئابووری بڕیوە و ئەوەش بۆ دۆخی نالەباری ژیان لە دابین کردنی پێداویستییەکان دەگەڕێتەوە. لەڕاستیدا، دەوڵەتی " تەدبیر و ئومید " لە ڕامیاری دەرەکی یەکجار ڕیفۆرمخوازانە کاری کردووە بەڵام لە گۆڕەپانی نێوخۆییدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بنەماخوازان نەبووە. ڕێکاری پشتبەستن بە کردنەوەی دەرگاکانی ئابووری وڵات بە ڕووی سەرمایە دەرەکییەکان و ئاوڕنەدانەوە لەسەر کارگە خۆماڵییەکان؛ ئەم بەستێنەی زێدەتر لە جاران ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و قەیران کردووە. بەگشتی، گرینگە پرۆسەی پەرەسەندنی ڕامیاری شان بە شانی پەرەسەندنی ئابووری بایەخی پێ بدرێ و مژارەکانی وەک خاڵی ١٠ – ی پارتەکان، خاڵەکانی یاسای بنچینەیی لە تەنیشت بەدواداچوونێکی ورد بۆ نهێشتنی گەندەڵی ئیداری، ژینگە، پرسی ژنان، دۆخی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان، کوشتنی کۆڵبەران و دۆسییەی فیشە بانکییەکان گرینگایەتییەکی زۆرتریان بۆ چارەسەری پێ بدرێ و هەروەها، دەوڵەت وەڵامێکی لۆژیکی و باوەڕ پێ کراوی بۆ خەڵک پێ بێ نەک تەنیا نامەیەکی بێ بایەخ.