تاریخ: ۱۳۹۵/۸/۲
گۆڕانکاری پاش سەدەیەک سەقامگرتوویی
ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی)


کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی و واژۆکردنی چەندین گرێبەستی جۆراوجۆر؛ کێشانەوەی ئەو سنوورانەی لێکەوتەوە کە ئەگەری هەر چەشنە گۆڕانکارییەک تێدا چاوەڕواننەکراوە بوو. ئەم واگەیاندنە هەتا ڕادەیەک وەڕاست گەرا و سنوورە جوگرافیایییەکان لەم ناوچە گرینگ و ستراتیژیکەدا بە سەقامگرتوویی سیاسی گەیشتن. ڕژێمە نادیمۆکراتیکەکان لەسەر ناوی گرێبەستەکانی کە گەلانی دابەشی ناو سنووری دەوڵەت – نەتەوە دەکرد دامەزران و دواتر بەبێ گەڕانەوە بۆ ناو خەڵک و پشت گوێ خستنی داواکارییە ڕەواکانی ئەوان دەستیان لە هیچ توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەیەک نەدەپاراست.

وادیارە سەدەی ٢١ مزگێنیدەری سەدەیەکی زۆر جیاوازتر بەڵام لێڵتر بۆ گەلانی هەرێمی بێ. ئەمڕۆکە ئەمەریکا بۆ سەر لە نوێ داڕشتنەوەی سنوورەکان لە گۆڕی بەرژەوەندییەکانی دەستڕۆیشتوویی خۆی لەسەر ناوچە زاڵ کردووە و هاوکات تەواوی ڕژێمە نادیمۆکراتیکەکان لە جیهادییە ئیسلامییەکانی تاڵیبانەوە بگرە هەتا سەدام و قەزافی؛ چ لە ئاکامی دەست تێوەردانی چەکداری ئەمەریکا و چ بە هۆی ڕاپەڕینی گەلان تووشی داڕووخان هاتوونە. هەروەها، جیا لە سەرهەڵدانی یاریچییە نویەکان، هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لەهەمبەر داعش بە بەشداری هەر دوو بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دامەزراوە کە لە ئاستی خۆیدا ڕێککەوتنێکی مێژوویی و ڕووداوێکی کەم وێنە دەبێ لێکدانەوەی بۆ بکرێ.

سەرەڕای ئەوەی کە شڵەژاوی و توندوتیژییەکی بەربڵاو ناوچەی لە خۆ گرتووە بەڵام بە دوور لە جیاوازییە ڕامیاری و ئایینییەکان، پێداویستە لەم قۆناغەدا لەسەر تێگەیشتن و پێکەوە ژیان کە مێژوویەکی دەوڵەمەند و هاوبەشی هەیە، کار بکرێ. لەلایەکی دیکەوە، توندوتیژییەکی سیستماتیک کە یاریچییە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان لە دژی خەڵکی خۆیان بەکاری دەهێنن جێی تێڕامانە. ئەوان بێبەزەییانە ڕووبەڕووی هەرچەشنە دەنگێکی ناڕازی و ناڕەزایەتی دەربڕینک دەبنەوە و سەرکوتی دەکەن. بەواتایەکی دیکە، ئەم بابەتە نیشاندەری ئەوەیە کە شۆڕشەکان و تەنانەت هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆییش هیچ داپچڕان یا کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گەیشتن بە ئازادی و داواکارییە ڕەواکانی خەڵک دانەناوە.

ئەگەرچی عێراق، سووریا و هەتاڕادەیەک لیبیا و یەمەن بە لێواری سڕانەوە لەسەر خشتەی جوگرافیایی گەیشتوونە بەڵام بەشێکی دیکەش لە وڵاتان دەیانهەوێ ئەم شەڕ و ئاڵۆزییە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان ڕێوەبەرایەتی بکەن. ئاستی گۆڕانکارییەکان بە ڕادەیەک گشتگیرە کە بەراووردکردنی لەگەڵ پاشەکشێ کۆمۆنیزم یا داڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت هەڵە نییە. وەها دەردەکەوێ کە سەقامگرتوویی ڕژێمەکان بە دواخاڵی گەیشتووە و لە هەمبەر ئەوە، بەرچاوگەیەکی ڕوون لانیکەم هەتا ئێستا بەدی ناکرێ.

لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، هێشتا هیندێک لایەن و بزاڤی ئازادیخواز بە کردەوە نیشانیان داوە کە بۆ وەدی هێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و پێک هێنانی ژیانێکی باشتر دەستیان لە بەرخودان هەڵنەگرتووە. لەم نێوانەدا نابێ دەورگێڕانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی کەم بایەخ بزانین کە بەشێکی بەرچاو لەم بارودۆخە بە هۆی ڕامیارییە بەرژەوەندیخوازەکانی ئەوان ڕووی داوە. ئەگەرچی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان بە ڕوویەکی کراوە نزیکایەتی و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەم بابەتە کرد بەڵام دواتر لە قۆناغی هەستیاری ڕەوتی ئاشتیخوازنەی ڕامیاری بۆ سەقامگرتوویی دیمۆکراسی و دامەزراندنی ڕێکخراوە مەدەنی و دیمۆکراتیکەکان بێ هەڵوێستی خۆیان نیشان دا.

لەم ڕوویەوە، ئەم خاڵانە سەرەتای دەرکەوتنی قەیرانەکان بوون و بەم شێوازە ناوچە تووشی دۆخێکی ناسک و هەستیارە هاتەوە. جیاواز لە ئاستی کاریگەردانێری لایەنەکانی بەشداربووی ئەم ململانێیە، گرینگە کەمینە ئایینییەکان و گەلانی ئەم هەرێمە خەبات لە پێناو داهاتوویەکی باشتر چڕتر بکەنەوە و لە شوێنی پشتبەستن بە یاریچییە دەرەکییەکان کە ڕامیاری داڕزانیان هەڵبژاردووە؛ لەسەر پیکەوە ژیان داکۆکی و پێداگری بکەن.