تاریخ: ۱۳۹۵/۹/۴
ستراتیژییەت؛ بە دەستەوە گرتنی ناوەندی یاری

 

ئەرسەلان بورنا(شرۆڤەکاری سیاسی)
"هێزەکانی سووریا دیمۆکراتیک" بە پاڵپشتی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش دەستیان بە ئازادکردنەوەی پایتەختی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕەقا کرد. ئەم بڕیارە هەڵوێست و دژکردەوەی باش و جۆراوجۆری لێکەوتەوە و وڵاتانی تورکیا و عەرەبستان بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان نیشان دا. سەرەڕای تەواوی ئەوانە نەک تەنیا هیچ ئەرکێک بۆ ئەم دوو وڵاتە دەست نیشان نەکرا بەڵکوو ئەمەریکاش یارمەتیدانی تورکیای بۆ گرتنی شاری باب ڕاگرت. گۆڕانکارییەکانی ئێستاکە هەڵگری شرۆڤەی زۆرە و لەلایەکی دیکەوە، گۆڕەپانی ڕامیاری و نیزامی سووریای تێکچنراوەتر کردووە.

"پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک"(پەیەدە) زۆر ژیرانە و وردبینانە خەریکە بیرۆکەیەکی ستراتیژیکی گشتگیر کە هەموو گەلانی ئەم هەرێمە لە سەر ئەو بە کۆدەنگی گەیشتوون، کردەوەیی دەکات. بەدڵنیایی ئەم بیرۆکەیە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ڕامیاری دەوڵەتی تورک و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەئاست بە سووریا هەیە. کاربەدەستانی کانتۆنەکان بەباشی تێگەیشتوون کە چارەسەری پرسەکان لەم قۆناپغە هەستیارە لە تەواوی خاڵەکاندا بەم شێوازە ئەگەری مسۆگەربوونیان دوور لە چاوەڕوانییە. هەربۆیە، پێداگری ئەوان لەسەر هەڵوێستیان دەتوانێ هۆکاری تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان و قووڵ بوونەوەی کێشەکان ببێ.

بەرپرسانی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا سەبارەت بە ئازادکردنەوەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری فڕات باش تێدەگەن کە پشتبەستن بە ستراتیژییەتی "هەموو شتێک یا هیچ شتێک" ئەزموونیان دەخاتە مەترسییەوە و لە ئاکامدا، دۆڕاوی هاوکێشەکان دەبن. دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی دەست تێوەردانی چەکداری توانی چەند شار و شارۆچکە داگیر بکات بەڵام وردبینی و هەڵسوکەوتی ژیرانە لە لایەن خۆسەرییەکان لە درێژخایەندا دەرفەتێکی گونجاو بۆ سەردەستی و سەرکەوتنی ئەوان لەهەمبەر تورکیا و تاقمە تیرۆریستییەکانی کە لە لایەن ئەو پشتیوانی دەکرێن، دەرەخسێنێت.

فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا لەم قۆناغەدا دەبێ لەسەر ئازادکردنەوەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فڕات و لەلایەکی دیکەوە، لەسەر گەمارۆدانی وردە وردەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەم ڕووبارە ڕاوەستە بکات. کەواتە، دەبێ تەواوی بەشەکانی ژێر دەستی تیرۆریستان لە ڕوانگەی ئەوانەوە بە ڕادەیەک گرینگ و ستراتیژیک بن کە بەم جۆرەشە. شتێک کە ڕوون و بەرچاوە ئەوەیە کە ئەوان هەوڵ دەدەن هیچ جۆرە دزەکردنێک بۆ نێو هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕوو نەدات و هاوکات تێدەکۆشن پێگەکانی لایەنی بەرانبەر گەمارۆ و لاواز بخەن. لەم ڕوویەوە، ئێمە بەردەوام شەڕ و پێکدادانی گەورە و بچووک لە دەوروبەری شاری "باب" و هەرێمەکانی دیکە دەبینین کە نیشان لە پەێرەوکردنی ڕامیارییەکی لۆژیکی و درێژخایەنە.

ئەگەرچی دوو لایەنی کورد و تورک خوازیاری کردەوەیی کردنی پیلانەکانی خۆیانن بەڵام دوا بە دوای دەست پێ کردنی ئوپراسیۆنی ئازاد کردنەوەی شاری ڕەقا؛ هاوسەنگی کێشەکان بە تەواوی بەرەو کانتۆنەکان دەشکێتەوە. ئەم ڕامیارییە لە درێژخایەن هۆکاری تێکەڵاوی زۆرتری گەلانی سووریا لەگەڵ فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا دەبێ و ئەم بابەتە کۆتایی بە داگیرکەری تورک دەهێنێ و دەستڕۆیشتوویی ئەو لە نێو خاکی سووریا و جیهانی عەرەب سنووردار دەکات.

ئەرتەشی دەوڵەتی تورک بە پاڵپشتی تاقمە تیرۆریستییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە شاری حەلەب، لەناوبردنی دەستکەوتەکانی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا و لە ئاستێکی بەربڵاوتر زیندووکردنەوەی ئیمپراتوری نوێ عووسمانی دەستی بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ نێو خاکی سووریا کردووە. کەواتە، گرینگە کانتۆنەکان بۆ وەدی هێنانی ئامانجەکانیان و سەقامگرتوویی زۆرتری ڕامیاری و ئابوورییان ئەم دۆخە درێژ بکەنەوە و گۆڕەپانی ئاڵۆزی سووریا وێڕای بەشداری پێ کردنی وڵاتە دەستڕۆیشتووەکانی ئەمەریکا و سووریا بە قازانجی خۆیان بشکێننەوە. ئەمڕۆکە بۆ هەمووان دەرکەوتووە کە تورکیا لە دەرەوەی گەمەیە و جێی حاشا نییە کە گەمارۆی هەنگاو بە هەنگاو لەسەر بنەوانی ستراتیژییەتی بەدەستەوە گرتنی ناوەندی یاری بە باشی لە لایەن کورد و هاوپەیمانانی خەریکی جێبەجێ کردنە.