تاریخ: ۱۳۹۵/۹/۳
سادق ئەمیری دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە یانەی واڵیباڵی فەرمانداری ڕاگەیاند

به پێ هەواڵی هەواڵدەری هاژە، ئەمڕۆ 3ی سەرماوەز لە ئاکامی یاری واڵیباڵ لە نێوان تیمەکانی موقاوەمەتی فەرمانداری مەهاباد و تیمی هەمەدان دا، واڵیباڵی موقاوەمەتی فەرمانداری مەهاباد توانی 3بە2 تیمی میوانی خۆی تێک بشکێنێ.

لە دوای یاری دا سادق ئەمیری ڕاهێنەری تیمی واڵیباڵی مەهاباد لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری هاژە دا لە سەر بارودۆخی تیم و یاریزانان ڕایگەیاند کە تیمی واڵیباڵی موقاوەمەتی مەهاباد لە دژوارتەرین هەل‌ومەرج دا یاری دەکا، ناوبراو لە قسەکانی‌دا تیشکی خستە سەر ئەو کەندوکۆسپانەی کە لە سەر ڕێگای تیم قەراری گرتووە و گوتی کە: زۆر یاریزانیان هێناوە کە هیچ کات بە دڵی ئێمە نەبووە و بە زۆرە ملی لە تیمیان قایم کردووە، نزیکەی سێ چوار حەوتەیە کە دەستمان بە یاری کردووە و شوێنەی حاوانەوە و خەوتنگەمان نیە و یاریزانەکان دەبێ لە ماڵێ خەڵکی بمێننەوە، تیم دەبێ لە حەوتەیدا بەیانیان 3 جەلەسە ڕاهاتنێ بکا، لە حاڵێکدا بەداخەوە ئێمە هیچ ڕاهاتنێکمان نیە، تیمی واڵیباڵ دەبێ لانی‌کەم 16 تۆپی بۆ یاری و ڕاهاتن هەبێ وەلی تیمی مەهاباد تەنیا 7 تۆپی هەیه، یاریزانی من تمەنێکی پووڵ لە گیرفان دا نیە، دەی بە چ دڵخۆشێکەوە بێ یاری بکا، هیچ مەسئول و بەرپرسێک لە تیم ناپرسێ، ئەرێ چ دەکەن؟ چتان پێویستە؟ ئەمن بۆخۆم یاریزانم لە شارێکی دیکە ڕا هێناوە، ئەوەش بارودۆخەکەیە، هەر بەو هۆیانەشەوە بڕیارم داوە ئەو تیمە بەجێ بێڵم و خوداحافیزی لە سەرجەم هەواداران و تیمی موقاومەتی فەرمانداری مەهاباد دەکەم.