تاریخ: ۱۳۹۵/۸/۳
محەممەد ڕەزا باهونەر: وڵاتی نوێی کوردستان واتا ئیسرائیلی دووەم!
بە پێ هەواڵی هاژە، سکرتێری جەماعەتی ئیسلامی ئەندازیاران و تەیفی ئوسولگەرا بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە وتی: پێکهاتنی وڵاتی نوێی کوردستان بەڕای ئێمە هەمان ئیسرائیلی دووەمە.
 ئەو بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە ماوەی ۲۰ ڕۆژی ڕابردوو دا وتی:بارودۆخی ناوچە و بە تایبەتی سووریا، عێراق و یەمەن گۆڕانکاری بێ وێنەی تێپەڕاندووە و زلهێزەکانی جیهانیش دژی یەکتر لێدوانی هەڕەشە ئامێز دەدەن.
 محەمەد ڕەزا باهونەر بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ڕووسیا لە ناوچە وتی: وا دیارە ئەوان بە نیازی وڵاتێکی نوێ لە ناوچەکەدان و ئەم بابەتە لە بارێکەوە باش دێتە بەرچاو، چونکه نیشان دەدات بەختەوەرانە ئەوان کۆتایی هاتنی تەمەنی داعشیان قبووڵ کردووە و ئەم بابەتە لە لایەن سەرۆک وەزیری ئیسرائیلەوە لەم دواییانەدا ئاماژەی پێدراوە.
 وتیشی: وا دیارە ئەم وڵاتە نوێیە کە ئەوان لەبەرچاویان گرتووە بە میحورییەتی کوردەکانەوەیە کە بە ئیرادەی خودا نایێتەدی! و بە ڕای ئێمە ئەم وڵاتە هەمان ئیسرائیلی دووەمە کە بۆ وڵاتانی دیکە وەک تورکیا کە ئایدیای پێکهێنانی دووبارەی ئیمپراتووری عوسمانیان هەیە قبووڵ نابێت، هەڵبەت ئێمەش پێکهێنانی ئەم وڵاتە قبووڵ ناکەین.
وتەکانی ئەم کەسایەتییە ئوسولگەرایە لە حاڵێکدایە کە کوردەکان و هێزی پێشمەرگە زیاترین دەوریان لە ئازاد کردنی ناوچەکان لە ژێر داگیرکاری داعش گێڕاوە و سەرۆکی هەرێمیش بەردەوام جەختی لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە سەربەخۆیی کوردستان لە سەر بنەمای دەنگ و بڕیاری خودی خەڵکی کورد بە متمانە بەخشین و پارێزگاری هێمنایەتی ناوچەکە دەبێت.
ڕوانین لە نەتەوە و دەسەڵاتی گەلی کورد وەک مەترسی و ناوزەد کردنی بە ئیسڕائیلی دووەم لە لایەن باهونەری ئوسولگەرا، نزیک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و جموجۆڵی ئەو جەریانە لە شارەکانی کوردستان و بە تایبەتی مەهاباد دەتوانی جێی تێڕامان و لێبورد بوونەوە بێت.