تاریخ: ۱۳۹۸/۵/۱۵
ڕۆشنبیر کێیە؟
سارا سادق زادە
مارکس دەڵێت: " ڕۆشنبیر ئەو کەسانەن وا لە ڕێگای قەڵەمەوە نان دەخۆن" 
بەراستی ڕۆشنبیر کێیە؟ 
بەپێی پێناسەی کۆمەڵناسی، ڕۆشنبیر خەڵکانی بیر ڕووناکن. بیر ڕووناک بەو مانایە کە ئاوێنەی سروشتیی کۆمەڵگای خۆیانن و ئاگایان لە چەندێتی و چۆنیەتی ورد و درشتی ڕۆژگاری خۆیان هەیە. ئەو کەسانەی وا توانای بیرکردنەوەیان هەیە بە جیهانبینیەکی بەرفراوان و شیاوەوە. 
باشترین ڕێگا بۆ ناسینی ڕۆشنبیر، تێگەیشتن لە نەریتەکانی ئەو کۆمەڵگایەیە وا تیایدا دەژی. بیرمەندان دەڵێن: هەر ڕۆشنبیرێک زمانی تایبەت بەخۆی هەیەو توێژەری زەمانی خۆیەتی. هەر زمانێکیش تایبەتمەندی خۆی و بەکارهێنانی خۆێ و هەر بەکار هێنانێکیش کات و شوێنی دیاری کراوی خۆی دەوێ. ئەوان دەڵێن: تاکە تایبەتمەندی بنەرەتی و هاوبەشی هەموو ڕۆشنبیران، دابرینە لە داب و نەریتە کۆنەکان بەبێ دژایەتی کردنیان. 
زۆر تەعریف بۆ ڕۆشنبیری کراوە، بەڵام دوو شت گرینگیەکی ئەوتۆی هەیە لەو چەمکەدا کە ڕێگاکان لێک جیا دەکاتەوە.
 ئایا بە گوێرەی وتەکەی مارکس؛ ڕۆشنبیر ئەو کەسانەن وا لە ڕێگای قەڵەمەوە نان دەخۆن؟ یا وەک نیچە باسی دەکا و دەڵێ: "ئەوان لەو مێشوولانە دەچن وا بەدەوری  ڕۆشنایی و ئازادیدا دەخولێنەوە" 
هەروەها زۆر باسی ئەوە کراوە کە ڕۆشنبیر کەسێکە وا کاری فکری لە کاری دەستی زیاترە. 
هەرچەن لەمڕۆدا ئەم دەستەبەر کردنە پەسند ناکرێ و دەبینین ڕۆشنبیر کەمایەتییەکە کە لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا بوونی هەیە.
دەرک پێکردن، ڕەخنەو بەرەوڕوو بوونەوە کاتێک بۆ پێشخستنی کۆمەڵایەتی بوو، چین و توێژێکی تایبەت ناگرێتەوە.
هەوڵدان بۆ تێگەیشتنێکی ڕۆشنبیرانە بۆ دەستەبەر کردنی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، دژوارە،
ئەوکەسەی جەسارەتێکی هۆشمەندانەی هەیەو بە ڕەخنەگرتن حەولی گۆرین و بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگا دەدات، ناتوانێ لەو چەشنە ڕۆشنبیرانە بێ وا تەنیا بەدەوری ڕۆشناییەکەدا دەخولێتەوە یا لە ڕێگای قەڵەمەکەیەوە بیر لە نان خواردن دەکاتەوە. 
ڕۆشنبیر بە درێژایی تەمەنی خەریکی فێربوون دەبێ، فێربوون بۆ گەیشتن بە ئامانجێک کە تەقەلای بۆ دەکات. زانین و بەرچاو ڕوونی، بەرپرسیاریەتی بەدوای خۆیدا دێنێ. کە ئەوەش دەتوانێ هێندێکیان بخاتە سەر دووریانییەک؛ ئەویش قەبووڵ کردنی بەرپرسیاریەتیە یا رەت کردنەوەی.
ئایا ئەو کەسەی گەیشتووە بەو  هۆشیاریە (بیرێکی کراوەو ڕەها)، بێتوو لەکاتی خۆیدا بێدەنگ و بێ هەڵوێست بێ بە ڕۆشنبیر لەقەڵەم دەدرێ یا وەکوو نیچە دەڵێ: تەنیا بەدەوری ڕۆناکاییەکەدا خولاوەتەوە؟ یا بە واتای ئەمرۆیی نان بە نرخی ڕۆژ دەخوات و تەماشای با دەکات بزانێ ڕووی لە کوێیە تا ئاڵاکەی ڕوو بەو لایە بشەکێنێتەوە. 
بەبروای بیرمەندان، ئەوانە ڕۆشنبیرانێکن کە تەنیا زانیاریان کۆ کردۆتەوە و بەبێ کەڵک وەرگرتن لەو زانستە، ئەنبارێکی بێ کەڵکن.
مرۆڤی خۆ بە ڕۆشنبیر زان، بە وتەی بێرنارد شۆ، ئەو مرۆڤەیە وا بە گوێرەی خواستە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی، تەنیا بۆ ڕۆشنکردنەوەی ماڵی خۆی کەڵک لە ڕووناکی فکری وەردەگرێ و کەسی دیکەی بۆ گرینگ نیە.
بەڵام ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانە چ خەسارێک بە کۆمەڵگا دەگەیینن؟ 
 ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە خەڵک، ڕۆشنبیران بە چاو و گوێی خۆیان دەزانن و ڕێزی لێدەگرن.
ئەنجامی ڕەخنە دەبێ گەیشتن بەو ئاکامە بێ وا لە خزمەت کۆمەڵگا و بەرژەوەندی خەڵکەکەی دایە. بەڵام جۆری بە ئەنجام گەیاندنی ئاخۆ بە دەست کۆمەڵێک ڕۆشنبیری هاوبیرەوە بێ بەو دیسیپلینەی وا دایان ڕشتووەو کۆمەڵگاکەیان پێوەی بەرەو پێش بردووە بەبێ توندو تیژی، یا لەسەر دەستی خەڵکی ئاسایی، بە بەهایەکی زۆری مرۆڤی و سوار بوونی ئەوان لەسەر ئەو شەپۆلەی وا دەورێکی ئەوتۆیان نەبووە لە ڕێکخستنی؟
بیرمەندان دەڵێن: ڕەخنە کۆمەڵگا یا بەرەو چاکی دەبا یا بەرەو وێرانی. کە بە هەردوو باردا، کوتوبەندی کۆمەڵ دەپسێنێ و ئازادیەکی زیاتر دەستەبەر دەکات. 
ئالبێر کامۆ دەڵێت: ڕۆشنبیر پارێزەری گیانی مرۆڤە. 
 هەرچەن پلەی ڕۆشنبیری لەسەرێ بێ و ڕۆشنبیران چالاکتر بن، ئەوە مردن کەم دەبێتەوە. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لای ژیان دەگرێ، واتە بەپێی زانست و بیرمەندیەکی کە هەیەتی، بە دەرفەتی قسە کردن و ڕا دەربرین، ڕێژەی توند و تیژی و کوشتن و برین کەم دەکاتەوە.
ڕۆشنبیری بێ هەڵوێست یانی ڕۆشنبیری ڕازی، کە ئەوەش ناتوانێ لەگەڵ ناسنامەی ڕۆشنبیرانەدا یەک بگرێتەوە.
ئەو بیر دەکاتەوەو بەدواداچوون بۆ هۆیەکان و هۆکارەکان دەکات.
ئیبنی خەلدوون دەڵێ: بیر کردنەوە تایبەتە بە مرۆڤ و هەر بەوەش لە گیاندارانی دیکە جیا دەکرێتەوە.هەروەها بە کوتنەوەی " بۆ " و " هۆکارەکەی " و وردبوونەوە لە ئەندێشەی کەسێکدا، دەکرێ پەی بە بنچینەی مرۆڤایەتی ببەی.
ئەوەی زۆربەی بیرمەندان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە؛ لە دونیای ئەمڕۆدا ڕۆشنبیر ئەو کەسە نیە وا خوێندەواری باڵای هەیە، بەڵکوو ئەوە تێروانینی قووڵ و بەرفراوانی ڕوانگە و توانایی بیرکردنەوەی بگۆرە (ئەبستراکت) کە تایبەتمەندی ڕۆشنبیرانەی پێ دەبەخشێ.
هەڵبەت نابێ ئەوەش لەبیر بکەین، هێندێ کات بەپێی بارودۆخ، ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینەش تووشی ڕاهاتن دێن ئەویش ڕاهاتنێکی کاتی و لە بەرژەوەندی ئەو کۆمەڵگایەی وا تێیدا دەژین.
مرۆڤ لە ڕێرەوی پێگەیشتنی خۆیدا، چەندەها ڕێگای تاقی کردۆتەوە و لەهەر ڕێگایەکیش بە ڕاستیەک گەیشتووە. ڕۆشنبیر دەبێ ئەو ڕێگایانە بناسێ و لەو زانستە، هۆشیارانە بۆ هەڵوێستەکانی خۆی کەڵک وەرگرێ. دیارە ڕێگاکان زۆرن و ڕاستیەکانیش بەو پێیە، بەڵام ئەوەی ناگۆرێ و هەرمانە، حەق و عەداڵەتە. ڕۆشنبیر هەمیشە دەبێ بەدوای حەقەوە بێ. هیچ پاساوێک بۆی نیە عەداڵەتێکی کە بەرچاو و ڕوون و ئاشکرایە، بەلارێدا ببات. 
بیرکردنەوە، لێکدانەوە، دووبارە بیرکردنەوەو چەق نەبەستن لەسەر بیروڕای کۆن و نوێخوازی گونجاو، دەتوانێ ئەو هێزە بێ وا ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بۆ بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگای خوازیار ڕابکێشێ. هەڵبەت کۆمەڵگایەک لەسەر پێناسە و ڕوانگەی مرۆڤی ئەمرۆیی و لەئێستادا، نەک بەهەشتی بەرینی ئایدیال (یوتوپیا) بە زەینیەتی خۆشبەختی ئەم جیهان و ئەو جیهانی دیکەوە.