تاریخ: ۱۳۹۸/۷/۱۳
بۆ چی منداڵی ئەم سەردەمە "بێ شەرمن"؟
ئیما جێنەر توێژەر و نووسەری کتێبی Take Home Nanny، بۆچوونی خۆی لەسەر گۆڕانی رەفتاری ئەمڕۆی منداڵ خستووتەوە ڕوو و دەری خستووە کە بۆچی منداڵ ئەمڕۆ "بەدڕەفتارانە بێشەرمن" بە بەروارد بە منداڵی سەردەمانی پێشوو.
یەکەم: گۆڕانی کۆمەڵایەتیی
دایک و باوکی ئێستا زۆر هەوڵدەدەن تەنها خۆیان منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و کاریگەری کەسی دیکەی لەسەر نەبێت، بەڵام لە پێشوودا، منداڵ زۆر تێکەڵی کۆمەڵگا دەکرا. ئەمەش وایکردووە، منداڵی ئەمڕۆ، سۆزی بە خەڵکی بیانی و کۆمەڵگا نەبێت.
دووەم: لێبوردەیی
ئەمڕۆ دایک و باوکان زۆر لێبوردەن بەجۆرێک کاریگەری خراپی لەسەر منداڵەکە دروستکردووە. بۆ نموونە کاتێک منداڵەکە رەفتارێکی هەڵە دەکات، لێپێچینەوەی پێویستی لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو دەڵێن منداڵە و تێناگات، بەڵام لە راستیدا منداڵ زۆر زوو فێری شتەکان دەبێت و دەبێت نەهێڵدرێت هەڵەکان بەسەریدا تێپەڕن و ئامۆژگاری پێویست بکرێت.
سێیەم: ئاسانکارییەکان
جاران، منداڵ کات و سنووری بۆ دادەنرا بۆ ئەوەی بتوانێت تەماشای ئەفلام کارتۆنێک بکات، بەڵام ئێستا بە ئاسانیی دەتوانن تەماشای هەموو ئەو شتانە بکەن کە دەیانەوێت، ئەمەش وایکردووە ئەوان ماندوو نەبن بۆ بەدەستهێنانی ئەو شتانەی دەیانەوێت.
هەروەها، ئەمە وایکردووە، دایک و باوکان زۆر مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان نەکەن و لە تەمەنێکی زۆر کەم دەبنە کەسێکی تەواو سەربەخۆ.
چوارەم: بەها
دایک و باوکی ئەم سەردەمە زۆر گرنگی بە بۆچوون و بەهاکانی منداڵەکەی دەدات، کە ئەمە بۆخۆی شتێکی زۆر باشە، بەڵام کاتێک ئەمە لە سنوور تێپەڕیی، زیانی دەبێت چونکە منداڵەکە وا تێدەگات کە خۆی کەسێکی سەربەخۆیەوە و کەس لە خۆی باشتر نییە.
پێنجەم: کات
نابێت دایک و باوکان هەموو کاتەکانیان بۆ منداڵەکانیان تەرخان بکەن چونکە ئەمە وا لە منداڵ دەکات پێزانینی بۆ کار و پێویستییەکان نەبێت.