تاریخ: ۱۳۹۸/۷/۹
لـەشی کەنەفت و غەدری زەمانە
عه‌زیز وه‌لیانی
 
 پشتی چەماو، چۆکی فیزاو، وێڕای چەند کەسی هاوتەمەن لە هۆدەیەکی ڕەنگین و پاکژەی " ئەنوا (سەرا)ی بە ساڵاچووان" نیشتەجێ کراوە. ئۆقرەی لێ بڕاوە. دەمێ ڕادەمێنێ و بەرەو جیهانی ئاواتە بزر بووەکان کۆچ دەکا. بە درێژایی ڕۆژ لە پەنجەرەوە چاوی بڕیوەتە درگای حەوشە. تاوتاوێ بە ناخی پڕ گڕ و تینی، نمێک دەخاتە چاویلکەکەی و بە دەسرۆکەیەک دەیسڕێتەوە. هەمیسان چاو دەبڕێتەوە دەرگا، بەڵکوو ئەمڕۆ مناڵەکانی سەرێکی لێ هەڵێنن. بەڵام مخابن... 
 ئێوارەیەک، دەمەوساتی ڕۆژپەڕان لە سەر شانی چەند خێرخواز بەڕێ کرایە جیهانی نادیار... ئەمە سووچێکە لە دوایین شانۆی ژیانی هەندێ لە دایک و باوکانی وڵات!
**
سەرهەڵدان و گەشەی دیاردەی لەم چەشنە، لە بنەڕەتا بەرهەمێکی ڕەوتی مۆدێرنیتەیە. لە هەمان کاتا شێوازی تێڕوانین و خوێندنەوەی دیاردەیەکی ئەوتۆ لە هەر کۆمەڵگایەک پێوەندی هەیە بە نیزامی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئەو وڵاتە. بێ‌شك لە سەردەمی ئەوڕۆدا بە پەراوێز کەوتنەوەی پیر و بەسڵاچووان تا ڕادەیەک گشتییە و تایبەت نییە بە وڵاتانی ڕۆژاوا یان دواکەوتوو. بە وتەی ئمێل دورکیم کۆمەڵ‌ناسی فەڕانسەوی (1917-1851) ” لە دوو کۆمەڵگای لێک جیاواز، ناتوانین وێکچوونی دیاردەکانی کۆمەڵایەتی بکەینە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندن. هەر یەک لەوان ڕەنگدانەوەیەکن لە نیزامێکی کۆمەڵایەتی جیاواز“١ . ئەگەر لە مەڕ نێوەرۆکی قۆناغەکانی ڕەوتی مۆدێرنیتە، لە کێشە و باسی تیئۆریکی نێوان فەیلەسووف و بیرمەندانی هاوچەرخ و دۆخی پۆست‌مۆدێڕن خۆ بپارێزین، ڕێی هەیە بۆ پوختەی مەبەست، تەنیا ئاماژە بکەین بە خاڵی هاوبەشی ڕەخنەگرانی مۆدێڕنیسم. ئەوان بڕوایان وایە: ”مۆدێڕنیتە دیاردەیەکی دوو جەمسەرییە:  لە لایەک ڕەوتی گەشەی نیهادەکانی کۆمەڵایەتی و تێکنۆلۆژی مۆدێڕن هەل و دەرفەتێکی لەباری ڕەخساند بۆ مرۆڤی سەردەم، تا لە ئاست نیزامە کۆمەڵایەتییەکانی بەر لە مۆدێڕنیتە، ژیانێکی تژی لە هێمنایەتی و لەش‌ساغی ببەخشێ؛ لە لایەکی تر ڕووپەڕێکی تاریک و خەفەت‌هێنی هەیە کە بۆتە هۆی گەشەی توتالیتاریسم و مەترسی وێران کردنی ژینگە و زیاد بوونی پڕ مەترسی  چەک و تەقەمەنی سەربازی٢.“  کەلک وەرگرتن لە هەموو دەسکەوتەکانی بەشی یەکەم، خۆی پێوەندی هەیە بە ڕادەی پێشکەوتی فەرهەنگی میللەتان و سیاسەتی گشتی دەوڵەت لە حاست ئەوان. بۆ وێنە پێویستە قۆستنەوەی شەپۆلی مۆدێڕنیسم بە شێوازێک مسۆگەر بکرێ کە دیاردەی کەلەبەری وەچەکان (شکاف نسل‌ها) خەسارێکی کەمتری لێ بکەوێتەوە. چەرمەسەری و ژاکانی دڵی پیر و بە ساڵاچووان بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر خوێندنەوەی سووچێک لە چەمکی باسکراو.       بە پێی ئەزموونی کۆمەڵگای ئێران، دیاردەگەلی ژێروو ڕاستەوخۆ شوێنی داناوەتە سەر لاواز بوونی باری عاتیفی و هاولفی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا و بەتایبەت بنەماڵەکان: نائەمنیی ئابووری، چاولێکەری، چوونە سەری پلەی چاوەڕوانی بۆ ئاسایش و ژیانی ڕازاوە ــــ چوونەسەری ڕێژەی ناتەبایی و لێک هەڵوەشانی بنەماڵەتازەکان ـــ چڕ بوونەوەی کەش‌وهەوای توندوتیژی، ئێرەیی بە یەکتر، تووڕەیی و لێک نامۆ بوون و... بێ‌گومـان بەشێک لە دووکەڵی ئەم ئاگرە دەچێتە چاوی پیر و گەورەکان کە لە جەرگەی ئەم ئاڵۆزییانە بە پاساوی فکری کۆن بە هیند ناگیرێن و تەریک دەمێننەوە و قورسایی ئەو غەمە پشتیان دەچەمێنێ. بەختەوەرانە پەتای وەلانانی دایک و باوکان و بەڕێ کردنیان بۆ ئەنوای بە ساڵاچووان هێشتا بە ڕێژەیەکی بەرچاو نەبۆتە باو لە کۆمەڵگای کوردەواری‌دا. بەڵام بەداخەوە درکاندنی ئەم مەبەستە، سەرەتای برەوپێدانی ئەم دیاردە ناحەزەیە لە داهاتوویەکی نێزیک‌دا. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە چوونە سەری باری لەش‌ساغی و بێهداشت و دەرمان بۆتە هۆی تەمەن‌درێژی و زێدە بوونی ڕادەی پیر و بەساڵاچووانی هەر کۆمەڵگایەک. بە پێی ئامار تا ساڵی 1950 ز ڕادەی هیوا بە ژیان لە جیهان‌دا هەر لە سەردەمی چاوپشکووتنەوە 47 ساڵ بووە، ئێستا ئەم  بەراوردە لە وڵاتی ئێران 70 ساڵ و لە زۆربەی وڵاتانی تر دەگاتە 80 ساڵ. 
بە گوێرەی دۆخی بێهداشت و دەرمان، کارناسان بەراوردی دەکەن تا ساڵی 2020  زیاتر لە هەزار ملیۆن کەس لـە حەشیمەتی جیهان پتر لە 60 ساڵیان  تەمەن دەبێ4.
 کە وا بوو پێویستە چارەنووسی دایک و باوکان کە مامۆستایانی سەرەکی ئەزموون و ژیانی بەرەی ئێستان، زۆر بە جیددی بکەوێتە بەر سەرنج و وردبوونەوە. حەول بدرێ مڵۆزمی تەریک‌ کەوتنەوەیان لە سووچی ماڵی دەستکرد نەکەوێتە گیانی نەسلی ئەوڕۆ و لە کۆمەڵ‌دا نیهادینە نەبێ.
وێڕای ڕێز و حوڕمەتی بێ پایان بۆ بەرپرس و کارگێڕانی ئەنوای بە ساڵاچووان، بێ‌شک ئەوانیش و زۆربەی کۆمەڵگا لە سەر ئەو ڕایە کۆکن کە ئەم شوێنە تەنیا مەکۆیەکی پیرۆز و جێ متمانەیە بۆ بێ کەس‌وکار و بێ پەناوپەسیوان، نەک بۆ خاوەن بنەماڵە و کەس‌وکار. تەنانەت بە وتەی یەکێ لە بەرپرسانی ئەنوای بە ساڵاچووانی بریتانیا: ”ژمارەیەکی زۆر بە‌ دەگمەن لە پیرەکان بە پێی ویست و دڵخوازی خۆیان ڕوو دەکەنە ئەم شوێنە، بەشی هەرە زۆریان پێیان خۆشە لە ماڵی خۆیان لە ژێر چاوەدێری‌دا بن“. 
ڕاستی! ئەوان چ ویست و چاوەڕوانییەکیان هەیە بەرجی ڕێز و ئیحترام؟ وەرن با لە پێناو حوڕمەت لە شەڕافەت و کەرامەتی مـرۆڤ، ڕێز بگرین لە پیر و بەساڵاچووان کە زۆربەیان هەموو تەمەنیان بەخت کـرد بۆ بەختەوەری مناڵەکانیان و ئاسایشی گشت کۆمەڵگا. بە پیرۆزی بزانین بسکی خاو و سپی دایکانی کۆست‌کەوتە و دڵ‌بەناسۆر کە زەمانێ بە چۆڕەی شیرەی ژیانیان، سەدان لە خۆبردووی ئەم نیشتمانەیان ژیوەڵە کرد و ڕایان ‌هێنان.
 
سەرچاوە:1 . توسلی غالم عباس، جامعەشناسی
٢. مدرنیتە و مدرنیسم ــ ترجمە و تدوین حسین علی نوذری
٣. ژمارە٣ و 4 گۆڤاری مەهاباد، ژمارە 31 لاپەڕە 60، دکتر خرمی