بە پێ هەواڵی هەواڵدەری هاژە حەوتەمین دانیشتنی خوێندنەوە بۆ کتێب لە کتێبخانەیی گشتی شێخ شەلتووت ئێوارەی چوارشەممە ڕێکەوتی 26ی خەزەڵوەر بە بەشداری تاقمێک لە لایەنگرانی کتێب و کتێب خوێندنەوە بەڕێوە چوو.
لەم کۆڕەدا ئەم بەڕێزانە خوێندنەوە و شرۆڤەیان لە سەر کتێب هەبوو:
مەحێدین بەرشان، ڕەسووڵ کەریمی (سوتاو)، فەرزاد عەزیزی، نەسرین ڕوکێش، نەسرین سۆفی محەممەدی.
لە سهرەتای دانیشتنەکەدا مامۆستا ڕسووڵ کەریمی (سووتاو) وەرگێڕاوی کوردی سووڕەتی حەمد و تۆحیدی قوڕعانی پیرۆزی کە بە چەشنی شێعر هۆنیبۆوە پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
مامۆستا مەحێدین بەرشان لە پێشدا بیوگڕافی خۆی کوت و سەرجەم ئەو کتێبانەی کە لە چاپی داون وەک دیاری پیرانشار، پەندی پێشینیان، بەیتەکانی فۆلکلۆری، دیاری کوردستان، 20 کورتە کتێب لە بواری حەقایەت بۆ منداڵان بە ئامادەبووانی ناساند و ناوبروا باسی دوو کتێبی دیکەی وەک "سروەی بێموراد" و "بیرەوەرێکانم" کە لە بەر دەستی دان، ئاماژەی پێکردن و لە دواییدا شێعری "بەهار و خۆشی ژیان"ی بەرهەمی خۆی خوێندەوە.
ساریە پاکزادە کتێبی "بیگانە"ی "ئاڵبێر کامۆ"ی ناساند و شڕۆڤەیەکی کورتی لە سەر لێدا کە لەوێدا پیاوێک بە نێوی "مۆڕسۆ" لەگەڵ ڕەوتی ژیانی ئاسایی دەڕواتە پێش کە هیچ ئیرادە و توانایەکی نیە، ناوبراو ئامانجی ئەو کتێبەی "وازهێنان لە بێهودەیی" ناو برد.
میوانی تر نەسرین سۆفی محەممەدی بوو کە لە سەرەتادا باسێکی کورتی لە سەر ژیانی ڕۆمان و چیرۆکنووسی و ڕۆژنامەگەری "ئێرنێست هێمینگۆی" وروژاند و دواتر کتێبی "پیرەمێرد و زەریا"ی "ئێڕنێست هێمینگۆی" لە وەرگێڕانی "محەممەدتەقی فەرامەرزی" کە باسی بەسەرهاتی ڕاوچێکی دەریا لە سێ ڕۆژ و سێ شەو دەکا هێنایە بەر لێدوان.
فەرزاد عەزیزی لەم کۆڕەدا کتێبێکی "مێڕدرد ڵارسنی" نووسەری ئەمریکایی کە لە سەر پڕینسیپی وەرگێڕان لە سەر زمانەکان دەدوێ وەریگێڕاوەتەوە سەر زمانی فارسی کە ئەو کتێبە لە بازنەی کتێبەکانی یارمەتیدەری دەرسیبە ئەژمار دێ و ئینتشاراتی "پیام دانشگاهی" ساڵی 87 چاپ و بڵاوی کردۆتەوە کە زۆرتر بۆ خوێندکارانی خولی کارناسی بەکار و دەگوترێتەوە، ناوبراو وەرگێڕانی بە "جۆرە هونەرێکی دووبارە سازکردنەوە" پێناسە دەکرد.
مامۆستا ڕەسووڵ کەریمی (سووتاو) لە سەرەتا دا باسێکی لە سەر "محەممەد مەسعوود" وروژاند دواتر کارەکانی خۆی وەک شەش دەفتەر شێعری کلاسیک، شێعری نوێ(نیمایی)، مەموزینی خانی کە لە کرمانجی ڕا وەریگڕاوەتەوە سەر شێعری فارسی، ماسی ڕەشی بچکۆلانەی "سەمەد بێهڕەنگی" کە کراوەتە مەنزومەیەک بۆ منداڵانی کورد، حەیدەر بابای شەهریار خستە ڕووی ئامادەبووان.
میوانی ئاخری ناساندنی کتێب شادی مەخۆدی بوو کە کتێبی "دو قرن سکوت"ی "عەبدوڵحسێن زەڕین کووب"ی بە بەشدار بووان ناساند و شرۆڤەیەکی لە سەر لێدا.
لە کۆتاییدا محەممەدی ئەسەدی چەند شێعرێکی خوێندەوە.
سالاری بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی شێخ شەڵتووت لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری هاژە ڕایگەیاند کە دانیشتنی کتێب و کتێبخوێندنەوە مانگێ جارێک بەڕێوەدەچێ، هەر بۆیەش لە سەرجەم نووسەران، توێژەران، خوێنەران، ئەندامانی بەڕێز داواکارین ئەگە پێان خۆشە کە کتێب بۆخۆیان خوێندوویانەتەوە و چێژیان لێوەرگرتووە و دەیانهەوێ کەسانی دیکەش بەهرەرەی لێوەرگرن پێشتر پێمان ڕاگەیەنن تا لەو کۆڕەدا بەشداریان بدەین.
وێنە: جەواد خاڵەندپوور