تاریخ: ۱۳۹۸/۵/۱۶
گەلاوێژ ئه‌نگووت
حاجی عەبدۆڵڵا حەمزە

ژیانی مرۆڤ بەتایبەتی ژیانی کورد بەپێی ڕەوڕەوەی سووڕانی مانگ و ڕۆژ  بەرنامەی بۆ داڕێژراوە.

ساڵێک بێجگە لە وەرز و مانگ و حەوتوو و ڕۆژ، بەسەر دوو گۆڕانکاری گەورەدا کە دەبنە دوو قۆناغی شەش مانگی دابەش کراوە.

لەنێوبەندی زستاندا کە دەبێتە 15ی ڕێبەندان و بە جێژنی "بێڵندانە"ش نێودێر کراوە و پێی دەڵێن شۆڕشی بەهاری و هێدی هێدی زەوی گەرم دادێ و ڕۆژەکان درێژەر و شەوانیش کورت تر دەبنەوە. بەرەو بەهار دەچین و لەو چەند مانگەدا گیاو دار و هەموو ڕووەکێک سەوز دەبنەوە.

ئەو قۆناغە لەژیانی مرۆڤدا، دەبێ مرۆڤ دەغڵ و دان داچێنێ و لەسەر زەوی خەریکی کار و کردەوە و پەروەردەی باغ و گیابێ،

قۆناغی دووەمی ئەو دابەشکاریە لە 15ی مانگی گەلاوێژ واتە نێوەندی وەرزی هاوین دەست پێدەکات و ڕۆژەکان کورت دەبنەوە و شەوەکان درێژتر و زەوی هێدی هێدی سارد دەبێتەوە و لە زەوی وشک و ڕەقەن "گوڵەجووتێرە"، کە گوڵێکی سپی دوو یا چوار پەڕەیە دەڕوێت و دەڵێن گەلاوێژ ئەنگووتووە.

لە دوای گەلاوێژ وەرزی پێگەیشتنی ترێ ڕەش و کامڵ بوونی گوێز دەست پێ دەکات، بە ئەنگووتی گەلاوێژ گەنمی "ئاوەنیا" دادەچێنن، گەنمێک کە دوای ئاودێری زەوی و کێڵانی زەوی دایدەچێنن و لە هاویندا شین دەبێ و پێیدەڵێن "ڕەپستە" لە پاییز و زستاندا دەکەوێتە ژێر ‌بەفر و لە بەهاردا زوو گەورە دەبێ.

سەردەمێک کە ئامێری رۆژ ژمێری ئەوڕۆیی و پێشکەوتوو نەبوو زۆرتر لەسەر سووڕانی مانگ و ڕۆژ بەپێی هەڵێنجانی بیری کەسەکان ئەو قۆناغانە دیاری دەکران. ئەگەر وەک پێشینیان دەڵێن "سێ مانگ سێ مانگ" ئەوا ئێستا کە 15ی گەلاوێژە دە ڕۆژ دەبێ گەلاوێژ ئەنگووتووە، بەڵام ئەنگووتنی ڕاستەقینەی گەلاوێژ درووست 15ی گەلاوێژ واتە تێپەڕبوونی مانگ و نیوێک هاوینە.

زۆر کەس پرسیار دەکەن ئەرێ بۆچی گوڵە جووتێرە تەنیا دوای گەلاوێژ دەڕوێ و بەهار ناڕوێ و دیار نییە.

وەڵام... لەبەهاردا گیایەکی دوو پەلک پان هەیە بە نێوی "شێلاقە" کە لەنێو دوو پەلکەکانیدا خڕۆکە هەن کە پێیان دەڵێن "گونی گیا" لەسەر پیواز و سەلکی ئەو گیایە لە دوای ئەنگووتنی گەلاوێژ ئەو گوڵە جووتێرە دەڕوێ.