تاریخ: ۱۳۹۸/۴/۶
وێنەیەک که جیهانی هەژاند

وێنەی گیان لەدەستدانی پیاوێكی سلڤادۆری ‌و كچە دوو ساڵەكەی لە كاتی هەڵاتنیان لە مەكزیكەوە بەرەو ئەمەریكا بەهۆی نقومبونیانەوە لە ڕووباری ڕیو گراندی سەر سنووری ئەو دوو وڵاتەدا، جیهانی هەژاندووە.

ڕۆژنامەی “لا ژورنادا”ی مەكزیكی كە یەكەم جار ئەم وێنە هەژێنەرەی بڵاوكردەوە، لە زاری دایكی كچە دوو ساڵانەكە و هاوسەری پیاوەكەوە، كە لە ڕووباری “ڕیو گراند”ی سەر سنووری مەكزیك‌ و ئەمەریكا گیانیان لەدەستدا، دەڵێت “ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردو 23 / 6، بڕیارمان دا كە لەو ڕووبارە بپەڕینەوە. ئۆسكاری هاوسەرم ڤالریای كچمانی كردە كۆڵ‌ و لە ڕووبارەكە پەڕینەوە، كچەكەی لە وشكانی دانا و هاتەوە بۆ ناو ئاوەكە بۆ یارمەتدانی من، بەڵام لەپڕ كچەكەمان دوای كەوت‌و ڕایكردە ناو ڕووبارەكە، هاوسەرەكەم بۆ ڕزگاركردنی گەڕایەوە، بەڵام لەبری ڕزگاركردنی خۆیشی نقوم بوو، پێکەوە خنکان”.

پۆلیس پاش چەند كاتژمێرێك تەرمی ئەوانیانی دۆزییەوە. ئەم خێزانە دوو مانگ زیاترە سلڤادۆریان بەجێهێشتبوو بەهیوای گەیشتنە ئەمەریكا. میدیاکانی ئەمەریکای لاتین ئاماژە بەوە دەکەن بڵاوكردنەوەی وێنەی تەرمی ئۆسكار‌و ڤالریای كچی، گیان لەدەستدانی ئایلانی كوردی تەمەن سێ‌ ساڵە بیر دەخاتەوە كە ساڵی 2015 تەرمەکەی لەیەكێك لەكەنارەكانی توركیا دۆزرایەوە.

ئەم وێنەیە مایەی ڕق‌و توڕەیی هەزاران كەسە لەجیهاندا كە سیاسەتی ترامپ سەبارەت بەرێگرتن لە كۆچبەریی ئەمەریكا بەهۆكاری گیان لەدەستدانی ئەم باوك‌و كچە چارەڕەشە دەزانن.

 

ئەم ڕووبارەی نێوان مەكزیك‌ و ئەمەریكا بەهەمان شێوەی دەریای ئیجەی نێوان توركیا ‌و یۆنان بە كوشتارگەی هەزاران پەنابەر دادەنرێت.