تاریخ: ۱۳۹۵/۸/۱۰
بنەما تێۆریک - فەلسەفی سروشت و ژینگەپارێزی
ئهحمه د غه مپه روه ر(شوان) : خوێندکاری دکتۆرای جوگرافیای سیاسی – زانکۆی خارەزمی تاران



ڕۆنێسانس وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی­دا. کۆتایی ئەم ڕەوتە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم­دا خۆی لە شۆڕشی پیشەیی­دا دەبینێتەوە کە دەسکەوتەکانی بێ­سنوورن. ئەمە بۆ هۆی ئەوە کە بنچینەی زانست کە لەسەر پێگەی عەقڵ دامەزرابوو پتەوتر بێ و لە جیاتی ئەوەی کە وەکوو جاران هۆی سەرهەڵدانی ڕووداوەکان لە ئاسمان یا لە ناو ئۆستورەدا بدۆزێتەوە بە چەکی عەقڵ بە پیر شرۆڤە و هۆی ڕوودانی ڕووداوەکان چوو بەڵام جەختکردنی زۆر لە سەر عەقڵ کە مۆدێرنیتەی بەرهەم هێنا ئاسەواری زۆر خرابیشی بەدوای خۆی­دا هێنا کە ڕەخنەی مۆدێرنیتەشی لێکەوتەوە. یەکێک لە گرینگترین ڕەخنەکان پەیوەست بە ژینگە بوو کە هزری نوێخواز بە هیچ جۆرێک ڕەچاوی نەدەکرد. لە ڕوانگەی هزری نوێ سروشت کانگایەکە لە خزمەت مرۆڤ و خۆشگوزەرانی باری ژیان و گەیشتن بە خواستەکانی. کەواتە ڕێگەی پێدراوە بە تەواوی سروشت بچەوسێنێتەوە و لە تواناکانی کەڵک وەرگرێت. بەڵام ئەم بیرە بە تایبەت لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم تووشی ڕخنەی توند هات و ڕەوتی سروشت و ژینگەپارێزی پەرەی گرت و گەشەی سەند. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە بۆ؟ پێویستی سروشت و ژینگەپارێزی لە چی­دایە؟ ئەم پرسیارە پێویستە بە شێوەیەکی قوڵ خوێندنەوەی بۆ بکرێ. وا دیارە سروشت و ژینگە­پارێزی قوڵایی هزری کۆمەڵگا و دەسەڵات دەگەیەنێ، چۆن؟ هەر لە سەدەکانی پێش زایین فەیلەسوفی گەورە واتا ئەرەستو باس لە حکومەتدارێتی باش دەکات کە پێویستە لە پێوەندی لە گەڵ سروشت­دا بێ واتا حکومەت، ئینسان و جوگرافیاکەی ئۆرگانیک بێ، واتا ئەم سێ کوچکەیە لە پیوەندیەکی چڕ و پڕ لە گەڵ یەکدا بن و تەواوکەری یەک بن. ئەوروپا پاش ماوەیەکی زۆر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە هەنگاوی نا ئەم ڕێبازە و تا دێی بەرەو ئەم لاوە هەنگاوەکانی چڕتر کردەوە، هۆکانی چ بوو؟ ڕووناکبیری ئەو سەردەم هەستی بەوە کرد کە ڕەوتی مۆدێرنیتە بە تایبەتی مامەڵە کردنی لە گەڵ سروشت، ئەم وڵاتانە بەرەو هەڵدێر دەبا، چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەری سروشت و پیس بوونی ژینگە و زێدەبونی پلەی گەرمی زەوی ڕاستی بیر و بۆچونەکانی ئەم ڕەوتەی وە ڕاستی خست. هەرچەند ئەگەر بە شێوەیەکی قوڵتر بۆی بچین بە شێوەیەک شەڕەکانی جیهانی سەرەتای سەدەی بیستەمیش لە ئاکامی پاش گوێخستنی سروشت و ژینگە بوون.

سروشت و ژینگە کاریگەری لە سەر ڕوح و هزری مرۆڤ دروست دەکا، کە واتە ژینگەی ئارام کۆمەڵگایەکی ئارام بەرهەم دێنێ، کۆمەڵگای ئارامیش دەسەلاتێکی ئارام دەخوازێ، پێچەوانەکەشی دەتوانێ ڕاست بێ کە ژینگەیەک کە بە تەواوەتی چەوسێندرابێتەوە و وەبەر پەلاماری مۆدێرنیتە کەوتبێ ئاسەواری ناتەندروست لە سەر هزر و ڕوحی مرۆڤ دروست دەکا بەڵام ئەمە تەنیا لایەنێکی بابەتەکەیە و ڕەهەندەکەی تری دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵات کە بەشێکی بەرچاو لە مکانیزمەکانی جێبەجێکار خۆ لە وێدا دەبینێتەوە. دەسەڵات وەک نوێنەری کۆمەڵگا و مرۆڤەکان دەبێ لە هەوڵی پاراستنی ژینگە دا بێ و نابێ خۆشگوزەرانی بەرەی ئێستا بە بەهای هەرەس­هێنان و تێکدانی سروشت و ژینگە بەدی بێنێ بەڵکو دەبێ باش تێ­بفکرێ کە کۆمەڵگایەکی هێدی و ئاشتی­خواز لە ئێستا و داهاتودا پێویستی بە مامەڵەکردنێکی هێدی، ئارام و ئاشتیخوازانە لە گەڵ سروشت و ژینگەدایە.