تاریخ: ۱۳۹۸/۵/۲۳
دەرفه‌تێکی نوێی سینەمای لاوان بۆ پشتگری له سازکردنی فیلم

کۆڕی سینەمای لاوان، بۆ پاڵپشتی سینەماکاران لە هەموو شار و پارێزگاکان، شێوازێکی نوێی بۆ بەرهەمهێنان لەبەرچاو گرتووە.

به پێی هه‌واڵی هاژه، لە ماڵپەڕی کۆڕی سینەمای لاوان، لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە کە هەموو دەرهێنەرێک دەتوانێ پڕۆفایلی تایبەتی خۆی دامەزرێنێ و پاشان فیلمنامەی خۆی ڕەوانە بکا. پاش ئەو، لە قۆناغی یەکەم فیلمنامەکە لەلایان لێژنەی پارێزگا دەخوێندرێتەوە و ئەگەر هەڵبژاردە بوو، ئەوە دەرهێنەر بانگهێشت دەکرێ بۆ پیچ کردن (Pitching) واتا، دەبێ لە کۆبونەوەیەکی ١٠ تا ١٥ خولەکیدا پڕۆژەکەی شی بکاتەوە، واتا پشتگری لە پڕۆژەکەی بکا.

پشتگری ئابووری لە فیلمەکان لە لایان کۆڕی سینەمای لاوان ٣ تا ٣٠ میلیۆن تمەنە. بۆ فیلمی یەکەم (واتا ئەو کەسەی فیلمی یەکەم چێدکا) ٣ میلیۆن، بۆ فیلمی نیوە پڕۆفێشناڵ (بۆ ئەو کەسەی لانی کەم پێشتر ١ فیلمی چێ کردبێ) ١٠ تا ١٥ میلیۆن، بۆ فیلمی پڕۆفێشێناڵ (ئەو کەسەی فیلمەکانی پێشووی لانی کەم ٢ جار بەشداری فێستیوالە کانی الف و ب لە ئێران بووبێ) ١٥ تا ٣٠ میلیۆن. ئەو پاڵپشتییە بۆ هەموو جۆرەکانی کورتە فیلم (داستانی، دۆکۆمێنت، ئەنیمەشێن و ئێکسپریمێنتاڵ) لەبەر چاو گیراوە.

کەیوان فەهیمی فیلمساز و دەرهێنه‌ری مه‌هابادی ئه‌مه به دەرفه‌ت دەزانێ و به فیلمسازان دەڵێ: ئەگەر فیلمنامە یا بیرۆکەی فیلمنامەتان هەیە دەست ببزێون، لە مامۆستاکانی کۆڕی سینەمای لاوان یارمەتی وەرگرن و ئامادەیان بکەن بۆ ناردن. ئەوەشتان لەبیر بێ هەرچی فیلمنامە و داواکاری لە شارێکەوە پتر بێ دەبێتە هۆی ئەوەی لە ساڵانی داهاتوو دا پاڵپشتی زۆرتر لە سینەماکارانی ئەو شارە بکرێ. هەموو ئەندامانی سینەمای لاوان، مامۆستاکان و هەروەها سینەماکارانی دەرەوی کۆڕی سینەمای لاوانیش بۆیان هەیە فیلمنامە ڕەوانە بکەن.

ئه‌و هه‌روەها دەڵێت: لەلایان خۆمەوە بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی بە پێویستی بزانن، ئامادەی هاوکاری و ڕاوێژ دەربارەی فیلمنامەکانیان و هەرەوها ئاشنا بوونی پتر لەگەڵ کۆبوونەوەی (Pitching) پیچینگم و دیارە دەتوانن لە مامۆستاکانی کۆڕی سینەمای لاوانیش یارمەتی و ڕاوێژ بخوازن.

بۆ وەرگرتنی زانیاری پتر دەتوانن سەردانی لاپەڕەی بەرهەمهێنانی ماڵپەڕی کۆری سینەمای لاوان بکەن:

http://31.193.152.119:3600/portalیا ڕێنوێنی لە ڕەحیم بایەزیدی (بەرپرسی کۆڕی سینەمای لاوانی مەهاباد) وەرگرن.