تاریخ: ۱۳۹۵/۸/۲۹
کۆڕی ڕوونوێنی دوو کتێبی کوردی لە بۆکان بەڕێوە چوو
ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان رێوڕەسمی ڕوونوێنی لەسەر دوو کتێبی "جومعەکان" لە نووسینی سەعید نەجاڕی و "مەرگەژین" لە نووسینی بریا کاکەسووری بەڕێوە برد.

به‌ ڕاپۆرتی هاژە بە گەڕانەوە لە مێهر، ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی بۆکان ڕایگه‌یاند که‌ له‌ درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆی رێوڕەسمی ڕوونوێنی لەسەر دوو بەرهەمی تازە به ناوی "جومعەکان" لە نووسینی شاعیری بۆکانی سەعید نەجاڕی ناسراو به ئاسۆ، و کۆمەڵە چیرۆکی ” مەرگەژین” لە نووسینی نووسەری بۆکانی بریا کاکەسووری لە هۆڵی سیمۆرغ لە بینای ئیدارەی فه‌رهه‌نگ و ئیرشاد بەڕێوە برد.

به‌ پێ ئه‌م ڕاپۆرته‌، لە بەشێکی بەرنامەکەدا ئەمین گەردیگلانی، شاعیری بۆکانی لە دووتوێی وتارێکدا بەرەوپیری ئەزموونی شێعری ئاسۆ چوو. گەردیگلانی  لە وتارەکەیدا ئاماژەی به چوارچیوه‌ کلاسیکەکان کرد و ناسین و ناساندنی ئەو بوارەی به گرینگ وەسف کرد.

لە درێژەی ئه‌م کۆڕەکەدا پەنێلێکی زانستی به بەشداری حوسێن شێربەگی، نووسەری بۆکانی و هەروەها یوونس رەزایی، شاعیری نوێخوازی بۆکانی، لەسەر کتێبی "جومعەکان" بەڕێوە چوو.

سەرەتا حوسێن شێربەگی داوای لە هەمووان کرد به پشتگیری لە نووسەران یاریدەدەری بەرز بوونەوەی ئاستی فەرهەنگی وڵاتەکەمان بن. وتاربێژی دووهەم یوونس رەزایی سەرەتا مێژوویەکی کورتی لە شاعیرانی قوتابخانای موکریانی هێنایه ئاراوە و لەسەر هەندێک لە شاعیرانی ئەو بەرەیە وەکوو حەقیقی و نووری و هێدی دوا کە لە کارەکانی ئاسۆدا رەنگدانەوەیان بووە. رەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە شێعری ئاسۆ وێڕای ئافراندنی فەزا و وێنه و زمانی تایبەت، میراتگری بەرەی پێش خۆیەتی و دەکرێ بڵێین درێژەی ئەو رەوتەیه.

لە بەشی دووهەمی کۆڕەکە  بڕیا کاکەسووری تیشکی خسته سەر هەڵسوکەوتی لایەنه پەیوەندیدارەکان و وتی: کەشی فه‌رهه‌نگی بە تایبەتی لە شاری بۆکان کە شاری نووسەران و شاعیران، چڕ بۆتەوە و بەختەوەرانه لە شارەکانی دەوروبەریش دۆخەکە بۆ چالاکی فەرهەنگی کراوەته‌وە. کاکەسووری هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئێستای شاری بۆکان ئەگەرچی زۆربەیان خەڵکی ئەو شارەن بەڵام زۆر کەم ئاوڕ لە ویست و داخوازییەکانی نووسەران و هونەرمەندان دەدەنەوە و ئەوە جێی گلەییه.

هه‌روه‌ها پەنێلی زانستی بۆ لێکدانەوەی کتێبی "مەرگەژین"به بەشداری محەمەد ئه‌مین شامحەمەدی چیرۆکنووس،رەحیم عەبدەلڕەحیم‌زادە نووسەر و دەرهێنەری شانۆ و دوکتور مێهدی رەزایی کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ بەڕێوە چوو.

شامحەمەدی رۆڵی ژن و ئاوردانەوە لە پرسی ژنانی لە کتێبی مه‌رگه‌ژین خسته‌ بەر باس و لێکۆڵینەوە. عەبدولڕەحیم‌زادە دوای ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بریا کاکەسووری جەختی لە هەوڵەکانی کاکەسووری بۆ مەبەستی پەیوەندی کۆمەڵگا به کاری نوێخوازانەوە کرد و وتیشی کەسایەتی و ناوه‌ڕۆکی چیرۆکەکانی ئەو چیرۆک نووسه زۆر لە کۆمەڵگاوە دوور نین و هەر بۆیه کەشێکی گه‌رم بەسەر فەوزای گشتی چیرۆکەکانیدا زاڵه.

دوایین وتاربێژی کۆڕەکه د.رەزایی تیشکی خسته سەر چۆنیەتی بەڕێوە چوونی رێوڕەسمی ڕوونوێنی لە کتێب و وتی لە ته‌نیشت وەها کۆڕگەلێک دەبێ کۆڕی رەخنە و شیکاریش بۆ ئەو کتێبانه بەڕێوە بچن، ئه‌گه‌رنا ئاکامەکەی تەنیا لێشوای چاپی کتێبه، بێ ئەوەی کاریگەری دەسکەوتێکی ئەوتۆ دەستەبەر بکەن.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا بەرێزان فەتاح ئەمیری و مستەفا ئیلخانیزادە و بریا کاکەسووری پەردەیان لەسەر کتێبی "جومعەکان" و "مەرگەژین" لادا.