تاریخ: ۱۳۹۸/۶/۳
پێشانگای نیگارکێشی لە نیگارخانەی تالاری وەحدەتی مەهاباد کرایەوە
بە پێی ڕاپۆڕتی پێگەی هەواڵی هاژە، پێشانگای نیگارکێشی لە نیگارخانەی تالاری وەحدەتی مەهاباد کرایەوە.
شەهناز عەڕەبی بەڕێوەبەری ئەم پێشانگایە لەم بارەیەوە بە هەواڵنێری هاژەی گووت: ئەم پێشانگایە 80 تابلۆی هونەری لە خۆ دەگرێ کە لە کاری چوار هونەرمەند پێک‌ هاتووە.
بەڕێوەبەری ئەم پێشانگایە زیادی کرد: نگین شامحەممەدی لە بەشی "ئابستره"، شەهێن محەممەدی لە بەشی "سیاە قەڵەم"، سۆهەیلا حەلاجی لە بەشی "مەلیلەی کاغەزی" و شیوا ئادیم لە بەشی "ڕەنگی ڕۆغەن" کارەکانی خۆیان لەم پێشانگایە بۆ دیتن داناوە.
عەڕەبی بە ئاماژە بەوەی کە ئەم پێشانگایە لە کاری چەند خاتوونی مەهاباد پێک‌هاتووە، ڕایگەیاند: هەر یەک لەم هونەرمەندانە نزیکەی 20 کاری خۆیان لەم پێشانگایە بۆ دیتن داناوە.
شەهناز عەڕەبی لەسەر شێوازی کارەکان گووتی: بەشێک لە کارەکان لەسەر شێوازی هایپێرمۆدێرن، ڕئاڵیسم و مۆدێرن دەوەستنەوە.
بەڕێوەبەری پێشانگا لەسەر ماوەی بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە گووتی: ئەم پێشانگایە لە ڕێکەوتی 1ی خەرمانان هەتا 6ی خەرمانان درێژەی دەبێ و لە کاتژمێر 17ی پاشنیوەڕۆ هەتا 22ی شەو بۆ دیتنی هۆگران ئاوەڵەیە.
عەڕەبی بە تیشک خستنە سەر بەڕێوەبردنی ئەم پێشانگایە لە شارەکانی‌تر لە داهاتوودا هیوای خواست ئەگەر هەل‌ومەرج بڕەخسێت و بەرپرسان یارمەتیدەر بن، ئەم پێشانگایە لە شارەکانی‌تریش دەکرێتەوە.