تاریخ: ۱۳۹۸/۶/۱۸
هۆکارەکانی توشبون بەنەخۆشی رۆماتیزم و نیشانەکانی
نەخۆشی رۆماتیزم هەوکردنی درێژخایەنی جومگەیە کەبەشێوەیەکی سەرەکی کاردەکاتە سەر جومگە بچوکەکانی دەست و قاچ، هەزاران کەس بەم نەحۆشیەوە دەناڵێنن، ئەم نەخۆشیە درێژخایەنە کاردەکاتە سەر دیوی ناوپۆشی جومگەکان، ئازار و ئاوسان لە جومگەکەدا دروست دەکات و دوای تێپەڕبونی چەندین ساڵ دەبێتە ھۆی تێک چونی شێوەی جومگەکە.
کاتێک ھەستت بەئازار و ئاوسان و رەقبونی جومگەکانت کرد لە چەند ھەفتەیەک زیاتر پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت، مەبەست لە چارەسەرکردنی نەخۆشی رۆماتیزم بریتیە لە کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە و نەھێشتنی تێکچونی شێوەی جومگەکە.

نیشانەکانی نەخۆشی رۆماتیزم
نیشانەکانی نەخۆشی ڕۆماتیزم لەوانەیە زۆر جیاوازبن لە دەرکەوتندا واتە لەوانەیە ماوەیەک نەخۆشەکە ھیچ نیشانەیەکی نەبێت بەڵام دوای ماوەیەکی تر نیشانەکانی سەرھەڵبداتەوە.
یەکەم: ئازار
جومگەکە تووشی ئازار دەبێت لەکاتی جوڵاندن و ئیش پێکردنی، هەروەها بونی ئازار لەکاتێکدا بە دەست پەستان بخەیتە سەر جوگە توشبوەکە، گەرمبونی جومگەکە و ئاوسانی جومگەکە.
دوەم: رەقبونی جومگە
رەقبونی جومگەکان بەتایبەتی لەبەیانیاندا یان دوای ماوەیەکی زۆر لەپشو و ئیش پێنەکردنی جومگەکە کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت.
سێیەم: نەمانی جوڵەی جومگە
کەسی توشبونبە بەراورد بە رابردوی جوڵەی جومگەکانی کەم دەبێتەوە.
چوارەم: هەڵئاوسان
دروستبونی ھەڵئاوسانێک لەژێر پێستەوە بەتایبەتی لە قۆڵدا کە پێی دەوترێت گرێی رۆماتیزمی.

پێنجەم: بێتاقەتی، ئازار، تا، دابەزینی کێشی لەش.
نەخۆشی رۆماتیزم لەسەرەتادا توشی جومگە بچوکەکانی دەست و قاچ دەبێت بەڵام لەگەڵ بەردەوامبونی نەخۆشیەکەو و بە تێپەڕبونی کات کاردەکاتە سەر جومگەکانی "ئانیشک ،شان، ئەژنۆ، سمت یان حەوز، جومگەی پاژنەی پێ"، دەبێتە هۆی ئازار و بێتاقەتی لای کەسی توشبو، هەندێک جار پلەی گەرمی لەشی بەرز دەبێتەوەو کێشی لەشی بەرێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
ھۆکارەکانی نەخۆشی رۆماتیزم
لە ھۆکارەکانی توشبون بە نەخۆشی رۆماتیزم، توشبون بە ھەندێک ڤایرۆس و بەکتریاش کاریگەریان هەیە.
یەکەم: تەمەن 
نەخۆشی رۆماتیزم لەھەمو تەمەنێکدا رودەدات بەڵام زیاتر لەنێوان تەمەنی 40 بۆ 60 ساڵیدا رودەدات.
دوەم: رەگەز
ئافرەتان زیاتر توشدەبن بە بەراورد بە پیاوان.
سێیەم: بۆماوەیی
ئەگەری توشبون بە نەخۆشی رۆماتیزم لەو کەسانەدا زیاترە کە لە پێشودا کەسێکی خێزانەکەی هەمان نەخۆشی هەبوە.
چوارەم: جگەرەکێشان
ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی رۆماتیزم زیاتر دەبێت، ئەگەر واز لە جگەرەکێشان بھێنێت ئەوا ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی رۆماتیزم کەمتر دەبێتەوە.