تاریخ: ۱۳۹۸/۴/۲
بەیاننامەی لێژنەی داوەرانی دووەمین فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی هاژه

بێ‌گومان لە گەڵ بەرین‌تربوونی جیهان بەڕووی مرۆڤی مۆدێرن، ڕووبەرووی چکۆلەتربوونی پرسپێکتیڤەکان هاتووین؛ چیتر نابێ چاوەروانی سازبوونی ڕۆمانسێک بین کە تێیدا شازادەکان بە وردبینی و وردەکارییەکی زۆرەوە رێگەی دوورودرێژی پەیجووری و گەڕان ئەزموون دەکەن و دواجار لە گەڕانەوەیاندا دەگەن بە ناسینەوە (ئاناگنورسیس)ی جیهان و ئەزموونێک دەستەبەر دەکەن کە بنیامین وتەنی ڕابەری حێکمەتی مرۆڤ و کەڵەکەبوونی ئەندێشەکان بێت.

لە سەردەمێکدا کە جیهان تووشی بووە بە تووشی شەڕە کۆمەڵکوژەکان و پاشهاتەکانیشی وەک نێهلیزم و بێ هیوایی بە کەلان گێرانەوەکان؛ تووشی بووە بە تووشی سەرمایەدارییەکی مەسرەف‌خوزانە لە چەشنی گراندویل کە بۆتە هۆی لە ناوچوونی مەوداکانی نێوان فەرهەنگی ئاستی باڵا لە گەڵ فەرهەنگێکی ئابژێکتیڤ و خێڵەکی و هەروەها تووشی بووە بە تووشی هاتنەکایەی خێراییەکی ڕوو لە پەلەی شتەکان لە جیهانی دەرەوە و ناوەوە، چیتر نووسین ناچارە لە گوڕینی تەواو پێوەرەکانی پێشووی بۆ ئابسترە کردنی و وێناکردنی جوانیناسی. بێ گومان مینیمالیزم یەکێکە لە هەرە بەرچاوترین وەڵامەکان بۆ ئاوەها سەردەمێک. وەڵامێک کە پێمان دەڵێ "کەمیش تەنانەت زۆرە" و تۆ تەنیا دەرفەتی کەم‌وێژیت پێ بڕاوە و ناچاری لە داڕشتنی کۆتاییەک کە بتوانێ لەم جیهانە پڕ لە ئەزموونە بەرتەسک و هەژارەدا سەرنجەکان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت؛ کورت و لە ناکاو.

لە دۆخێکی ئاودا سازدانی زمانێکی پڕ لە خوازە و بەلاغەت و جوانیکاری و سەرکردن بە ناو جیهانی پڕ لە هەرا و تووڕەیی کارئەکتەرەکان نامومکین دەنوێنێ و هەرچی هەیە هەمان شتگەلی دەوروبەرمانە و هەرچی گێڕانەوەیە پۆختەیەکە لە هەمان شت و چاوەروانیشمان لە بەردەنگ کاریگەرییەکی کاتی و ڕاچڵەکێنەرە.

خۆشەویستان:

لەم کورتەمەجالە بۆ وێناکردنی ڕووداو و گێڕانەوە کە ئەندێشەی سەردەم ناوی لێ ناوە "مینیمالیزم"، ئێمەش وەک تەواو گەلانی جیهانی ناتوانین و نابێ نکۆڵی لە ئاراستەیەک بکەین کە لە گەڵ خۆی جۆرێکی دیکەی ژیان، دیتن و نووسینی بەرهەم هێناوە و ئەم فێستیڤاڵە دەرئەنجامی وەرگرتن و سەودایەکی لەو چەشنە لە گەڵ جیهانی گێڕانەوەیە. بێ گومان بەشداری و بە دەنگەوەهاتنی بەربڵاوی ٨٨ نووسەر بە ١٦٢ چیرۆکەوە نیشاندەری کەڵکەڵەیەکی گشتی بۆ گێڕانەوە و تاقیکردنەوەی توانستی خۆگێرانەوە لەو فۆڕمە نوێیەیە و لەمناوە هەوڵی ستافی بڕێوەبەر و هاوڕێیانی هاژە بۆ خەملاندنی ئەم ڕووداوە، هەنگاوێکی بەرز بۆ گەیشتن بە دوورنوێنێکی بەرینترە.

هاوڕێیان:

ئەگەرچی لە زۆربەی هەرە زۆری فێستیڤاڵەکانی لای خۆمان بەرهەمە بەشداربووەکان بەدەر لە واقیعی ئەدەبی سەردەم پێناسە دەکرێ، ئیمە لیژنەی داوەرانی دووهەمین فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی بە پێچەوانە لامان وایە کە ئەم کەشە لە بەشداری نمانەیەکی ڕاست و دروستی واقیعی نووسینی ئێستاکەی کوردییە و بە خوێندنەوەی بەرهەمە بەشداربووەکان دەکرێت نەخشەڕێیەک ئاراستە بکرێت لە هێرارشیەت، قۆناغەکان، مەوداکان و خەسارەکانی نووسینی چیرۆک لە ئێستای کوردستانی رۆژهەڵات.

بەو پێیە لیژنەی داوەران دوای خوێندنەوە و تاوتوێ کردنی ١٥١ چیرۆک لە کۆی ١٦٢ چیرۆکی مینیماڵ و نامینیماڵی بەشداربوو لە دوو قۆناغی جیاواز و لە مەودایەکی کەمی زەمانیدا بە پێی بەڕۆژترین فاکتەرەکانی خوێندنەوەی چیرۆک و ڕەچاوکردنی لایەنی داوەریی مینیماڵی، لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئەگەرچی لای هەندێک لە گێرانەوەکان ئەزموون و تاقیکاریی بەرچاو و داهێنەرانە هەست پێدەکرێت، بەڵام زۆربەی هەر زۆریان هەڵگری خەسارگەلێکن کە بەرەوڕووی کۆمەڵگای نووسین و گێڕانەوەی کوردین و پێویستە بە ئاماژەدان بە بەشێکیان، نووسەرانمان هان بدەین بۆ ناسیاوی لە گەڵ هەمان شت کە پێی دەوترێت "یاساکانی نووسین". خەسارگەلێک کە بریتین لە:

1- غەیاب و نەبوونی بنەمایەکی چیرۆکی و حەقایەتی سەرەتایی

٢- نائاشنابوون لە گەڵ سووژە و مێدیۆمی گونجاو بۆ چیرۆکی مینیماڵ

٣- نائاشنابوون لە گەڵ داڕشتنی پێکهاتەی گوزارە و فەنکشێنە سەرەکییەکان و خۆبواردن لە فەنکشێنی پارازیتی و وەسف‌گەرانە

٤- درێژەدادڕی و ناشارەزایی لە کەم وێژی و پۆختەکاری

٥- بەزاندنی یاساکانی گێرانەوە و فانتازیا و کەوتنەداوی نووسینی وتاری کۆمەڵایەتی

٦- لاوازی لە زمانی گێرانەوە و چۆنیەتی هەڵبژاردنی ڕاوێژەکان

٧- زاڵبوونی کەشێکی تەقلیدی و میکانیکی بە سەر نووسین و چۆنیەتی بە کار هێنانی تەکنیکەکانی گێڕانەوە

٨- بۆشایی کانوون و بەهرەوەرگرتن لە شێوەکانی کانوونی کردنی کەسایەتی و ڕووداو

٨- پێدانەچوونە و هەڵەچنی دووبارە و چەند بارەی چیرۆکەکان

خۆشەویستان

لە کۆتاییشدا وەک لیژنەی داوەرانی دووهەمین فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی بە باشی دەزانین لە پێناو باشتر بەڕێوەچوونی کۆڕەکانی داهاتوو و بەشداریی قەڵەمی لێهاتووتر و بەبڕشت‌تر چەند پێشنیاڕێکتان ئاراستە بکەین:

١- بەڕیوەبردنی کارگە و وۆرکشۆپگەلی تایبەتی و زانستی لە بواری مینیمالیزم

٢- بڵاوکردنەوەی بەرهەمە هەڵبژاردراوەکان لە رێگەی کتێب یان میدیا بەکۆمەڵەکان

٣- کردنەوەی نووسینگەی ساڵانەی مینیمالیزم بە ناوەندی مەهاباد

٤- ڕێزنان لە کەسایەتیگەلی پێشەنگی بواری مینیمالیزم لە گەڵ خوێندنەوە و تاوتوێ کردنی بەرهەمەکانیان

٥- کردنەوەی بەشی وتار و توێژینەوە لە بواری مینیمالیزم

 

سپاس بۆ ئامادەبوونتان

لیژنەی داوەرانی دووهەمین فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی هاژە

دوکتۆر محەمەد ڕەحیمیان، کاوان محەمەدپوور و ئەمجەد غوڵامی

ڕێکەوتنی ١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی- مەهاباد