تاریخ: ۱۳۹۸/۹/۱۲
قەڵەوترین پیاوی جیهان زیاتر لە نیوەی کێشی دابەزاند
خوان پێدرۆ فرانکفۆی، تەمەن 34 ساڵ کە خاوەن نازناوی قەڵەوترین پیاوی جیهانە بۆ ساڵی 2017 لە کتێبی ژمارە پێوانییەکان "گینیس"دا، ئێستا زیاتر لە نیوەی کێشی دابەزاندوە و کێشی خۆی بۆ کەمتر لە 260 کیلۆگرام دابەزاندوە.
خوان پێدرۆ فرانکفۆ کە خەڵکی وڵاتی مەکسیکە ئەوکاتەی ساڵی 2017 ناوی چوە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانییەکان کێشی نزیکەی 590 کیلۆگرام بو، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا 330 کیلۆگرام لە کێشی دابەزاندوە.
بە گوێرەی رۆژنامەی سەنی بەریتانی، خوان پێدرۆ لەوکاتەدا کە تەمەنی 10 ساڵان بوە بۆ کاروباری رۆژانەی خێزانەکەی ناچاربون خزمەتگوزاری بۆ دابین بکەن، بەتایبەت کە لەو کاتەدا بەدەست هەوکردنی سیەکانی دەیناڵاند، بەڵام ئەو هاوڵاتییە مەکسیکیە لە رێگەی نەشتەگەری بڕینەوەی بەشێکی گەدەی  و چارەسەرکردنی رێجێمی خۆراکی و چارەسەری دەرمانەوە توانی بەسەر کێشە زۆرەکەیدا زاڵبێت.
لەوبارەیەوە خوان پێدرۆ رونیدەکاتەوە، "کاتێک تەمەنم شەش ساڵ بو کێشم 63 کیلۆگرام بو، دوای ساڵێک توشی روداێکی هاتوچۆ بوم نیوەی جەستم شکا و ماوەی ساڵێک لەسەر جێگا کەوتم".
ئەو باس لەوەش دەکات، هەمو ئەو جارانەی کە دەیتوانی دەستی بەرزبکاتە و بەیانیان لەخەو هەڵسێت، بتوانێت پەرداخێک ئاو بەدەستەوە بگرێت و بچێتە تەوالێت هەستی بە دڵخۆشی کردوە.
خوان پێدرۆ ساڵی 2016 ناوبانگی دەرکرد کاتێک پرۆسەی گواستنەوەی لە ماڵەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکەی لە مەکسیک بوە جێگای باسوخواسی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان  وڤیدیۆکانی زۆرترین هاوبەشی پێکرا.