تاریخ: ۱۳۹۵/۹/۸
"ڕادیۆ کوردی کرماشان" لە ئاوێنەی مێژوودا

هاژه- ڕادیۆ کوردی کرماشان لە سەرماوەزی ساڵی 1337ی هەتاوی دەستی بە وەشان کرد و لە ڕۆژ دا بەرنامەکانی خۆی 1 کاتژمێر بە زاراوەی سۆرانی و 30 خولەک بە زاراوەی کەڵهۆڕی بڵاو دەکردەوە.


ئەو ناوەندە لە ڕێگای ڕاسپێرێکی بەهێزی سەدکێلۆ واتی تەواوەتەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە ژێر ڕەکەیفی خۆی خستبوو و داڕێژەرەکانی بە گوێ هەموو بیسەرێک دەگەیشت. کاتێک ماوەی بەرنامەکانی ڕۆژانە بە 5 کاتژمێر زیادی کرد و لە ڕۆژانی هەینی بەرنامەیەکی 2 کاتژمێری لە هەڕەتی کازیوەی بەرەبەیان داندرا، لە تەواوەتی کوردستان پێشوازێکی بێ‌وێنەی لێکرا. بڵاوبوونەوەی داڕێژەرەکانی خۆش و پڕناوەرۆکی ڕادیۆ کرماشان هاندانی هونەرمەندان، شاعیران و نووسەرانی بە دوای خۆی دا پێوە هات بە جۆرێک کە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا شێعر و پەخشانی کەسانی وەک مامۆستا هێمن، مامۆستا قانع، مامۆستا گۆران، مامۆستا حەقیقی، مەریوان و شێخ ڕەئوف دەناردرا.

بەڕێوەبەرایەتی ڕادیۆ کرماشان لە سەرەتادا بە وەلی‌وڵڵاهی کامڕانی سپێردرا، دوای هاتنی شوکروڵڵای بابان لە ڕادیۆ کوردی تاران بۆ ڕادیۆ کرماشان، ئەرکی بەڕێوەبەرایەتێکە بە بەڕێزیان درا، لە ساڵی 1347ی هەتاوی لە سەڕاوە بەڕێوەبەرایەتی ڕادیۆ کرماشان بە وەلی‌وڵڵاهی کامڕانی دراوە و ناوبراو بە ماوەی 3 ساڵان ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ بوو کە دواتر ڕێزدار محەممەد(هۆمایون) کەمانگەر وەک بەڕێوەبەر دەست نیشان کرا، ناوبراو بە دەست بەکاربوونی هەر لە هەوەڵ ساتەوە بە تەواوی هێز و توانا و ورەوە بڕیاری گۆڕانکاری سەرەکی و گشت‌گیری لە بڵاوکردنەوەکانی ڕادیۆ کرماشان دا.

بەڕێزیان بە ئاگاداری و زانستێک کە هەی بوو هاوڕێ لە گەڵ کادرێکی بە توانای نووسەران، وێژەران، وەرگێڕان و پێکهێنەران ماوەی بڵاوبوونەوەی بەرنامەکانی کوردی ڕادیۆ کرماشانی لە 5 کاتژمێرەوە بە 12 کاتژمێر لە ڕۆژدا زیاد کرد و ئاستی بەرنامەکان لە بواری دەق و ناوەرۆکیشەوە لە ئاستێکی بەرزی قەرار دا کە ئەو کارە سرنجی بیسەرانێکی زۆری لە کوردستانی عێراق، تورکیا، سوریە و کوردانی ئەرمەنستانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و هەر بەو هۆیەشەوه ئەو ناوەندە وەکوو هەوەڵین ناوەندی ڕادیۆی کوردی لە ئێران و وڵاتانی دراوسێ دەناسرا.

بەرنامەکانی ڕادیۆ کرماشان لە بەش گەلێکی وەکوو بەشی وێژەران و وەرگێڕان، بەشی پێکهێنەران، بەشی شانۆ، بەشی مۆسیقا و بەشی بەرنامەکانی ئەدەبی لە خۆ دەگرت کە لە بەشی وێژەراندا کەسانی بە‌ناوبانگی وەک محەممەد کەمانگەر، وەلی‌ڵڵا کامڕانی، شوکروڵڵای بابان، سەید عەزیز عەلەوی و خاتوو میدیای زەندی بەڕێوەیان دەبرد، لە بەشی نووسەران و وەرگێڕاندا گەورە مامۆستایانێکی وەک مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی، مامۆستا سەید تاهیر هاشمی، دوکتور سەدیق موفتی‌زادە، مامۆستا مەلا محەممەد ڕەبیعی، کاکە سواری ئیلخانی‌زادە، عەبدووڵڵا مەردووخی، محەممەد ساڵح ئیبڕاهیمی، سەید ئیسماعیل حسێنی و ئەحمەد شەریفی خەریکی چالاکی بوون، لە بەشی پێکهێنەری کەسانێکی وەک عەبدووڵحسێنی ناسحی، هوشەنگ چاوش، موزەفەر کەمانگەرپوور، جەلیل قاسمیان، عەباس گورجی و عوسمان ئەحمەدی ئەرکیان لە ئەستۆ بوو.

 هونەرمەندانێکی وەک میدیا زەندی، شەوکەت لەهونی، لەتیف هاشمی، مەنسوور ئەردەڵان، سەید کامیل حەیدەری ڕازانەوەی بەشی شانۆیان پێسپێردرابوو کە بە ڕاشکاوی دەتوانێ بگوترێ کە بۆ هەوەڵین جار لە مێژووی ئێراندا لە ساڵی 1339ی هەتاوی شانۆنامە بە زمانی کوردی لە ڕادیۆ کرماشان بەڕێوە چوو و لە ساڵوەگەری هه‌ڵتەزێنەوەی مەشروتەدا لە ڕۆژی 4ی گەلاوێژی 1339ی هەتاوی، تێکستی یەک شانۆنامەی ڕادیۆیی لە دەورگێڕی سەرداری بوێری کورد، یارمحەممەد خانی کرماشان بەڕێوەچوو کە تێکستی شانۆکە لە لایان ڕێزدار محەممەد کەمانگەر بە هاوکاری وەلی‌ڵڵا کامڕانی، زارا نایینی، محەممەد عەلی زەبیحی، حێشمەت‌وڵڵاهی خامەچی بەڕێوەچوو، پێشوازێکی بێ‌وێنەی لە لایان خەڵکی کوردەوە لێکرا، هەر ئەنجام دانی ئەو شانۆنامەیە بوو بە پێش‌زەمینەی دروست کردنی شانۆگەلێکی حەوتەیی و دواتر شانۆنامەی ڕۆژانەی بە دوای خۆیدا هێنا، بە جۆرێک کە هەر شەو بەرنامەیەک بە نێوی چیرۆکی شەو بڵاو دەبۆوە.

لە هەرە شانۆ سەرکەوتووەکانی ڕادیۆ کرماشان شانۆنامەی "حەمە شوان" بوو کە شوکرڵڵای بابان نووسیبوی و محەممەد کەمانگەر دەورگێڕی و ڕۆڵی "حەمە شوان"ی لە ئەستۆ بوو، ئەو شانۆنامەیە لەو ڕوویەوە کە زووڵم و زۆری بە سەر فەقیر و هەژارەکانی کۆمەڵگای لادێ بۆ بیسەران باس دەکردەوە، خاوەن جێگایەکی زۆر تایبەت بوو.

لە بەشە هەرە تایبەتەکانی ڕادیۆ کرماشان دەتواندرێ ئاماژە بە بەشی موسیقا بکردرێ کە لەوێدا گەورە هونەرمەندان و مامۆستایانێکی وەکوو حەسەن زیرەک، موجتەبای میرزادە، محەممەد ماملێ، سەید محەممەد سەفایی، ئیسماعیل پیرخزری، ئیسماعیل مەسقەتی، ئیسماعیل سابوور، یەدووڵڵا ڕەحمانی، شەهاب جزاییری، مەزهەر خالەقی، مه‌هدییە زەندی، عەتائەڵڵا سەعید مەنسوور، عوسمان کیمنەئی، خەریکی چالاکی بوون کە ئیجڕای موسیقا بە چەشنی ڕاستەوخۆ جۆش و خرۆشی بەرنامەکەی چەند هێندەتر کردبوو، بوونی کەسێکی وەک محەممەد عارف جەزراوی لە ڕادیۆ کرماشان نیشانەی بایەخی ڕادیۆ و جێگای تایبەتی وی لە لای ئەهلی هونەر بوو و لە لایەکی تریشەوە گۆرانێکانی مامۆستا سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی دڵی هەر خاوەن هەستێکی بۆ لای خۆی دەرفاند.

بەشێکی‌ تری ڕادیۆ کرماشان، بەرنامەکانی ئەدەبی بوو کە سەید تاهیر هاشمی و کاکە سواری ئیلخانی‌زادە بەڕێوەیان دەبرد، بەرنامەی وەک "هەوارگەی دڵان" و "گوڵزاری ئەدەب" لە نووسینی سەید تاهیر هاشمی و "تاپۆ و بوومەلێڵ" لە نووسینی کاکە سواری ئیلخانی‌زادە بوو و لە بەشێکی‌ تری بەرنامەکانی ئەدەبی، بەرنامەی "کاروانی شێعر و هونەر" بوو کە شوکروڵڵای بابان، محەممەد کەمانگەر و سەید عەزیز عەلەوی بەڕێوەیان دەبرد.

دەنگی شوکرڵڵای بابان لە بەرنامەی "کاروانی شێعر و هونەر" دەنگێکی هەرە تایبەتی شەوانەی ڕادیۆ کرماشان بوو کاتێک دەیگووت:

 

"موتریب وەرە دەستی من وەدامانی وەفات بێ

سووتام بە مەستی نەیەوە دەنگی نەوات بێ

هەستە وەرە لەو جامی ئەلەستی بدە دەستم

بەستەی دەری گوڵزارە ئەوەی مەستی سەفات بێ"

 

ڕادیۆ کرماشان کە لە نێوان ساڵەکانی 1360-1350ی هەتاوی بەڕێوەبەرایەتێکەی لە سەر شانی ڕێزدار محەممەدی کەمانگەر بوو لە هەرە ساڵەکانی شکۆداری چالاکی ڕادیۆ کرماشان دێتە ئەژمار، جۆرێک کە لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا بەرنامە گەلێکی وەکوو فێر کردنی زمانی کوردی، دەستوری زمانی کوردی، وڵاتی خۆت بناسە، ڕۆڵ و پێگەیەکی تایبەتی لە دەوڵەمەند کردن و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی پەیدا کردبوو، بە جۆرێک کە ئەو ناوەندە وەکوو قوتابخانە و حه‌تا زانکۆیەک بۆ فێر کردن و گوتنەوەی زمانی کوردی لێهاتبوو، هەر بەو هۆیەشەوە ڕادیۆ کرماشان لە ماوەی 26 ساڵ خزمەتی زێڕینی بە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی توانی کارنامەیەکی سەرکەوتوویانە لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەربگرێ.

- بەڕاستی کاتێک کە مامۆستایان محەممەدی کەمانگر و شوکرڵڵای بابان هاوڕێ لە گەڵ دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەک لە سەر ڕادیۆی کرماشان دەدوان و لەو کاتەدا تک تک فرمێسک بە چاوانیان دەهاتە خوارێ دەیانگووت: "ئێمە ئامانجمان فەقەت خزمەت بوو و ئەوە داهاتووانن دەبێ ببنە دادوەر و بۆخۆیان هەڵی سەنگێن کە لە هەل‌ومەرجی ئەو دەم دا چمان کردووە"، دڵی هەر خاوەن هەستێکی دەخستە ژان.


- هەر لێرەشەوە لە سەرجه‌م دڵسۆزان و خەمخۆران، بەتایبەتی بەرپرسانی ڕادیۆ کوردی تاران و ڕادیۆ کرماشان داواکارین چ بە قەڵەم، چ بە قەدەم، حەول‌وتەقەلایەک بدرێ تا بەرنامەکانی ئەو سەردەم وەکوو "هەوارگەی دڵان"، "گوڵزاری ئەدەب"، "تاپۆ و بوومەلێڵ" و "کاروانی شێعر و هونەر" بە جێگای ئەوەی کە لە ئاڕشیودا تەپووتۆزی لێ بنیشێ، وەک پێزانینێک بۆ خزمەتی ئەو ئازیزانەی کە لەوێ پێنووسیان لێدا، هونەریان نوواند، شەو نەخونیان کێشا بیدەنە دەرێ تاوەکوو وەک نۆستالۆژیکێکی فەرهەنگی کە زۆربەی خەڵک بیرەوەریان لە گەڵی هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ کاری لێکۆلەری و تۆژینەوە ئەدەبی و هونەری بەرەی ئێستا کەڵکی پێویستی لێوەرگرن.