تاریخ: ۱۳۹۸/۶/۱۳
"سەید محەمەدی سەفایی" لە دەروێشیەوە بۆ گۆرانبێژی
ستار جەباری


سەید محەمەد سەفایی جیاواز لە گۆرانی بێژە میللییەكانی تری كورد، خاوەن قوتابخانەیەكی تایبەت بووە، لەبواری گۆرانی میللی و فولكلۆری كوردیدا، بەندبێژێكی سادە نەبووە، بەڵكو شاعیرێكی میللی خۆشخوان و پەیڤ جوان بووە و هاوكات هونەرمەندێكی بەتوانای دەفژەنینیش بووە. 

لەم رۆژانە لەشاری مەهاباد لەگەڵ "خزمێكی" خۆم پیاسەمان دەكرد، لە ڕێی مۆبایلەكەیەوە گۆرانییەكی سەیدی نیشاندام،  دیقەتمدا لەكاتی دەقژەنیندا دەفەكەی لەسەر تیل دەیكێشا بەنێوچەوانیدا، منیش گوتم: ئەمجۆرە هونەرە  سەیرەی سەفایی كە بەدەفەكەی دەیكات، دەروێشانەیە! و من بەمنداڵی چەندجارێك ئامادەی بازنەی زكری دەروێشان ببووم. ئەمجۆرە شیوازەیان دەكرد. "خزمەكەشم" گوتی: (مەگەر نازانی سەید محەمەدی سەفایی گۆرانی بێژ پێشتر دەروێش بووە، یەكێك بووە لە دەروێشانی تەكیەی شێخێكی بەناوبانگی كوردستان،   سەفایی حەز لە كیژێكی زۆر جوان دەكات و شێخەكەی خۆی ئەنێرێت بۆ خوازبێنی كچەكە، كاتێ‌ شێخ ئەچێ بۆ ئەوەی داوای كچەكە بكات بۆ سەید محەمەدی سەفایی، كاتێ‌ كچە ئەبینێ زۆر جوان و قەشەنگە خۆی حەزی لێئەكات و بۆخۆی داوای ئەكات، ئەوكاتیش شێخایەتی پلە و كەسایەتیی و نێوبانگی چاكی هەبووە، ئەوی شێخ بوایە حسابێكی تایبەتی بۆ ئەكرا. بۆیە ماڵی كچەش بەهۆی شێخایەتی و دەوڵەمەندییەوە دەیدەنێ . لەبەر ئەم هۆكارە سەیید محەممەد توڕە دەبێت و دەست لە دەروێشی هەڵدەگرێت و بڕیار دەدات لە ڕقی شێخ ئەبێت بە گۆرانی بێژ هەر وەك خۆی ئاماژەی پێكردوە لە یەكێك لە گۆرانیەكانیدا وەك كاردانەوەیەك دەڵێت:

 ڕیشەكەم تاشی پرچەكەم لەبێخ

بەرماڵ و تەزبیحم ناردەوە بۆ شێخ

وتم یا شێخ گیان من تۆبە ناكەم

 بەڵكو تا جوانم یەكێك پەیاكەم

ئەو دەفەی تا كۆتایی ژیانی گۆرانی پێ دەگووت هەمان دەفی زەمانی دەروێشی بوو . ئەمەش وەك تۆڵە كردنەوەیەك بە كاری هێناوە لە دژی شێخ...

ماوەتەوە بڵێین: هونەرمەند محەمەد ئەحمەدی ناسراو بە "سەید محەمەد سەفایی" ساڵی 1311ی هەتاوی لە گوندی "بلووز"ی سەفاخانەی ناوچەی هەوشار لە دایك بووە، نەخوێندەوار بووە، وەلێ‌ لەبواری هونەرەكەیدا زۆر زرنگ و بەتوانا بووە. لە ماوەی ژیانیدا سێ ژنی هێناوە ماوەی چوار ساڵ لە باشووری كوردستان ژیاوە و لەگەڵ هونەرمەند حەسەن زیرەك پێكەوە لە خانوویەكدا كرێنشین بوونە و لەچەندین دانیشتنی تایبەتی لەگەڵ دۆستان و هەوادارانیاندا پێكەوە چەندین ئاهەنگیان ساز كردووە  و لە شاری تیكاب و لە شاری سایین قەڵا و  بۆكان و لە شاری سەقز ژیاوە  و ئیستاش بنەماڵەكەی لە شاری سەقز نیشتەجێن.

هونەرمەند سەید محەمەد سەفایی گەلێ گۆرانی لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان و نێو ماڵ و دیوەخانەكانی ناوچەكانی (هەوەتوو و تیلەكۆ و هەوشار) تۆمار كردووە. تاكو ئێستاش لە شایی و ئاهەنگ و گۆڤەند و بۆنە و دانیشتنە میللیەكاندا لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان، كەڵك لە گۆرانییەكانی سەید محەمەد وەردەگرن و رێز لە هونەرەكەی دەگرن، سەیدمحەمەد لەگەڵ گۆرانییەكانیدا بەردەوام فولكلۆر و داب و نەریتە كۆمەڵایەتیەكانی ناوچەكەی خۆیشی بەتایبەت لە بواری جل و بەرگ و زاراوەی  پاراستووە و شۆستە و شەقامە و شكارۆكانی شار و مۆد و شارستانیەت نەیتوانی سۆرانی سپی و شاڵی سەوز و ڕەشتیەكەی پێ بگۆڕێت.

گۆرانییەكانی سەید محەمەد سەفایی زۆربەیان فۆلكلۆرن و لە زیندوو ڕاگرتنی بەرهەمی فولكلۆری گۆرانی كوردیدا دەستێكی باڵای هەبووە. هەتا بە ئێستەش بە زەوقترین و بەزمترین گۆرانی بێژی ناوچەكە بووە كە ئەو بەرهەمە تۆماركراوانەی كە ئێستە لە بەردەست دایە نموونەی زیندووی ئەو كەیف خۆشی و بەشارەتەی نێو دنیای گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندەن. لە ڕووی زمانیشەوە توانیویەتی سەدان وشەی ڕەسەنی لەبیر كراوە لە ڕێی بەیت و بەندەكانییەوە زیندوو بكاتەوە. سەید محەمەد زۆرتر هەر بە ئامێری دەفەكەی خۆی گۆرانییەكانی رازاوەتر ئەكرد چەندجارێكیش لەگەڵ هونەرمەندان "ڕەشید فەیزی نەژاد، ڕەسووڵ میرزاپوور، فەردین تاهیری، عەلی عابدی و عووسمانە سوو3" گۆرانییان تۆماركردووە.

بەداخەوە ئەم هونەرمەندە دەڤەری سەقز ساڵی 1373 هەتاوی نەخۆشی شێرپەنجە تەنگی پێ‌ هەڵئەچنێ‌ و هەراسانی دەكات و لە رێكەوتی 08-09-1374 هەتاوی كۆچی دوایی كردووە و لەگەڵ ئاپۆڕای هەواداران و دڵسۆزانی هونەری كوردی و لە نێو خەم و پەژارەی كەس وكار و شەیدایانی گۆرانییەكانی سەید محەمەد سەفایی لە شاری سەقز لە "گۆڕستانی شاناز" ئەسپاردەی خاك دەكرێت.

تێبینییەكان:

1.سۆرانی سپی: فەقیانە.

2. رەشید فەیزی نەژاد: جیا لەوەی خاوەن دەنگێكی خۆشە هاوكات موزیك ژەنێكی زۆر بەتواناشە.

3.عوسمانە سوور: باڵابان ژەنێكی بەتوانایە و تاكو ئێستاش بەردەوام ئاهەنگەكان بە ژەنینی باڵەبانەكەی جۆش و خرۆشی دەداتە ئامادەبووان..

ژمارە 294ی هەفتەنامەی " وشە"