ئەرسەلان بورنا(شرۆڤەکاری سیاسی)
ئوپراسیۆنی ئازاد کردنەوەی شاری ڕەقا دەستی پێ کرد و گرێدراو بە ڕێککەوتنەکان گرینگە ئاماژە بە هیندێک خاڵی هەستیار بدەین. ڕوون و ڕاشکاوەیە کە مەترسی پشت گوێ خستنی هێزە دیمۆکراتیکەکان بەتایبەت کورد نەک لەلایەن دەوڵەتی ناوەندی یا تاقمە دژبەرە سوورییەکان بەڵکوو لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی هۆگری دیمۆکراسی پەێرەو دەکرێ. ئەم بابەتە لە ئاکامی هیندێک تێکەڵاویی بە درێژایی شەڕی ناوخۆیی سووریا هاتۆتە ئاراوە و جێی حاشاکردن نییە. سەرەڕای ئەوانەش پێداویستە کورد ئەم هاوسەنگییە لە نێوان وڵاتە دەستڕۆیشتووەکان بپارێزێ و هەڵوێستی لاوازی ئەمەریکا لەمەڕ فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا کاتی بزانێ نەک ستراتیژیک.
دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە بارودۆخێکی زۆر دژوار و ئەستەمدا وەدی هاتوونە و هەردەم لە لایەن تورکیا، عەرەبستان و هاوپەیمانانی ئەوان هەوڵی تێکدانیان دراوە. سەقامگرتوویی زۆرتری ڕامیاری و ئابووری کانتۆنەکان مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تورکیا چاوی لێ دەکرێ بەتایبەت کە نزیک بە ٣٠ لەسەدای حەشیمەتی ئەم وڵاتە لە نەتەوەی کورد پێک هاتووە. لەم ڕوویەوە، کاربەدەستانی تورک بە درێژایی سەدەیەک ئەم بابەتەیان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر پارچەبوونی خۆیان زانیوە و ئێستاکە لە هەمبەر هەر چەشنە یارمەتیدان یا پشتیوانی لە کوردانی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا دژایەتییان نیشان داوە.
هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەئاست بە کانتۆنەکان وەکوو یەکێک لە پێشکەوتووترین و دیمۆکراتیکترین ناوچەکانی سووریا زۆر ئەرێنی نەبووە. ئەوان هیچ کات ڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان دەرنەبڕیوە و لە ڕاستیدا، بنەچەی بۆ سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سووریا دەگەڕێتەوە. هەربۆیە، بە لە بەرچاو گرتنی ئەم چەند خاڵە و شرۆڤەی ئەوان دەکرێ ئێمە بە وەڵامی گونجاو بگەێین:
یەکەم؛ تورکیا یەکێک لە ئەندامانی بەهێز لە ناتۆ دایە و بەدرێژایی چەند دەیە ئەرکێکی گەورەی بۆ بەرەنگار بوونەوە لە ئاست بە ڕووسیا و بەرگری لە ئیسرائیل بۆ دیاری کراوە. ئەگەر چی پاڵپشتی تورکیا لە هیچ کام لە تاقمە تیرۆریستییەکان شاراوە نییە و لە لایەکی دیکەوە، پشتیوانی لە کانتۆنەکان بە واتا و هاوتەریب لەگەڵ پشتیوانی لە داعش نایە بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوایی هێشتا خۆپارێزی و بێدەنگ بوونیان هەڵبژاردووە.
دووهەم؛ "ئیخوان موسلمین" لە دەیەی ١٩٨٠ – وە چەند جارێک هەوڵیان داوە دەوڵەتی ناوەندی دەمێشق بڕووخێنن و دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. بەدڵنیایی ئیخوان موسلمین بزووتنەوەیەکی جیهادییە و بە هۆی تێکەڵاویی "ئاکەپە" لەگەڵ ئەوان؛ باوەڕمەندی بەرپرسان و کاربەدەستانی تورک بە دیمۆکراسی و پێوەرە دیمۆکراتیکەکان دەچێتە ژێر پرسیارەوە. دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی سووریا بەشێکی بەرچاو لە تاقمە جیهادی، ئیسلامی و سوورییەکان لە ئەندامانی ئیخوان موسلمین پێک هات بوون کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تورکیاوە پڕ چەک و پشتیوانییان لێ دەکردن.
سێهەم؛ زۆربەی چەکەکانی ئەمەریکا لە سنووری تورکیا و بە ناوبژیوانی ئیخوان موسلمین بۆ "ئەرتەشی ئازادی سووریا" باڵی چەکداری "هاوپەیمانی نیشتیمانی سووریا" هەناردە دەکران. ماوەیەک پاش سەرهەڵدان و هێزگرتنی داعش بەشێکی بەرچاوی چەک و چوڵەکان کەوتە دەست "دەوڵەتی ئیسلامی" و هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە زۆربەی ئەندامانی "ئیخوان" – نزیک بە ٤/٣ – جیا بوونەوە و بەشداری ڕیزەکانی داعش بوون.
ئەمڕۆکە گەمەی گۆڕەپانی سووریا تووشی گۆڕانکاری زۆر هاتووە. سەرکەوتنەکانی شەڕڤانانی "هێزەکانی سووریا دیمۆکراتیک" و تێکشکاندنی داعش لەسەرناوی ئەوان و تەنانەت تاقمە توندڕەوەکانی کە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی پاڵپشتی دەکران، ئەمەریکای تووشی سەر لێ شێواوی کردووە. ئەردۆغان و کاربەدەستانی "ئاکەپە" لە ژێر دەمامکی دیمۆکراسی خۆیان حەشار داوە و ڕووخساری جیهادی بوونی خۆیان شاردۆتەوە. کاتێک ئەم گەمەیە ئاڵۆزتر و تێکچنراوەتر بوو کە تورکیا ویستی لە دژی داعش بەشداری ئازاد کردنەوەی شەڕی ڕەقا ببێ.
لەم ڕوویەوە، بژاردەکان بۆ ئەمەریکا یەکجار دژوار و هەستیار بوونەوە. ئەم وڵاتە لە بنەڕەتدا باوەڕی تەواوی بە دامەزراندن و پەرەپێدانی ئەزموونی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا هەیە و دەێهەوێ وەکوو هاوپەیمانی ستراتیژیکی خۆی لە سووریا کاریان لەگەڵ بکات. لەلایەکی دیکەوە، بە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە تاقمە دژبەرەکانی سووریا لە لایەن ئەوان پڕچەک و تەیار کراون و هاوکات "هەسەدە" شەڕی ئەوانیش دەکات بە شێوەیەک پشتیوانی هەمەلایەنەی ڕامیاری و چەکداری ئەمەریکا لە کانتۆنەکان بە واتای شەڕ لەگەڵ خۆی و هاوپەیمانەکانی پێشووی خۆیەتی. کەواتە، یارمەتیدانی ئەمەریکا لەم گەمە تێکچنراوەدا بۆ کانتۆنەکان زۆر بەرچاو نییە و هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکی باش لە بەرژەوەندی خۆی و هاوپەیمانی کوردان لە سووریا درووست بکات.