تاریخ: ۱۳۹۸/۸/۱۵
بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی ٙبەھرۆز بوچانی بە زمانی ھۆڵەندیی
ڕۆژی چوارشەمەی داھاتوو، کتێبەکەی بەھرۆز بوچانی، ”جگە لە شاخەکان ھاوڕێیەکی تر نییە“، بە زمانی ھۆڵەندی بڵاودەبێتەوە. بەم بۆنەیەوە ”ڕادیۆی ڤی پێ رۆ“ و ”ڕێکخراوی چالاکیی ئەدەبیی ئەمستردام“ و ”دەزگای چاپ و پەخشی یورگن ماس“، لە شاری ئەمستردام ئێوارەیەک ڕێکدەخەن. ئێوارەکە لە سێنتەری کولتوریی، دی بالی، لە شاری ئەمستردام ڕێکدەخرێت.
بۆنەکە کاتژمێری ٦ و نیوی ئێوارە دەستپێدەکات. سەرەتا رادیۆی ڤی پێ رۆ، کە بە ڕادیۆی بی بی سی ھۆڵەندا ناودەبرێت، ماوەی ٤٥ دەقیقە بەرنامەیەکی تایبەت لەسەر کێشەی وەرگرتن و مەماڵەکردنی پەناھەندە لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا بڵاودەکاتەوە. دوای ئەوە بەھرۆز بوچانی لە ڕێگای سکایپەوە لە دورگەی مانوسی ئوسترالییەوە بۆ ئامادەبووان قسەدەکات. دواتر وەرگێڕی یەکەمی کتێبەکە بۆ زمانی ئینگلیزیی و من لەسەر کتێبەکە بە گشتیی و لەسەر ئەدەبیاتی کوردیی ھاوچەرخ قسەدەکەین.
شایانی باسە ئەم کتێبەی بەھرۆز بوچانی بەرھەمی ئیرادەیەکی ھێجگار بەھێز و خواستی گەورەی تەسلیمنەبوونی مرۆڤە بەو دۆخە نائینسانییەی کە فڕێدەدرێتە ناویەوە. کتێبێکە لە باوەڕی گەورەی مرۆڤەوە بە ووشە و بە نووسینەوە سەرچاوەی گرتوە. لەو قەناغەتەوە ھاتوە ئەوەی ڕوودەدات پێویستە بگێڕدرێتەوە، چونکە گێڕانەوەی حیکایەتەکان دەتوانن شتێک لە دونیا بگۆڕن. بەھرۆز بوچانی بۆ داواکردنی پەناھەندەیی ڕوو لە ئوسترالیا دەکات، کەچی حکومەتی ئوسترالیا لەگەڵ ٤٠٠ کەسێکی دیکەدا لە دورگەیەکدا زیندانیان دەکات و ھەموو پەیوەندییەکانیان بە دونیای دەرەوە دەقرتێنێت. لە ئێستادا ماوەی شەش ساڵە ئەو نووسەرە لە گەڵە چەند سەد کەسێکی تردا لەو دورگەیەدا زیندانە، لە ناو ڕووبەرێکدا کە بە قەبارەی یاریگایەکی تۆپی پێ دەبێت. ئەم کتێبە بەسەرھاتی ژیانی سەختی ئەو کەسانە و ئەو دورگە داخراوە دەگێڕێتەوە. ژیانێک کە بەسەدەھا شێوە بریندار و بێنرخ کراوە.
نووسینی کتێبە خۆشی ڕووداوێکی دەگمەنە. بەھرۆز بۆچانی لەڕێگای تەلەفۆنە مۆبایلەکەیەوە، کە بە شێوەیەکی قاچاغ لە زیندانەکەدا بەکاریدەھێنێت، دەکەوێتە نووسینی کتێبەکەی و لەڕێگای ۆتس ئەپەوە ئەوەی ڕۆژانە دەینووسێت دەینێرێت بۆ وەرگێڕی کتێبەکە، ئەویش بۆسەر زمانی ئینگلیزیی وەریدەگێڕێت. دوای چاپبوونی کتێبەکە دەنگدانەوەیەکی گەورە لە ئوسترالیا و دونیای ئینگلیزیی زماندا دروستدەکات و وەک بەشدارییەکی گرنگ و بەھێزی ”ئەدەبیاتی زیندان“ مامەڵەدەکرێت. کتێبەکە ڕەخنەیەکی ھێجگار بەھێز و ھەمەلایەنە لە سیاسەتی مامەڵەکردنی نائینسانیانەی پەناھەندە لە ئوسترالیادا و نیشاندانی دیوە تاریک و تۆقێنەرەکەی سیاسەتی حکومەتە پۆپۆلیستەکانی ئەمڕۆکەی خۆرئاوایە. بەھرۆز بوچانی لەناو زیندانەکەیەوە تا ئێستا دوو خەڵاتی ئەدەبیی گرنگیی لە وڵاتی ئوسترالیا وەرگرتوە.
کتێبەکە تا ئێستا لە چەند ڕۆژنامەیەکی ھۆڵەندیدا بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ باسکراوە و لە ڕۆژانی ئایندشدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت دەنگدانەوەی زیاتری ھەبێت.