تاریخ: ۱۳۹۵/۹/۸
کوردی ئێران ده‌توانێت بازه‌رگانی له‌گه‌ڵ ۴۷ ملیۆن کوردی جیهان بکات
بە ڕاپۆرتی هاژە بە گێڕانەوە لە مێهر جێگری وه‌زیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاری وتی: خه‌ڵکی کوردستان به‌ یارمه‌تی که‌رتی ICT ده‌توانن بازه‌رگانی له‌گه‌ڵ ۴۷ ملیۆن کوردی ناوچه‌که‌دا بکه‌ن.


مورته‌زا به‌راری، دوێنێ له‌ میانه‌ی قسه‌کانی خۆی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی گرووپی کاری پارێزگای کوردستان وتی: ئه‌زموون نیشانی داوه‌ که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ که‌رتیICT سه‌رمایه‌دانه‌ریان کردووه‌ په‌ره‌ی زیاتریان ستەندووه‌ و پێشکه‌وتووترن.

ئه‌و گوتی: بۆ نموونه‌ ته‌کنۆلۆژیایICT بۆ کاری بانکی که‌ڵکی زۆری بووه‌، له‌ لایەکەوە هه‌لی کاری دروست کردووه‌ و له‌ لایەکی دیکه‌وه‌ کاره‌ بانکییه‌کان به‌ ڕاده‌یه‌کی فراوان که‌م بووه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکی ئێسته‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی زۆر بچنه‌ ڕیزی بانکه‌کان خۆیان له‌ ماڵه‌وه‌ کاره‌ بانکییه‌کانی خۆیان به‌ ئینترنت ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

به‌راری وتی: هه‌ڵبه‌ت کوردستان له‌ سێ که‌رتی کشت و کاڵی، گه‌شتیاری و کانزا سامانی سروشتی زۆر باشی هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ش گه‌ر پلانی باشمان بۆیان هه‌بێت ده‌توانن داهاتی باشیان بۆ پارێزگاکه‌ ببێت.

جێگری وه‌زیری تەکنۆلۆژیا جه‌ختی کرد: ته‌کنۆلۆژیای ICT پشکی باشی له‌ په‌ره‌دان به‌ که‌رتی گه‌شتیاری هه‌یه‌ و ده‌توانێت به‌ ده‌یان هه‌لی کار بۆ پارێزگاکه‌ دروست بکات. له‌م پارێزگایه‌ یه‌ک ملیۆن و ۵۰۰ هه‌زار دانیشتوو هه‌یه‌ که‌ هه‌ر به‌م ڕێژه‌یه‌ش ژماره‌ موبایل هه‌یه‌. ڕێژه‌ی دانیشتوانی کوردی ئێران ۷ ملیۆنه‌ و کورد به‌ گشتی ۴۷ ملیۆن که‌سن له‌ جیهاندا، ئه‌مه‌ش باشترین درفه‌ته‌ بۆ کوردی ئێران که‌ کاری بازه‌رگانی له‌گه‌ڵ کورده‌کانی جیهان بکات و به‌م کاره‌ داهاتێکی باش به‌ لای خۆیاندا ڕابکێشن.

ئه‌و له‌ کۆتاییدا وتی: له‌ سه‌ره‌تای هاتنی ده‌وڵه‌تی ڕۆحانیه‌وه‌ تاکوو ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ ۳۰۰ ملیار تمه‌ن له‌ که‌رتی ئینترنت و ته‌له‌فوونی ئه‌م پارێزگایه‌دا سه‌رمایه‌دانه‌ری کراوه‌ و تاکوو کۆتایی ده‌وڵه‌تی ده‌هوم ۱۸۰ ملیار تمه‌نی دیکه‌ش سه‌رمایه‌دانه‌ری ئه‌نجام ده‌درێت.